راگەیاندراوی یەرەکە لەبارەی بۆردومانەکانی پێنجوێن و شارباژێڕ

یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک لە ٢٤ی ئاب دا بۆ سەر ناوچەکانی پێنجوێن و شارباژێڕ رایگەیاند، "دوژمن لە بەرامبەر گەریلادا تێککشاوە و دەیەوێت تۆڵە لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان بکاتەوە".

یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەکانی پێنجوێن و شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی، کە بووە هۆی زیان گەیاندنی زۆر بە باخ و باخچە و بێستانی دانیشتوانی ناوچەکە، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

راگەیاندراوەکەى یەرەکە

"دەوڵەتى تورکی داگیرکەر، لەم مانگانەى دوایدا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر بزووتنەوەى ئازادیی زیاتر کردووە، هەر چەند بزووتنەوەی ئاپۆیی وەک بیانوو و پاساو بۆ هێرشەکانی نیشان دەدات، بەڵام لە بنەڕەتدا هێرشەکانی خۆی بۆ سەر هەر چوارپارچەى کوردستان لە دژی گەلی کورد بەڕێوەدەبات. بە بەرچاوی دونیاوە، هێرشی کردە سەر شەنگال و رۆژئاوا، هەروەها هێرشی داگیرکردنی باشوور بەبێ سنوور بەڕێوەدەبات.

لە مانگی ئابدا دەیانجار فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی چاودێری و فڕۆکەى جەنگی بە ئاسمانی ئاسۆس دا سوڕاونەتەوە. هەروەها لە ١٠ی ئابەوە بە بەردەوامی فڕۆکەى چاودێری بە ئاسمانی ناوچەى پێنجوێندا دەسوڕایەوە. لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢١دا و لە کاتژمێر ٣:٠٠ دا و لە پێش گزنگی بەیانییەوە فڕۆکەی چاودێری دووبارە دەستیان کرد بە سوڕانەوە بە ئاسمانی پێنجوێندا و لە کاتژمێر ٦:٣٠ تاوەکو ٧:٣٠ فڕۆکە جەنگییەکان بە بەردەوامی چەندین شوێنی پێنجوێن، کە کاری کشتوکاڵییان تیادا دەکرا و گوندیان تیادایە، بە شێوەی هەڕەمەکی بۆردومانیان کردن.

لە ئەنجامی ئەو بۆردومانانەدا ئێمە هیچ زیانێکمان پێنەگەیشت. ئەو هەواڵانەى دەوڵەتی تورکی فاشیست بڵاویکردوونەتەوە هیچیان راست نین. هێزەکانمان لەو هێرشانەدا هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە، بەڵام زیانێکی ماددیی زۆر بە گەلەکەمان لە پێنجوێن گەیشتووە. هەر خۆی ئەوان بە ئەنقەست و هۆشیارییەوە شەڕی خۆیان بۆ دوژمنایەتیکردنی کورد بەڕێوەدەبەن. دوژمن، کە لە بەرامبەر گەل و گەریلا تێکشکاوە، دەیەوێت تۆڵەى خۆی لە گەلە وڵاتپارێزەکەمان بکاتەوە، بۆیە چەندین زەوی و باخچەى گەلی کردە ئامانج و لە ئاکامدا زیانی ماددیی لێکەوتەوە.

دەوڵەتى تورک هەوڵ دەدات وای نیشان بدات، کە لە شوێنی هێزەکانی ئێمەی داوە، بەڵام وەک هەموان لە ڤیدیۆکان و وێنەکاندا بینیان، تەنها باخ، بێستان و زەویی کشتوکاڵی گەلەکەمان کراونەتە ئامانج و ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، کە دەوڵەتی تورکی فاشیست دوژمنایەتیی خۆی بەرامەر بە گەلەکەمان لە چ ئاستێکدا بەڕێوەدەبات. بە تایبەتی هەم لە شارباژێر و هەم لە پێنجوێن گەل لە جموجوڵ و سوڕانەوەى فڕۆکە چادێرییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست نیگەرانن و بە هیچ شێوەیەک ئەو دۆخە قبوڵ ناکەن.

 گەلەمان باش دەزانێت کە ئەو دەوڵەتە فاشیستە دەیەوێت ترس و خۆف دروست بکات تاوەکو دانیشتوانی ناوچەکە دەست لە خاکی خۆیان هەڵگرن. بە تایبەتیش گەلەکەمان لە باشوور دەیانەوێت بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و بزانن، کە ئەمڕۆ ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە دەیەوێت هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناوببات و کوردستان داگیر بکات.

بابەتێکی تریش بە تایبەتی هاوپەیمانی و رێککەوتنە لە نێوان هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان دا، پێش ئەوەى هێرشی سەر شەنگال، پێنجوێن و سلێمانی رووبدات، کازمی لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانی داگیرکەر و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر قسەی کردبوو و دوای ئەوە ئەو هێرشانە روویاندا. ئێمە ئەو هێرش و پەیوەندییانە بە شتێکی مانادار دەزانین.

ئێمە وەک هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیستەوە هێرش دەکرێتە سەرمان، چونکە کێشەى ئەو دەوڵەتە فاشیستە تەنها باکوور و پەکەکە نییە، بەڵکۆ ئامانجی هەموو گەلی کوردە و هێرشەکانی ئەمدواییە بۆ سەر پێنجوێن جارێکیتر ئەوەی سەلماندەوە، کە لە هەر شوێنێکی جیهان کورد هەبێت و بیەوێت بە مافەکانی خۆیەوە بژی، ئەو دەوڵەتە فاشیستەى تورک دوژمنایەتییەکی بێسنووری بەرامبەر دەکات. هێرشەکانی ئێستا لەسەر ئەو بنەمایە و لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەدەبرێن.

 ئێمە لەو بڕوایەداین گەلەکەمان لە سلێمانی بە تایبەتیش گەلە وڵاتپارێزەکەمان لە پێنجوێن بە باشی لەو نزیکایەتی و هەڵسوکەوتەی تورکیای داگیرکەر تێگەیشتوون و زۆر باش دەزانن، کە ئەو هێرشانە، هێرشن بۆ پاکتاوکردنی گەلی کورد و بەو هێرشانە دەیانەوێت گەلەکەمان بترسێنن و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشوور لە ناو ببەن. ئەو یاری و گەمانەى بەڕێوەدەبرین بە روونی لە بەرچاون و هەرگیز گەلەکەمان بەو یاری و گەمانە فریوناخوات.  

ئێمە وەک هێزەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هێرشانەى دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر خاکی کوردستان دەبینین و ئێمە هەرگیز ناهێڵێن بەبێ وەڵام بمێنێتەوە و بۆ ئازادیی گەلەکەمان هەر فیداکارییەک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین. تاوەکو ئێمە ئەو داگیرکەرانە تێکنەشکێنین، ئازادیی رێبەرەکەمان، گەل و خاکی خۆمان مسۆگەر نەکەین، ئێمە ئەو تێکۆشانەمان بە بەردەوامی بەڕێوەدەبەین".

ژ.ت