تورکیا چیتر ناتوانیت خۆی لە چارەسەری پرسی کورد بدزێتەوە
عەدنان کەریم نووسەر و سیاسەتمەدار: "هێشتا تورکیا هەوڵدەدات خۆی لە چارەسەری ڕاستەقینەی پرسی کورد بدزێتەوە، بەڵام ئێتر ئەمە خەیاڵی خاوە بۆ تورکیا."
عەدنان کەریم نووسەر و سیاسەتمەدار: "هێشتا تورکیا هەوڵدەدات خۆی لە چارەسەری ڕاستەقینەی پرسی کورد بدزێتەوە، بەڵام ئێتر ئەمە خەیاڵی خاوە بۆ تورکیا."
لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)، عەدنان کەریم نووسەرو سیاسەتمەدار و چالاکوانی سیاسی چەپ، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتە ناڕاستەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەرامبەر بە کورد کرد و لەسەر پرۆسەی ئاشتی کە لە لایەن ڕێبەر ئاپۆەو دەستی پێکردووە و لە هەمان کاتدا کۆنگرەی یەککڕیزی و یەک هەڵوێستی کوردان کە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
دۆزی کورد یەکیک لە گەورەترین کەیسەکانی ناوچەکەیە'
عەدنان کەریم نووسەرو سیاسەتمەدار و چالاکوانی سیاسی چەپ، لە سەرەتای قسەکانیدا سەرنجی بۆ نزیکبوونەوەی تورکیا ڕاکێشا کە لە لایەکەوە ئەیەوێت سوود لەو بارودۆخ و بۆشایی سیاسییە وەربگرێت و بتوانی ڕەزایەت و پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش بەدەست بێنێت و وتی: "ئەگەر لە ڕەهەندێکی فراوانتری جیهان تەمەشا بکەین لە جەنگی غەزەو ڕووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد و پاشەکشێی حیزبەڵاو پاشەکشەی ئێران و لایەنگرەکانی لە ناوچەکەدا، پرسی کورد ئێستا خەریکە هاوکێشەیەکی تازە لە ناوچەکەدا شێوەدەگرێت و هاوکێشەکە لەلایەکەوە ئەمریکا و ئیسرائیلە و لایەکی دیکەوە ئێرانە، لەو لاشەوە ترکیا ئەیەوێت سوود لەو بارودۆخ و بۆشایی سیاسییە وەربگرێت کە بە پاشەکشەی ئێران پێکهاتووە، بە ئومێدی ئەوەی کە بتوانێت جێگای ئێران بگرێتەوە وەکو هێزێکی هەرێمی کاریگەر و بتوانێت ڕەزایەت و پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیلیش بەدەست بێنێت، بەڵام دیارە ئەمە ناکۆکیشی هەیە لەم ناوچەیە کۆمەڵێک کێشە و کەیس و گرێی گەورە هەیە، یەکیک لە گەورەترین کەیسەکان مەسەلەی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستانیان".
'کورد پێگەیەکی بەهێزی هەیە'
لە درێژەی قسەکانیدا عەدنان کەریم ڕایگەیاند، کە دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ کورد بەدی نایات، چونکە تاکە هێزە کە لە ڕێگەی دیموکراسی و شۆڕشەوە بوونی خۆی دەپارێزێت و ئاماژەی بەوەکرد: "ناکرێت باس لە دیزاین کردنەوە و ئارایش دانەوەی سیستەمی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت بەبێ چارەسەری پرسی کورد، لەم نێوانەدا کورد لە تورکیا و کورد بە تایبەتی لە ئێران پێگەیەکی بەهێزی هەیە، کورد تەنها هێزی دیموکراتییە و تەنها هێزی شۆڕشگێڕ و مەدەنییە کە لەناو هێزە سیاسییەکانی ئێران توانیەتی خۆی بپارێزێت توانی ناوچەی خۆی بەسەلامەتی بپارێزێت و پاشەکشە بە داعش بکات، بەڵام تورکیا خۆشی بە پێگەی بەهیزی کورد نایات، تورکیا بە چاوێکی زۆر خراپەوە تەمەشای ئەم دەستکەوتەی کورد دەکات، بەتایبەتی دەستکەوتەکانی یەپەگە و قەسەدە، تورکیا نایەوێت ئەو پێگەیان بگۆڕێت بۆ پێگەیەکی بەهێز لە سیستەمی سیاسی داهاتووی باشور لەگەڵ سیستەمی سیاسی لە سوریا دوای ڕووخانی رژێمی ئەسەد".
'دۆزی کورد بۆتە قورساییەک کە تورکیا ناتوانێت پێشی لێبگرێت'
لە درێژەی قسەکانیدا، عەدنان باسی لەوەشکرد کە پرسی کورد لە تورکیا بووەتە کێشەیەکی گەورە کە ئەردۆغان ناتوانێت نکۆڵی لێ بکات و ڕایگەیاند: "هەروەها لەلایەکی دیکەوە لەناو تورکیا بابەتی کورد بۆتە گرییەکی گەورە و چیدیکە ئەردۆگان ناتوانێت نکۆڵی لە دۆزی کورد بکات و پشتگوێ بخەن، دۆزی کورد بۆتە بابەتێکی ناوخۆی تورکیا بووتە مەیدانێک خەباتی خەڵکی تورکیا کە چاو لە دەستکەوتەکانی دەم پارتی و پەکەکە بکەن لە کوردستانەوە، لە ناوچەکەش قورسایی دۆزی کورد بۆتە قورساییەک کە تورکیا ناتوانێت پێشی لێبگرێت."
'تورکیا نایەوێت دۆزی کورد چارەسەر بکات'
عەدنان کەریم لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای کرد، تورکیا لەڕێگەی پرۆسەی بەناو ئاشتی هەوڵی بەدەستهێنانەوەی ڕەزامەندی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات، وتی: "تورکیا ئەیەوێت لە ڕێگەی بەناو ئاشتییەوە ئەم مەسەلەیە دامرکێنێتەوە و خۆی سەرکەوێت و بەڕاستی کێشەی دۆزی کورد چارەسەر نەکات، تورکیا نایەوێت دۆزی کورد چارەسەر بکات وە ناتوانێت لەبەرامبەری بوەستێتەوە بۆیە تورکیا هەوڵدەدات پێچێک بکات لە پرۆسەی بەناو ئاشتی تاوەکو ڕازیبوونی ئەمریکا و ئیسرائیل بەدەست بێنیتەوە، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل ئامادەنین ئەم کارتە بدەنە دەست تورکیا چونکە ئەمریکا و ئیسرائیل ساڵانێکی زۆرە هەوڵیانداوە پاشکشە بە ڕەوتێکی ئیسلامی شێعە لە ناوچەکە بکەن ئیستاش قەبووڵ ناکەن تورکیا وەکو ناوەندێکی ئیخوانی هەژموونی لەناوچەکە بەرفراون بکاتەوە و ببێتە دراوسێ ئیسرائیل و لە ناوچەکە دەستوەردان بکات".
'کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی هەنگاوێکی سەرکەوتوو بووە'
عەدنان کەریم نووسەرو سیاسەتمەدار و چالاکوانی سیاسی سەرنجی بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە کۆنگرەی یەکگرتوویی کورد کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، هەنگاوێکی ئەرێنی و بەنرخ بوو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد، و ڕایگەیاند: "پێم وایە لە داهاتووی ناوچەکە دۆزی کورد بەشێک دەبێت لە هاوکێشە سیاسییەکان، کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی یەک هەڵوێستی کورد کە لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجام درا هەنگاوێکی سەرکەوتووبوو تاوەکو کورد لە رۆژئاوای کوردستان بتوانن بە هێز و توانایەکی یەگرتوو و پێگەیەکی جەماوەری بتوانێت فشار لە حکومەتی سوریا بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی کورد، ئەمەش بۆ خەڵکی کورد و گەلانی دیکە دەستکەوتە و بە ئومێدێکی زۆرەوە تەمەشا دەکرێت، سەرەڕای بوونی هێزێکی شۆڤێنی عەرەبی بەهێز لەناو هەموو هێزە سیاسییەکانی سوریا بەڵام یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی دەتوانێت کورد بکاتە ڕەگەزێکی سەرەکی لە هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتووی سوریا و نەتوانن درێژە بە نکۆڵی لە بوونی کورد و مافەکانی بدەن".
'ئەو پێگەیەی پێشووی تورکیا نەماوە'
عەدنان ڕایگەیاند کە تورکیا لە قەیرانێکدا دەژی، لە لایەک لە قەیرانێکی ئابوری گەورەدا دەژێت و لە لایەکی دیکەوە بووەتە سەرچاوەی خراپەکاری و کێشە بۆ ناوچەکە، و ئاشکرای کرد:" سەبارەت بە دۆزی کورد لە ناوخۆی تورکیا، تورکیا لەژێر فشارێکی زۆرە و لەناوخۆ قەیرانێکی زۆری هەیە بەتایبەتی لە قەیرانێکی ئابوری گەورە دەژێت، لەلایەکی دیکەوە تورکیا ئەو پێگەیەی پێشووی لەلای ئەوروپاو ئەمریکاو ئیسرائیل نەماوە و ئومێدیان بە تورکیا نیە، چونکە تورکیا لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو سەرچاوەی کۆمەڵێ کێشە بووە لە ناوخۆی سوریا پەیوەند بە ئەوروپا، بۆیە پاشەکشە کردن و بەرتەسک کردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی تورکیا لە هاوکێشەکانی ناوچەکە بۆتە "واقیع" بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی".
'تورکیا هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە چارەسەری پرسی کورد'
لە کۆتایی قسەکانیدا، عەدنان کەریم نووسەرو سیاسەتمەدار و چالاکوانی سیاسی ڕایگەیاند، کە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی گرنگە بۆ ڕزگارکردنی تورکیا لەو قەیرانانەی کە تیدایە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا مانۆڕ دەکات بۆئەوەی پرۆسەی ئاشتی ڕوونەدات و پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، و گووتی: "پەیامەکەی ئۆجەلان لەم ڕاستیەوە دێت، کە پەیامەکەی ئۆجەلان هەوڵیکە بۆ سوود وەرگرتن لەو بارودۆخ و قەیرانانەی کە تورکیا پیدا تێدەپەرێت بۆ سەپاندنی داخوازییەکانی کورد، بەڵام دیارە هێشتا تورکیا هەوڵدەدات بە هەزار جۆرە مانۆر و پێج وپەنا خۆیان بدزنەوە لە چارەسەری ڕاستەقینەی پرسی کورد، وە لە ڕێگەی هاوکاری و خۆ نزیک کردنەوە لە ئەمریکا و ئیسرائیل و بەرەی رۆژئاوا تورکیا هەوڵی خۆدزینەوە دەدات لە چارەسەری پرسی کورد، بەڵام لە ناوخۆی تورکیا و ناوچەکە ئەمە خەیاڵی خاوە بۆ تورکیا کە بیەوێت خۆی لە چارەسەرکردنی دۆزی کورد بدزێتەوە".