تاژێ نامەیەکی ئاراستەی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد

تاژێ نامەیەکی بۆ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەوانە کرد و داوای کرد عێراق هێزەکانی لە شەنگال بکشێنێتەوە و دەستبەجێ شەڕڤانانی یەبەشە ئازاد بکات.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی ئازادیی ژنانی ئێزدی(تاژێ) نامەیەکی ئاراستەی لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد.

تاژێ لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گرژییەکانی شەنگال کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی شەنگال دەبێت. بۆیە دەبێت دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر ئێزدییەکان بوەستێندرێت و ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێبێت، حکومەتی عێراقیش دەبێت ڕێز لە هێزەکانی بەرخۆدانی شەنگال بگرێت.

تاژێ لە نامەکەیدا وەبیری هێنایەوە کە لە٨ی ئابی ٢٠١٤ شەنگاڵ بۆ ٧٤ـەمین جار ڕووبەڕووی فەرمانی کۆمەڵکوژی بووەوە و ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا کە خیانەت لە کۆمەڵگای ئێزدی دەکرا، حکوومەتی عێراقیش پشتی لە کۆمەڵگای ئێزدی کرد و نەیپاراست. هێزەکانی یەبەشە و یەژەشە کە لە کچان و کوڕانی شەنگال پێکهاتوون، لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا بەرخۆدانێکی شکۆمەندیان نیشان دا و بەرگرییان لە خاک و گەلی شەنگال کرد دژی داعش. بە بەدیلێکی زۆرەوە هێرشەکانی داعشیان تێکشکاند و کەرامەتی هەموو عێراقیان پاراست."

تاژێ لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە ١٨ی ئادار سوپای عێراق هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی یەبەشە لە ناوەڕاستی شەنگال ئەنجامدا و لە ئەنجامدا ٣ شەڕڤانی یەبەشە برینداربوون. دواتر هێزێکی زۆر لە شارەکەدا جێگیرکراون و ڕایدەگەیەنێت: "ئەم دۆخەی ئێستا مەترسی لەسەر هاوڵاتیانی مەدەنی دروستکردووە. لە هەمان کاتدا جێگیرکردنی سوپای شەڕ لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا پێچەوانەی یاسا نێونەتەوەییەکانە. زیاتر لە ١٠ساڵە بەسەر فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا تێپەڕیوە. بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق دان بە کۆمەڵکوژی گەلی ئێزدییدا نەناوە."

تاژێ جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لەلایەک حکومەتی عێراق بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ ئازادکردنی ئەندامانی داعش کە لە شەنگاڵ جینۆسایدیان ئەنجامداوە، دەردەکات و لەم لاشەوە سوپای عێراق هێرش دەکاتە سەر ڕۆڵەکانی ئەو ئێزدیانەی شەڕی داعشیان کرد و ناوچەکەیان ڕزگارکرد. تاژێ بەبیری هێنایەوە کە یەبەشە و یەژەشە لە ماوەی ١٠ساڵی ڕابردوودا ناوچەی شەنگالیان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە مەترسییەکان پاراستووە، لەبری ئەوەی حکوومەتی عێراق دان بەو هێزەدا بنێت، بەداخەوە هێرش دەکاتە سەری.

تاژێ باسی لەوەشکرد، کە برینی کارەساتی ٧٤ـەمین فەرمانی کۆمەڵکوژی لە نێو ژنان، منداڵان و کۆمەڵگەی ئێزدیدا هێشتا هەر تازەیە و دەڵێت: "بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێزدیی هێشتا ئاوارەن، بەهەزاران هاوڵاتی ئێزدیی هێشتا لە دەستی داعشدان و چارەنووسیان نادیارە. ئێمە وەک ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگەی ئێزدی، چیتر نامانەوێت لەسەر خاکەکەمان خوێن بڕێژرێت و کەسیش زیانی پێ بگات."

بۆیە تاژی لەبەر ئەم هۆکارە، بەساڵانە بۆ ژیانێکی ئازاد، ئارام و ئاشتیانە تێدەکۆشێت و داوا لە دەسەڵاتداران دەکات "پێویستە ئەو شەڕڤانانەی یەبەشە کە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستبەسەرکراون، ئازاد بکرێن. هەروەها پێویستە ئەو هێزەی سوپای عێراق لەناو خەڵکی مەدەنی شەنگال بکشێنەوە و کۆتایی بەو دۆخە ئاڵۆزە بهێنرێت."