ئاگری نەورۆز لە قەڵادزێ، سلێمانی و کەرکوک کرایەوە

گەلی باشووری کوردستان لە قەڵادزێ، سلێمانی و کەرکوک کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان کردەوە و لە دەوری ئاگرەکە سەمایان کرد. گەل داوایانکرد نەورۆز ببێتە هۆی یەکڕیزی و یەکێتی گەلی کورد.

گەلی باشووری کوردستان لە قەڵادزێ، سلێمانی و کەرکوک بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو پیری جەژنی نەورۆز چوون و پیرۆزباییان لە یەکتر کرد.

قەڵادزێ

لە کاتەکانی ئێوارەدا لە ناوچەی قەڵادزێی سەر بە ڕاپەڕین بە پێشەنگایەتی سەرۆک شارەوانی ڕاپەڕین، ئاگری نەورۆز لە گردی حوسنی کرایەوە.

لە میانەی پیرۆزباییەکەدا نوێنەری زۆربەی حیزب و لایەنەکان و گەلی ناوچەکە، بە جلوبەرگی کوردییەوە، ئاگریان کردەوە و نەورۆزیان پیرۆز کرد.

هاوڵاتیانی ئامادەبووی مەراسیمەکە ڕایانگەیاند: "هیوادارین ئەم نەورۆزە ببێتە هۆکاری یەکگرتن و یەکێتی گەلی کورد، چارەسەری هەموو قەیران و کێشەکانی گەلی کورد."

سلێمانی

هەروەک نەریتی ساڵانە لەسەر گردی مامەیارەی شاری سلێمانی، بە بەشداریی زۆر کەس و چالاکی هونەری کوردی، بە دروشمی "ئاگری نەورۆز چرای ڕێگای سەرەتای نوێی ساڵی کوردییە"، ئاگر کرایەوە و نەورۆز پیرۆز کرا.

هەروەها دوای کردنەوەی ئاگری نەورۆز، چەندین چالاکی هونەری ئەنجامدرا و جەماوەر سەمایان کرد.

کەرکوک

لە دەمەو ئێوارەدا بە بەشداری ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و گەلی کەرکوک ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکوک کرایەوە و هەم جەژنی نەورۆز و هەم ساڵیادی ڕاپەڕینی کەرکوک پیرۆز کرا.

بەهۆی پێکهاتەی فرە کولتوری شاری کەرکوک، لە نەورۆزدا گەلانی جیاواز بەشداریی نەورۆزیان و سەمایان کرد.