قەرەیلان: ڕۆحی گیانفیدایی ١٥ی تەباخ ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستێکی بەهێزتر -٢-

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە: وەک هێزێکی ١٥ی تەباخ کە گەیشتووەتە ئەم ئاستە، شانازی بە سەرکەوتنەکانمانەوە دەکەین. لە گارە، زاپ و مەتینا ڕۆحی فیدایی ١٥ی تەباخ ئەمڕۆ هێشتا بەهێزە، هێشتا کاریگەرە.

موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بەبۆنەی ٣٧مین ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی تەباخەوە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد.

قەرەیلان بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ هەنگاوی ١٥ی تەباخ کرد:

هیچ پەیوەندییەکمان بە سوتاندنی دارستانەکانەوە نییە

ستراتیژیی دەوڵەتی تورک تواندنەوە و سڕینەوە و پاکتاوکردنی کوردە، بەڵام ستراتیژیەکەیان لە بەرامبەر هەڵمەتی ١٥ی تەباخ دا تێکشکا و ئەنجامی بە دەستنەهێنا. لەم شەش ساڵەى دوایدا لە ناو خۆیاندا هاوپەیمانییان دروستکرد، لە دەرەوە پشتیوانییان لێکرا، تەکنەلۆژیایان پێدرا و وتیان، ئێمە بە تەکنەلۆژیا سەردەکەوین. شەش ساڵە شەڕ دەکەن و لەوەشدا بێ ئەنجام بوون. بۆ ئەوەش ئێستا دەستیانکردووە بە برەودان بە شەپۆلی شۆڤێنیزم. دەیانەوێت چۆن لە ساڵانی ١٩٩١-٩٢-٩٣ دا لە ژێر ناوی بکوژ نادیاردا مرۆڤەکانی ئێمە و هاووڵاتییەکانیان لە شەقامەکاندا دەکوشت، ئێستاش بە شێوازێکیتر وەک کردار و بکەری ئاشکرا دەیانەوێت ئەو کارانە ئەنجام بدەن. یانی کەسێک دەنێرن، بۆ نمونە دەنیز پۆیراز شەهید دەکات، هەموو کەس بە ئاشکرا و روونی بینیی. لە قۆنیا رۆیشتن ٧ مرۆڤی ئیمەیان کوشت. ئەوانەى ئەو کارانە دەکەن کەسانی ئاسایی نین و لەلایەن فاشیزمەوە پەروەردە و راهێنانی تایبەتیان پێکراوە و پێگەیەندراون.

ئەو دوژمنە بەهۆی لاوازی و تەنگاویی خۆیەوە ئیدی دەستیکردووە بە پەلاماردانی هاووڵاتییانی ئاسایی کورد. بۆ ئەوەى هاووڵاتییانی کورد ناچار بکەن هەنگاو بۆ دواوە بنێن و بترسن بەو شێوەیە مرۆڤەکانمان دەکوژن، لە شەقامەکاندا گەلەکۆمەکییان لێدەکەن و بە کۆمەڵ هێرش دەکەنە سەریان و لێیاندەدەن. هەموو ئەوانە پلان بۆ دانراوە. وەک دەزانرێت ئەو هێرشانە تەنها لە ئیزمیر و قۆنیا روویان نەداوە، بەڵکو لەم سێ چوار مانگەى رابردوودا لە زۆر شوێندا هێرشکرایە سەر کوردان. تەنها لەبەر کوردبوونیش هێرشیان کردە سەریان. دەڵێن، 'ئێوە بۆ بوونەتە هەبوون، دەبێت ئێوە لە ناو بچن، ئێوە بۆ لە بەردەم ئێمەدا بوونەتە لەمپەر'. بەو شێوەیە بە کاردانەوەی بارگاویکراو و ئاراستەکراوی شۆڤێنیانە نزیک دەبنەوە. ئەوە وەک شەپۆلێکی فاشیزم بە ئەنقەست و ئاگاهییەوە لەلایەن ئەردۆغان و باخچەلییەوە پێشخراوە. ئەوانە بە ئەنقەست و بە پلان بۆ دانان دەکرێن و بۆ ئەوەیە کۆمەڵگە بترسێنن، سەرکوتی بکەن تاوەکو لەو رێگەیەوە بتوانن خۆیان سەربخەن. دەیانەوێت بەوانە رادەستیان بکەن و بیانکەن بە هی خۆیان، چونکە کاتێک مرۆڤیان رادەستی خۆیان کرد ئەو کاتە دەتوانن بیکەن بە هی خۆیان. ئێستا دارستانەکانیان دەسوتێن و دەڵێن، 'ئێوە سوتاندوتانە'، بەڵام ئێمە هیچ پەیوەندیمان بە سوتاندنی دارستانەکانەوە نییە. وەک بزووتنەوە هیچ پەیوەندییەکمان پێیانەوە نییە و وەک میللەتیش هیچ پەیوەندییەکمان پێیانەوە نییە، بەڵام ئەوان وەهای رادەگەیەنن. بۆ وای رادەگەیەنن؟ لەبەر ئەوەى خۆیان لە کوردستان بە ئەنقەست و بە پلان دارستانەکان دەسوتێنن. بۆ نمونە لە کوردستان ئەو هەموو دارستانەیان سووتاندووە، رۆژێک کەسێک بیستوویەتی کۆپتەرێک بۆ کوژاندنەوەى ئەو ئاگرانە هەستێت؟ بە پێچەوانەوە خەڵک کاتێک دەیانەوێت ئاگرەکان بکوژێننەوە ئەوان رێگرییان لێدەکەن. لەبەر ئەوەش ئەوان گومان دەکەن، کە دارستانەکانیان لەلایەن کوردەوە سوتێنراوە، بەڵام شتی وەها نییە. یانی ئەوان تاوانەکەى خۆیان دەزانن و لەبەر ئەوەش دەڵێن، ئەگەری هەیە وەها بێت و ئەوە هۆکارەکەى بێت. یانی بەو شێوەیە دەستنیشانی دەکەن و ئەوە دەکەنە پاساو و بەو پاساوە هێرش دەکەن. تووشی هەر گرفت و لەمپەرێک ببن، دەڵێن پەکەکەیە، تیرۆرە و دەڵێن کوردە. هەندێکجار دەڵێن، 'مەڵێن کورد'، چونکە دەیانەوێت کوردان بەرەو خۆیان رابکێشن و پاکتاویان بکەن. دەڵێن بڵێن، 'تیرۆرە' لەگەڵ یەکتر و لە ناو یەکتردا وەها دەڵێن. یانی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کوردان دەکەن و گوشارێکی زۆر زۆر لە دژی کوردان بەکار دهێنن.

راگەیاندنی تورک هەواڵی سەربازە کوژراوەکان بڵاوناکەنەوە

بۆ نمونە دەڵێن، ئێمە کۆتاییمان پێهێناون، لە ناو خۆیاندا بەوجۆرە قسە دەکەن. یانی دەیانەوێت لەسەر کوشتنی کوردان و ژمارەی کوشتنی کوردان هەموو کات هەواڵ و زانیاری بڵاوبکەنەوە، بە بەردەوامی کۆمەڵگە لە دژی کوردان هان دەدەن، بەو جۆرە دەجوڵێنەوە. ئەوان بۆ خۆیان ئەوە ناڵێن، بۆ نمونە ئێستا لە باکووری کوردستان شەڕ هەیە، تەنها هەواڵی شەهیدەکانی ئێمە بڵاودەکەنەوە. یانی دەڵێن، ئێمە ئەوەندە، یەک و دوومان شەهید کرد. لەوە زیاتر هیچ ناڵێن. ناڵێن چەند کەسیش لە خۆیان کوژراوە. ئەو چالاکییانەی ئەنجام دەدرێن، بڵاویان ناکەنەوە. من دەتوانم ئەو چالاکییانەى لەم یەک دوو هەفتەیەى رابردوودا روویانداوە ئێستا بۆ ئێوە باس بکەم. بۆ نمونە لە ٢٧ی تەممووزدا لە گەڤەر لە نزیک بنکەى سەربازیی وارگەنما چالاکییەکی زۆر سەرکەوتوانەى گەریلا ئەنجامدرا. بەرادەیەک سەرکەوتوو بوو چالاکییەکەمان پیرۆز کرد. بە لانیکەمەوە ٦ سەربازی تیادا کوژرابوون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوو بوون. خەڵکی گوندەکان بیستیان و بینییان. هەر خۆی سەرەتا ئەو زانیارییانەى بە راگەیاندنەکان نەدا. دەوڵەتی تورک لەسەر ئەوە هیچی وت، نا هیچی نەگوت. یانی نەیگوت رووداوێکیش روویداوە. هیچی نەگوت. دیسانەوە لە ٣٠ی تەممووز لە ناوچەى خۆزاتی دێرسیم لە سەر بنکەى سەربازیی ئامودکا چالاکی ئەنجامدرا. دوژمن کوژراوی هەبوو، بە کۆپتەر کوژراوەکانیان گواستەوە. هەڤاڵان راستەوخۆی لێیاندابوون، بەڵام ئەوان هیچیان نەگوت وهیچیان لەسەری بڵاونەکردەوە.

هەروەها لە ٥ی ئابدا دیسانەوە لە ناوچەى خۆزاتی دێرسیم و کاتێک لە بنکەى سەربازیی چاکماکلی دەستکرا بە بڵاوکردنەوەى سەرباز بە ناوچەکەدا، هەڤاڵان لێیاندان. گورزێکی گەورەیان لێدان، کوژراوی زۆریان هەبوو، لەوێ کوژراو و بریندارەکانیان گواستەوە. هەڤاڵان هەموو ئەوانە دەبینین و سەیریان دەکەن، بەڵام هەرگیز هەواڵ و لێدوانیان لەسەر بڵاونەکردەوە. دوایینجاریش لە ٦ی ئابدا لە گوندی شەمانوس لە ناوچەى شاخ لە وان وێستگەیەکی سوتەمەنییان تەقاندەوە و لە دوای ئەوەش ئەو سەربازانەى کە بۆ وێستگەکە رۆیشتن خرانە بۆسەوە و لێیاندرا و ١٠ سەربازییان کوژرا. ئەوەی گەریلا بە چاوی خۆی بینیویەتی و بۆی یەکلایی بووەتەوە ئەوەیە، بەڵام ئەوان هەرگیز باسیان نەکرد. بۆ؟ چونکە سولەیمان سۆیلو ماوەى چوار ساڵە هەر درۆ دەکات و دەڵێت، 'ئێمە پەکەکەمان لە باکوور کۆتایی پێهێناوە' بەڵام ئێستا پەکەکە لە باکوور لێیاندەدات، ئەگەر بڵێن، سەربازەکانیان کوژراوە، رای گشتی و خەڵک دەڵێن، 'باشە خۆ تۆ وتت، کۆتاییمان پێهێناون، نازانم وتت، تەنها ٢٠٠ کەس ماوە، ئەی بۆ ئەوانە روودەدەن؟'. یانی ئەگەر بڵاوبکرێنەوە درۆکانیان ئاشکرا دەبێت.

بۆ نمونە بابەتی بەشداربوون، گەنجانی کورد دەیانەوێت بەشدار بن، گەنجان هەندێک کەم ئەزموونن، بۆ ئەوەى بەشدار بن کۆدەبنەوە و دەکەونە رێ، بەڵام کامێرا هەیە، هەواڵگری هەیە، سیخوڕیان دروستکردووە، ئەوان لە رێدا دەگرن. ئەو هەموو کەسە لە رێدا دەگیردرێن. ئەوە نیشانی دەدات، کە هەوڵەکان بۆ بەشداربوون لە ریزەکانی گەریلادا لە ناو گەنجانی کورددا زۆرە. ئەوانیش لە دژی ئەوە دەزگای هەواڵگری و سیخوڕییان خستووەتە کار و بە بەردەوامی گەنجان دەستگیر دەکەن، بەڵام دەڕۆنە بەردەم کامێرای راگەیاندنەکان و دەڵێن، 'بەشداربوون نەماوە'. نازانم ئەوەندەیە و ئەم مانگە ئەوەندە کەم بووەتەوە. هەروەها ئاخۆ هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، کە ئێوە ژمارەی بەشداربوون دەزانن؟ کێ پێی وتون، کە ئەوەندەیە؟ بە کورتی هەموو شتێک بە پێی حەزی خۆیان رێکدەخەن و باسی لێدەکەن. راگەیاندنەکانیان خستووەتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و بەوەش کۆمەڵگە بە شۆڤێنیزم بەڕێوەدەبەن و هەمو چالاکییەکانی گەریلا، چالاکییەکانی گەلیش هیچ باس ناکەن و دەیانشارنەوە، یان ئەوەشی، کە باسی دەکەن پێچەوانەى دەکەنەوە. ئەو ئەنجامانە چین؟ ئەنجامەکانی تێکشکاندن و رووخانی سیاسیەتی ئاکەپە – مەهەپەیە، ئەنجامی تێکشکاندنی سیاسەتی داگیرکەرییە بۆ سەر کوردستان.

ئەوەی سۆیلو وتی، 'بە ئاسانی دەڕۆین بۆ عێراق' نیشانەى ئاستی داگیرکەرییە

بەڵگە و دیکۆمێنتی ئەو بانگەشەیەی دەوڵەتی تورک چیە، کە دەڵێت، تەنها بۆ پەکەکە هێرش دەکەنە سەر باشوور. بۆ ئەوە هیچ بەڵگەیەک هەیە؟ تەنها بەڵگە بانگەشەکانی دەوڵەتی تورکە. تورکیا وەک قسەیەکی تاکتیکی دەڵێت، 'ئێمە تەنها بۆ پەکەکە هاتووین. کێشەى ئێمە لەگەڵ پەکەکەیە' هیچ بەڵگەیەک، کە سەلمێنەری ئەو وتەیە بێت لە گۆڕێدا نییە، بەڵام بەڵگەى پێچەوانەى ئەو قسانە زۆرن. بۆ نمونە هاوپەیمانیی نێوان ئاکەپە – مەهەپە – ئەرگەنەکۆن و حیزبی وەتەن، کە بووەتە هۆی ئەوە هەموویان پێکەوە بن چییە، چی هەموویانی کۆکردووەتەوە و لەسەر چی کۆبوونەتەوە؟ ئەگەر لێرەدا یەکێک بە وردی سەیری بکات ئەوەى بۆ روون دەبێتەوە، کە تەنها بابەتەکە پەکەکە نییە، بەڵکو ئامانجیان هەموو دەستکەوتەکانی کوردە. یانی سیاسەتی دژایەتیکردنی کوردیان کردووە بە بنەما و لە چوارچێوەی ئەو بنەما و رێنماییە سیاسییەدا، کوردی ئازاد و پێگەى کوردیش بۆ ئەوانە مەترسییە. بەو جۆرەی دەبینین. بۆ نمونە پێشتر ئەردۆغان وتبووی، 'ئێمە لە باکووری عێراق هەڵەمان کرد، چاوپۆشیمان لەوە کرد، کە قەوارە و کیان دروست ببێت، ئێمە ئەو هەڵەیە بۆ سوریا، یان بۆ رۆژئاوا دووبارە ناکەینەوە'. ئەردۆغان تەنها یەکجار ئەو قسەیەی نەکرد، بەڵکو زۆر جار بە پێداگرییەوە ئەو قسەیە کردووە.

هەروەها ئەردۆغان مانگێک لەو پێش رەخنەى لە کلیچدار ئۆغڵو سەرۆکی جەهەپە گرت و وتی، 'تۆ لە میساقی میللی چی تێدەگەیت؟ تۆ رەخنە دەکەیت، کە بۆ ئێمە رۆیشتووین بۆ سوریا، بۆ دەرۆین ۆ عێراق. تۆ لە میساقی میللی چی تێدەگەیت؟ یان وتی، 'ئامانجی میساقی میللی پیرۆزمان هەیە و تۆش لەوە دووریت، لەوە تێناگەیت'. ئەو رەخنانەى لێگرت. ماوەیەکی کورتیش لەوە پێش سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆ هات بۆ شرنەخ و لەوێ چیی وت؟، وتی، 'هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا لێرەوە بە پێ بڕۆین بۆ عێراق، لەوێیەوە بە پێ بڕۆین بۆ سوریا'. یانی وەک ئەوەى چۆن لە شارێکی تورکیاوە دەڕوات بۆ شارێکی تر دەیانەوێت بە ئاسانی بە پێ بڕۆن بۆ عێراق و سوریا و وەهای وت. ئەوە شتێکی وەها نییە، کە لە ناکاو لە دەمی دەرپەڕیبێت. دیارە دەیانەوێت پەیامێک بخەنە رۆژەڤ، چونکە هەر ئەو کەسە لە دوای ئەوە رۆیشت بۆ عەفرینی داگیرکراو. لە عەفرینیش هەمان شتی وت. یانی رۆیشت بۆ عەفرین، کە پاکتاوکاریی تیادایە، لەوێ راوەستا و لەوێش هەمان شتی وت. هەموو ئەوانە بە بەڵگەن. باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا ماوەیەک لەوە پێش هەندێک شتی وت و باسی هەمان ئەو شتانەى دەکرد. ئێستا گفتوگۆی 'رێککەوتنی لۆزان لە ١٠٠هەمین ساڵدا کۆتایی پێ دێت، ئیدی دەبێت رێککەوتنی لۆزان کۆتایی پێ بێت و ئێمە میساقی میللی بگرین، چونکە ناهەقیمان بەرامبەر کراوە' دەکرێت. لەو بابەتەدا، لە رێککەوتننامەى لۆزان دا لە هیچ یەک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەدا هیچ شتێکی وەها نەنووسراوە و نییە؛ تەمەنی سەد ساڵە، بەڵام ئەوان بەو شێوەیە لێکدانەوەى بۆ دەکەن. ئیلبەر ئۆڵتای ناودارترین پرۆفیسۆری مێژووزان لە تورکیا دەڵێت، بەپێی یاسا جیهانییەکان رێککەوتننامەیەکی نێونەتەوەیی، کە بگوترێت تەمەنی ١٠٠ ساڵە، دەبێت لایەنێک لە دژی بوەستێتەوە و بڵێت، ئێمە سەرلەنوێ ئەو رێککەوتنە رێکدەخەینەوە و بەوە ئەو رێککەوتنە کۆتایی پێ دێت. ئێمە دەزانین ئێستا زۆر لایەنی ئەکادیمی و هەموو نووسەرانی تورکیا ئەو شەپۆلە شۆڤێنییە دەکەنە رۆژەڤ و دەڵێن، دوای ١٠٠ ساڵ کە تەواو دەبێت، دەبێت ئێمە رێککەوتننامەى لۆزان بەرفراوان بکەین. ئێستا ئەگەر ئێمە بەو شێوەیە باسی بکەین هەڵەیە، ئەوە تابۆی تورکیایە و ئیدی هەڵناوەشێتەوە و تەواو. لایەنێکی تورکیا وەها دەڵێت، بۆ نمونە لایەنی کەمالیست دەڵێت، 'سەرکەوتووە'، بەڵام هەر ماوەیەک لەو  پێش ئەردۆغان وتی، 'لۆزان سەرکەوتو نییە'. یانی دەڵێت، 'لۆزان ناهەقییە بەرامبەرمان کراوە، میساقی میللی مافی ئێمە بوو، لە دەستمان دەرهێنرا'. ئەو ئێستا ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکات.

گەریلا ٤٠ ساڵە لە چیاکان شەڕ دەکات، باشە هیچ خاتری نییە؟

بۆ لە بەعشیقە ناکشێنەوە؟ بۆ هەوڵ دەدەن تورکمانەکان لە کەرکوک و ناوچەکانی تر زەق بکەنەوە و رێکخستنیان بۆ بکەن، چونکا حساباتیان هەیە. یەکێک ئەوە نەبینێت، دەبێت لە رووی سیاسییەوە کوێر بێت. کاتێک ئێمە ئەوە دەڵێین، ئەوە بۆ ئەوە نییە، کە ئێمە قسە و تۆمەت بۆ تورکیا هەڵببەستین، یان بۆ ناشیرینکردنی تورکیا نایڵێن، بەڵکو ئێستا راستییەکە ئەوەیە. من لەو بڕوایەدام لە باشووری کوردستان تەنها پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) نییە، بەڵکو هەموو حیزبەکانی تریش هەن و خاوەنی بەرپرسیارین و چاودێری دەکەن. هەروەها رێکخراوە مەدەنییەکان هەیە، گەلەکەمان هۆشیارە و پێش هەموو شتێک چاودێری قۆناغەکە دەکات. زۆر جاریش لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە لێدوان دەدرێت. ئێستا تورکیا لە ژێر ناوی پەکەکە دەیەوێت بناغەى سیاسەتی خۆی بۆ میساقی میللیی عوسمانی بەرەوپێش ببات. ئەگەر پەکەکە نەبوایە ئەو پاساوێکی تری بۆ خۆی دروست دەکرد. ئەوەتا بۆ قوبرس پاساوی دروستکرد و وتی، 'لەوێ ناهەقی لە تورکەکان دەکرێت و زوڵم هەیە' دەستوەردانی لە قوبرس کرد.

دەتوانێت بە هەمان شێوە بۆ تورکمانەکان لە کەرکوک ئەوە بڵێت و ئەوە دووبارە بکاتەوە. بۆ نمونە بڵێت، 'لەوێ زوڵم هەیە، ناهەقی هەیە، دەبێت من دەستێوەردان بکەم' یانی دەتوانێت پاساو بۆ خۆی بهێنێتەوە و پاساو دروست بکات، بەڵام ئێستا دەوڵەتی تورک ئەوە دەبینێت، کە باشترین پاساو بۆی پەکەکەیە و بۆ ئەوەى ناکۆکی لە نێوان کورداندا دروست بکات ئەوە دەڵێت. راستە ئامانجی یەکەم و سەرەکیی پەکەکەیە، بەڵام ئامانجەکەى تر و دووەمی دەستکەوتەکانی گەلی کوردە. حساباتی بۆ باشووری کوردستان هەیە. کەس ناتوانێت ئەو راستی و حەقیقەتە و ئەو نیازە خراپ و قێزەونەی تورکیا پەردەپۆش بکات. پێویست ناکات کەس رووی تورکیا سپی بکاتەوە. ئەوان ناشڵێن، پەکەکە، دەڵێن، تیرۆر، واتە بە هەموو کوردان دەڵێن، تیرۆر. شتێکی تریش هەیە، بۆ نمونە دەوترێت، 'با پەکەکە لێرە بڕوات' خۆی تورکیا هەر ئەوەى دەوێت و ئەوە دەڵێت. پەکەکە ٤٠ ساڵە لێرەیە، ٣ هەزار شەهیدی باشووری هەیە، ئەو ماوە زۆرە لێرەیە. یانی بەپێی یاسای ئەوروپا کەسێک ٥ ساڵ لە وڵاتێکی ئەوروپیدا بمێنێتەوە مافی ئەوەی هەیە ببێت بە هاووڵاتی. یانی تا ئێستا هیچ نەبووین بە هاووڵاتی؟ ئەوە چۆن دەبێت؟

    رێزمان بۆ یاساکانی حکومەتی هەرێم و سیستمەکەی هەیە. ئێمە بە دەیان جار ئەوەمان وتوە و دەیڵێین. ئێمە هیچ شتێکی ئەوانمان خراپ نەکردووە. ئێمە هەموو کات بڕیاری رێزگرتن لە حکومەتی هەرێممان هەبووە، بەڵام راستییەکی کوردستانیش هەیە. ئێمە کوردستانمان نەکردووە بە چوارپارچە. کوردستان چوارپارچەیە. لە سەر سنوورەکان هەموو کات جوڵە و بزووتنەوەى شۆڕشگێڕی دروستبوون. لە کاتی خۆیدا ئەوانەى باشووریش لە باکوور و رۆژهەڵات دروستبوون. ئێستاش هەیە. دەبێت رێزیش لەوە بگیردرێت. وا نییە؟ ٤٠ ساڵە ئەو گەریلایانە لە سەر چیاکانن. یانی لەسەر رێگاکان و چیاکانن نەک لە گوندەکان. لەسەر چیاکاندان. یانی دەبێت هەر بڕوات بۆ ئەو شوێنە دوور و سەختانە و لەوێش دەریان بکات؟ ئەی باشە لێرەدا هیچ شتێکی نەتەوەیی نییە؟ یانی هیچ جێیەکی نەتەوەییان نییە؟ من لەو بڕوایەدام هەموو سیاسەتمەدارانی باشووری کوردستان، خەڵکەکەمان لە باشووری کوردستان ئەوە ناڵێن و ئەوەیان ناوێت، بەڵکو ئەوەیان دەوێت و دەیبینن. یانی ئەو وتەیە 'تورکیا تەنها بۆ پەکەکە هاتووە، ئەگەر بڕوات تورکیاش دەڕوات' ئەو قسەیە راستییەکەی چییە و ئەوە چۆنە، هەموو کەس راستییەکەی دەزانێت. باشە ئەگەر ئێستا ئێمە بڕۆین، تورکیا دەڕوات؟.

ژ.ت