ناوەندی ڕاگەیاندنی قەسەدە سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بۆ سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و دێرحافر ئەم زانیارییانەی بڵاو کردەوە:
"دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دوێنێ (هەینی) هێرشە درندانەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پەرە پێدا، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک زنجیرە هێرشێکیان لە دەوروبەری بەنداوەکە ئەنجامدا. لە هەمان کاتدا ناوچەی دەوروبەری بەنداوەکە، بەتایبەتی شوێنەکانی کرێکاران، بە چڕی تۆپباران کرا. لە ئەنجامدا زیانی ماددی گەورەی لێکەوتەوە.
هەروەها گوندەکانی خەسەق و تینا لە دەوروبەری پردی قەرەقۆزاق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بۆردومان کران. هەروەها گوندەکانی تینا، جادا، بیر حسۆ، دیکان، سننا، گردەکانی سێڤێ و قەرەقۆزاق بە تۆپ هاوێژ، تانک و مووشەک، تۆپباران کران. تۆپبارانەکە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵکی خەڵکی مەدەنی ئەو شوێنانە گەیاندووە.
هەروەها لە بەرەی دێر حافر؛ بەدرێژایی ڕۆژ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕانەوە."