مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداری لە بەرنامەی تایبەتی تەلەفزیۆنی میدیا هابەری کرد و وەڵامی پرسیارەکانی رۆژەڤی دایەوە.
'هەنگاوی کات کاتی ئازادیە'
قەرەسوو لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوی کات کاتی ئازادیە، کە ساڵێکە بەردەوامە و وتی:"دەمانەوێت ئەم هەنگاوە بەهێز بکەین و گەلەکەمان و ڕێبەری ئاپۆ ئازاد بکەین. بێگومان هەستیارییەکی گرنگ هەیە. لە چوار پارچەی کوردستان گەل بەشداری تێدا کرد."
قەرەسوو لە بەردەوامیدا وتی"ئەم هەنگاوە زیاتر بەهێزتر دەبێت. وا دیارە. بێگومان ئامانجی ئەم هەنگاوە شکاندنی گۆشەگیرییە، بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری ئاپۆیە. ئیتر ئازادی ڕێبەری ئاپۆ تەنیا کێشەی کورد نییە، تەنیا مەسەلەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین نییە، بەڵکو پرسی گەلانی جیهانە"
قەرەسوو ڕایگەیاند، کە ئەو هەنگاوە، تێکۆشانی دژی فاشیزمی خستووەتە بەرنامەی کارەوە و وتی"ئێستا هەموو کەس دەڵێت؛ ئاکەپە زۆر لاواز بووە، لە کەوتنیدایە. پێویستە دژایەتیی کۆمەڵایەتی لە دژی ئاکەپە گەورە بکرێت. هێزە دیموکراتییەکان، گەلی کورد، کرێکاران و ژنان، حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە قبوڵ ناکەن. ئەمە ڕوون و ئاشکرایە."
مستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، کە ئەو بەرخۆدانەی هێزەکانی گەریلا لە ٢٣ی نیسان لە دژی داگیرکاری دەستیان پێکرد، وەک بەشێک لە هەنگاوی 'کاتی ئازادی' بەڕێوەدەبرێت و وتی "حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە یەکلایەنە هێرش دەکاتە سەر کوردان و خەبات لە دژی ئەم دەسەڵاتە لە ڕووی سیاسی و سەربازی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە لەلایەن هێزە دیموکراتییەکانەوە بە زۆر شێوە بەردەوامە.
ئەم تێکۆشانە ئێستا دەبێت بە ئەنجامێک بگات، چونکە فاشیزم لە دژی ئێمە هەیە. ئەو هەموو دەرفەت و هێرشەکانی خۆی بەکاردێنێت. لە دژی ئەوەش بێگومان پێویستە هێزە دیموکراتییەکان، گەلی کورد هەموو دەرفەتەکانی خۆیان بەکاربهێنن و لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بەرخۆدان بکەن."
دەبێت هێرشەکانی سەر شەنگال چۆن هەڵبسەنگێنرێت؟
لە درێژەی قسەکانیدا، مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، تیشکی خستە سەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال و وتی"هێرشەکانی سەر شەنگال نوێ نین. دەوڵەتی تورک چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر شەنگال. نە عێراق و نە پەدەکە و نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە ئەمریکا کە کۆنترۆڵی ئاسمانی عێراق دەکات، ناڕەزاییان دەرنەبڕیوە. بۆیە هێرشەکان ئاسایی دەکرێنەوە. دەوڵەتی تورک بە ئاسانی هێرش دەکات. ئەم هێرشە بە مەبەستی بەزۆر پەرتکردنەوەی ئێزدیەکانە. بە زۆر قبوڵکردنی ڕێکەوتنی ٩ی ئۆکتۆبەری شەنگالە لە نێوان پەدەکە و عێراق، بە ڕوونی مانای ئەوەیە، یان ئێوە ڕێککەوتنەکە قبوڵ دەکەن، یان دەوڵەتی تورک بۆردومانتان دەکات.
پەدەکە و عێراق بەرهەڵستی ئەو هێرشانە ناکەن، ئەوا تورکیا بەکاردەهێنن بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنە. هێرشەکانی تورکیا وەک هەڕەشە بەکاردێنن. ئەمە ئەو شتەیە کە یەکەم بە مێشکی خەڵکیدا دێت. کازمی خۆی چەند ڕۆژێک بەرلە هێرشەکە وتبووی کە پێویستە ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکرێت. جێی شەرمە ئەو هێرشە کاتێک کازمی چووەتە ئەوێ ئەنجام درا. واتە عێراق دەبێت بەرامبەر ئەمە بوەستێت و ناڕەزایی نیشان بدات. سەرۆک وەزیرانێک دەچێتە شەنگال، شەنگالیش بەشێکە لە عێراق، بەڵام لەوێ بۆردومان دەکرێت. ئەمە هێرشێکی دەستبەجێیە بۆ سەر کازمی، سوکایەتی پێکردنە. ئەوە تەنیا سوکایەتیکردن بە شەنگالییەکان نییە، بەڵکو سووکایەتییە بە هەموو عێراقییەکان"
مستەفا قەرەسوو ڕایگەیاند، کە ڕوودانی هێرشێکی لەو جۆرە لە کاتی ڕۆیشتنی کازمیدا جدی بوو و وتی:"بێ هەڵوێستیی و بێدەنگیی سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دژی هێرشەکە دۆخێکی جدیترە ئەم بێدەنگییە مانای ئاساییکردنەوەی هێرشەکانە"
لە درێژەی قسەکانیدا، مستەفا قەرەسوو بە ڕێزەوە فەرماندەکانی یەبەشە سەعید حەسەن و قوربانیانی نەخۆشخانەی سکێنیێی بەبیرهێنایەوە کە لە بۆردومانی دەوڵەتی تورکدا شەهید بوون.
نزیکایەتی پەدەکە لە شەنگال
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە ڕایگەیاند، کە پێویستە ڕێبازی پەدەکە بۆ شەنگال هەڵبسەنگێنرێت و وتی "پەدەکە ئەو ئێزدیانە بە ئامانج دەگرێت کە سەرۆک ئاپۆیان خۆش دەوێت. وەک 'هێزەکانی دەرەوەی یاسا' ناویان دەبات. یەپەبەشە لە منداڵانی خەڵکی ئێزدی پێکهاتووە. لەلایەن هەپەگە، یەژا ستار، یەپەگەوە مەشقیان پێکراوە. هێزی خۆپاراستنی ئێزدییەکانە. کەواتە هێزی بەرگری چی کرد؟ شەنگالی لە دەستی داعش ڕزگار کرد. ئێستا پەدەکە دژایەتی ئەمە دەکات. ئێستا دەیان هەزار ئێزدی ڕزگارکراون لەلایەن ئەو هێزەوە. لە کامپەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکەدان. پەدەکە رێگە بە گەڕانەوەیان نادات. وەک ئەوەی لەوێ هێزێکی نایاسایی هەبێت! گوایە یەبەشە رێگە نادات. ئەوانەی ئێزدییان لە کۆمەڵکوژییەکە ڕزگارکرد. چۆن رێگری لە گەڕانەوە بۆ شەنگال دەکەن؟ ئەگەر ئێستا زیندوون ئەوە لە سایەی هەپەگە و یەپەگەن. ئێستا ئەو هێزانە تاوانبار دەکەن بۆ؟ چونکە ئەوان ڕێبەر ئاپۆیان خۆش دەوێت، هاوسۆزییان بۆ گەریلا هەیە. لەم ئاستەدا، نائەخلاقی نابێت!. بە دڵنیاییەوە ئەو هێزانەیان خۆش دەوێت کە لە کۆمەڵکوژی ڕزگاریان کردوون. بێگومان بە هاوسۆزیی لە ڕێبەر ئاپۆ نزیک دەبنەوە. ڕێبەر ئاپۆش پێش ئەو کۆمەڵکوژییە ویستبووی خاوەنداری لە ئێزدیەکان بکرێت. ئێزدیەکان ئاگاداری هەستیاریی ڕێبەر ئاپۆن سەبارەت بە ئێزدیەکان. دەزانن ئێزدیەکان چەند بەنرخن بۆ ڕێبەر ئاپۆ. ئێستا پەدەکە دژایەتی ئەمە دەکات. ئەمە بەس نییە، دەیانکاتە ئامانج بۆ دەوڵەتی تورک. بە وتنەوەی 'هەپەگە، پەکەکە لەوێیە، هێزە نایاساییەکان لەوێن' بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک بیانکاتە ئامانج، دەوڵەتی تورک دەشڵێت 'من لە ئێزدیەکان نادەم، لە کورد نادەم، لە پەکەکە دەدەم.' هێرشکردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی تاوانێکی گەورەیە، پەدەکە بێدەنگە. ئاشکرایە کە پەدەکە هاوبەشی ئەو هێرشانەیە. ئەگەر هاوبەش نەبێت با لەدژی هێرشەکان بووەستێتەوە."
'پێویستە پێگەیەک بۆ ئێزدیەکان بناسرێت'
قەرەسوو ڕایگەیاند، دەوڵەتان و وڵاتان لە دژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال بێدەنگن، پاشان هیچ پێناسەیەکیان بۆ ناسینەوەی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان نییە و وتی"ئەگەر باس لەوە بکرێت کە کۆمەڵکوژیی کراوە، ئەوا دەبێت پێگەیەک بناسرێت بۆ ئێزدیەکان. پێویستە ئێزدیەکان پێگەیان هەبێت. پێویستە ئێزدیەکان بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن. پێویستە ئێزدیەکان لەڕووی یاساییەوە بپارێزرێن. شەنگال ئێستا ناوەندی ئێزدییەکانە، هەموو رۆژێک هێرش دەکرێتە سەریان، بۆچی بێدەنگن؟ ئەمە بەڕاستی شەرمە. لەم ڕووەوە پێویستە ئەوروپا، ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی ڕاست بگرنەبەر.
بەرپرسیاریەتیی مرۆیی بەرانبەر ئێزدیەکان
هەموو کەس بەرپرسیارە لە پرسی ئێزدیەکان. مرۆڤایەتی بەرپرسیاریەتی لە بەرانبەر ئێزدیەکان هەیە. لە بەردەم چاوی مرۆڤایەتی هەوڵدرا کۆمەڵکوژ بکرێن.٥٠٠٠ ژن هێشتا دیلکراون. بۆچی ئەمە نابێتە رۆژەڤ؟ ئەگەر٥٠٠٠ ژنی ئەڵمانی،٥٠٠٠ ژنی بەریتانی،٥٠٠٠ ژنی ئەمریکی یان کۆمەڵگایەکی جیاواز لە لایەن داعشەوە بە دیل گیرابوونایە، ئایا نەدەبووە رۆژەڤ؟ ئایا رای گشتی خاوەنداری لێنەدەکردن؟ کە دێتە سەر ئێزدیەکان، پێویستە کورد بێدەنگ بێت! ئێمە لەوە تێگەیشتین کە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەپارێزن، بەڵام لانی کەم بەرژەوەندیەکانیان لە پرسی شەنگالدا وەلا بنێین. چەند هەزار کەسێک لەوێ ماون، هیچ نەبێت خاوەنداری لە یەکێک لە کۆنترین باوەریەکانی جیهان بکەن."
'پێویستە ئێزدیەکان هەمووان لە دەوری یەکتری کۆببنەوە'
قەرەسوو بەبیری هێنایەوە کە ئێزدیەکان زۆر جار کۆمەڵکوژ کراون و وتی"ئەگەر ئێزدییەکان هەوڵ بدەن، ئەوا خۆبەڕێوەبەریی و خۆسەریان قبوڵ دەکرێت. قڕکردن لەلایەن هەموو دەوڵەتەکانەوە قبوڵ دەکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانن زامنی خۆبەڕێوەبەری و خۆسەری بکەن. کەواتە ئەوان دەبێت بەڕاستی هەوڵ بدەن. هەروەها پێویستە یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن. ڕەنگە تێڕوانینی سیاسییان جیاواز بێت، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە کام حزبەوە نزیک بن، هەرکەسێ لە پەیوەندیدا بێت، پێویستە ئێزدیەکان جیاوازییەکانیان وەلابنێن و پێکەوە کۆببنەوە"
' پێویستی کورد بە تێکۆشانێکی گشتگیر هەیە'
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، لە بەردەوامی قسەکانیدا ڕایگەیاند، کە حکومەتی ئاکەپە – مەهەپە هەم دوژمنی کورد و هەمیش دوژمنی هێزە دیموکراتییەکانە و وتی "دوژمنی هەموو گەلی کوردە لە چوار پارچە دوژمنی هەموو هێزە دیموکراتییەکانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەو دوژمنی هەموو پێشکەوتنێکی دیموکراتییە . بۆیە دوژمنی ژنانە، دوژمنی دینامیکی دیموکراتییە، پێویستە کورد هەوڵوێستێکی هاوبەش نیشان بدات لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات، پێویستە هەوڵوێستێکی هاوبەش پیشان بدرێت بۆ ئەوەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە تێکبشکێنین، پێویستە کورد زیاتر هەوڵ بدات. پاراستنی دەستکەوتەکان لە ڕۆژئاوا و باشوور و پاراستنی چارەسەری کێشەی کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تێکشکاندنی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەکرێت. ئەگینا هیچ کام لە دەستکەوتەکانی کورد هەمیشەیی نابن. پێویستە هەموو کەس ئەمە بزانێت. دەبێت ڕۆژئاوا و باشوور و کورد هەمووی ئەمە بزانن. بۆیە پێویستە کورد هەموو هەڵوێستێک لە دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە بگرێتەبەر. پێویستی بە هەڵویستێکی هەمەلایەنە هەیە. ئەگەر کورد لەمە تێنەگات، ئەوا لە تەڵەدایە. لەبەر ئەوەی هەڵوێستێکی دابەشکراو نیشان دەدەن، لە تێکۆشان دژی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە لاوازی هەیە. ئەگەر کورد هەڵوێستی یەکگرتوو نیشان بدات، تەمەنی دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە کەم دەبێتەوە، بە خێرایی دەڕوخێت. ئەوان ئەم عەقڵییەتە بکوژە تێکدەشکێنن. ڕۆژئاوا، باشور، کورد لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەردەکەوێت. هەروەها رێگە بۆ چارەسەری دیموکراتیانە دەکاتەوە، بەڵام پێویستە ئەم دەسەڵاتە بڕوات"
'نابێت گەلی کورد قبوڵی بکات کە ئەفغانیەکان لە کوردستان نیشتەجێ بکرێن'
هەروەها مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە درێژەی قسەکانیدا پرسی ئەفغانستانی هەڵسەنگاند و وتی:"ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان ڕێککەوتووە. تاڵیبان هەندێک بەڵێنیان بە ئەمریکا داوە. بەم شێوەیە پاشەکشێ ڕوویدا. ئەمریکا دەڵێت ' با بکشێمەوە، با چین، ئێران، ڕووسیا مامەڵە لەگەڵ تاڵیباندا بکەن'. لەسەر حسابی تاڵیبان کە کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگای ئیسلامی هەیە، پلانێکی لەو جۆرەی بۆ دروست کردنی کێشە داڕشتووە. ئەمە ئەمریکایە کە تاڵیبانی دروست کردووە. بێگومان تاڵیبان یەکسەر نابێتە کێشە بۆ ئێران و ڕوسیا و چین. دەیەوێت خۆی بەهێز بکات، بەڵام بوونی تاڵیبان کاریگەری دەبێت. وەک جەژنێک بوو بۆ چەتەکانی دەوڵەتی تورک لە ئیدلب. لە زۆر ناوچە دۆخێکی بەو شێوەیە دروست بوو. هیچ کەس پێشبینی سەقامگیریی لەوێ ناکات. هێزەکانی دەوروبەری ئەفغانستان لە بنەڕەتدا دژی ئەمریکان. ئەمریکاش پێی واتە، مادام بەم شێوەیەیە، با تالیبانیش ببێتە کێشە بۆ ئەوان.
ئێستا ئاکەپە و ئەردۆغان بانگەشە بۆ تالیبان دەکەن. ئەردۆغان و تورکیا بناغەی داعشیان داناوە، تورکیا ئامادە کردووە. ئەوانەی کە بنەمای قاعیدە و ئەلنوسرە و ئەو جۆرە ڕێکخراوانە بەهێز دەکەن، بریتین لە حکومەتی ئاکەپە، ئەردۆغان... پەیوەندیان لەگەڵ تاڵیبان بە ڕاستی بەم شێوەیەیە. ئەو دەیەوێت سودی لێ وەربگرێت، هەروەها هانی ئەو جۆرە ڕەوتانە دەدات، کاتێک سوودت پێ دەگەیەنێت. پێویستە هەموو کەس ئەمە ببینێت. بە دڵنیاییەوە، ئەو شتەی کە پێشبینی دەکرد بەدەست نەهێناوە. ویستی فڕۆکەخانە بپارێزێت، کاتێک ئەوەی بکردایە، پارەی لە ئەمریکا وەردەگرت، بەڵام ئەوە نەبوو. ئێستا ئەو دەڵێت، 'من فڕۆکەخانە بەکار دێنم' وەک چەقەل بەدوای ئەوەدایە کە شتێک بەدەست بهێنێت. لەوانەیە بازرگانی مادەی هۆشبەر بێت.
لەلایەکی ترەوە پەنابەران دێن. سوود لەو پەنابەرانە وەردەگرێت. لە رێگەی پەنابەرانەوە هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات، هەوڵ دەدات پارەیان لێ وەربگریت. من دەمەوێت ئەمە لێرە بڵێم. پەنابەرەکان دێن. ئەو پەنابەرانە لە کوێ نیشتەجێ دەکرێن؟ ئەوان دەستبەجێ لە کوردستان جێگیر دەبن. کورد نابێت ئەمە قبوڵ بکات. بەڵێ، ئێمە دژایەتی پەنابەران ناکەین، بەڵام ناکرێت دەستبەجێ لێرە جێگیر بکرێن. نابێت ئەفغانییەکان لە گۆڕانکاری دیمۆگرافیدا بەکاربهێنرێن. بۆیە پێویستە کورد هەمووی هەستێتە سەرپێ. ئەو کوردانەی دەنگ بە هەپدە، ئاکەپە، جەهەپە و ئیی پارتی دەدەن، ئەو کوردانەی دەنگ بە حزبە کوردیەکان دیکە دەدەن، هەمووی لە بەرامبەر ئەو سیاسەتەدا بوەستنەوە. نابێت ئەوە قبوڵ بکەن. پێویستە رێگە نەدەن ئەفغانییەکان لە کوردستان نیشتەجێ بکرێن."
لێدوانەکەی بەشار ئەسەد لەسەر سیستم
مستەفا قەرەسوو، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لێدوانەکانی بەشار ئەسەدی لەبارەی سیستمی بەڕێوەبردنی سوریا هەڵسەنگاند و وتی"پێشوازیمان لەو لێدوانە ئەرێنییە کرد. ئێمە هانی ئەم جۆرە لێدوانانە دەدەین. بێگومان ئەم جۆرە لێدوانانە دەستبەجێ کێشەکە چارەسەر ناکەن، بەڵام گرنگە. پێویستە بە گرنگ سەیر بکرێت. بە بڕوای ئێمە پێویستە کوردانی ڕۆژئاوا و ئیدارەی ڕۆژئاوا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هانی ئەم لێدوانە بدەن. ئەمە زەمینەیەکی گرنگە. هیچ ڕێگایەکی تر نیە. کێشەکە لەناو سوریادا چارەسەر دەبێت. ئەمە مۆدێلەکەی ئەمڕۆیە. مۆدێلێک هەیە کە عەرەب و کورد و سوریان تێیدا هەمووی یەکگرتوون. ئەگەر گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە لە ئیدارەی ئێستادا بکرێت، ئەوا دەتوانرێت کێشەکە چارەسەر بکرێت"
قەرەسوو گوتی" ڕژێمی ئێستا ئەمە دەبینێت: هیچ گەڕانەوەیەک بۆ بەرلە ساڵی ٢٠١١ نییە. هیچ چارەسەرێک نییە. بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ڕژێم دەبێت هەندێک ڕاستی ببینێت و ڕاستییەکانی ئیدارەی ئێستای سوریا ببینێت و خۆی بگۆڕێت و لەگەڵ گەلی کورد و کۆمەڵگای عەرەبی و کۆمەڵگای سریانی ئاشت ببێتەوە و پرۆسەیەکی نوێ دەست پێ بکات. هیواخوازین ئەمە ڕووبدات"
ف.ق