تەكیەی تاڵەبانی ناوەندیكی ئێجگار گەورەی كەركوكە، كاریگەریی گرنگی لەسەر هەموو رووداوەكانی كەركوك هەبووە و تا ئێستاش هەیەتی گەورەترین ناوەندی رێبازی قادریە لە عیراق و كوردستان، لە بەغدا و كۆیە و تەنانەت كوردستانی رۆژهەڵاتیش لق و تەكیەی هەبووە. رۆژگار و زەمانێك تەكیەی تاڵەبانی ناوەندێكی گەورەی كورد بووە. رۆژهەڵاتناس و گەڕیدەیەكی ئینگلیز لە ساڵی 1943 دا هاتۆتە كەركوك و تەكیەی تاڵەبانی و ئەوەی سەرنجی ڕاكێشاوە ئەوە بووە، كە زۆرینەی خەڵكەكە یەكجۆر جلوبەرگی كلتوری كوردەواریان لەبەر دابو.
رەگ وڕیشەی بنەماڵەی تاڵەبانیەكان دەگەڕێتەوە بۆ هۆز و عەشیرەتی زەنگەنە. ساڵی (1158) ی كۆچی مەلا مەحمود زەنگنە باپیرە گەورەی تاڵەبانیەكان لەم جێگەی ئێستادا بەردی بناغەی تەكیەی تاڵەبانیی داناوە و هەر لە تەكیەش و لە سەر وەسێتی خۆی نێژراوە. مەلا مەحمود زاوای میر سمایلی زەنگنەیە.
تاڵەبانییەكان لە پاش ئەوەی دەچنە سەر تەریقەتی قادری، شێخەكانیان لە ناوچەكانی گەرمیان، كفری، خانەقین، كەركوك، چەمچەماڵ، دواتریش لە كۆیە و بەغدا تەكیەی تاڵەبانی دەكەنەوە و تیایدا نیشتەجێ دەبن.
باپیرانی تاڵەبانییەكان شێخ ئەحمەدی شێخ مەحمود لە سەدەی شانزەهەمدا یەكەم جار لە گوندی تاڵەبانی نزیك چەمچەماڵ نیشتەجێ دەبێت و لەوێوە نازناوی تاڵەبانی وەردەگرێت نەوەكانی (شێخانی تاڵەبان)ی لێ دەكەوێتەوە.
شێخ عەبدولڕەحمانی كوڕی شێخ ئەحمەد كە دەكاتە باوكی شێخ ڕەزای تاڵەبانی ١٨٣٥-١٩٠٩ (شاعیر) تەكیەی كەركوك و بەغدا ئاوەدان دەكاتەوە و برەو بە تەریقەتەكەیان دەدات و مورید و لایەنگری لەدەور كۆدەبێتەوە، تا سەردەمی ئەمڕۆش تەكیە هەر ئاوەدانە و گۆڕی زیكر و زانست و مەقامخوێندن تیایدا بەردەوامە.
تەكیەی تاڵەبانی جێگای باوەڕی هەموو پێكهاتەكانی كەركوكە
تەكیەی تاڵەبانی لە رۆژی دروستبوونیەوە لە سەردەمی عوسمانیەكانەوە تا ئەمڕۆ رۆڵی گرنگ و هەستیاری لە هەموو رووداوەكانی عیراق و كوردستان هەبووە. تەكیەی تاڵەبانی جێگای خوا پەرستی و چارەسەركردنی كێشە كۆمەڵایەتیەكانی تێكڕای پێكهاتەكانی كەركوك و كوردستانە.
كورد، توركمان، عەرەب هەموو ئەو نەتەوانە بێ جیاوازی و لەو پەڕی تەبایدا لە تەكیەی تاڵەبانی خوا پەرستیان كردووە. تا ئێستاش تەكیەی تاڵەبانی جێگای متمانە و باوەڕی هەموو پێكهاتەكانی كەركوكە، تا ئێستاش لەم سەرو ئەو سەری شارەوە ولە هەموو نەتەوەكان شەوانی دووشەممە دێن بۆ كۆڕی زیكركردن و رۆژانی هەینیش جگە لە نوێژی هەینی نان خواردنیش هەر لە تەكیەییە.
خێزانی سوڵتانێكی عوسمانی، موریدی تەكیەی تاڵەبانی بووە
لەلای كورد بە (تەكیەی تاڵەبانی) و (تەكیەی گەورە)، یان (تەكیەی شێخ جەمیل) ناودەبرێت، لەلای توركمان بە (بیوك تكیە) و (شیخ جمیل تكیاسی)، بەڵام لە تۆمارە فەرمییەكاندا بی مزگەوتی (مەجیدیە) ناسراوە. ئەم تەكیە زیاتر لە 300 ساڵە دروست كراوە. كەوتووەتە قەراغ شاری كەركوكەوە و نزیك بە ڕێگای گشتیی نێوان كەركوك – سلێمانییە. لەسەر گردێكی بەرز دروست كراوە، كە لە قەڵای كەركوك بەرزترە.
هۆی ناونانی بە مزگەوتی (مەجیدیە) دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شاری كەركوك تا ساڵی 1879 مەڵبەندی ویلایەتی شارەزوور بووە، والی عوسمانی لەو شارە دانیشتووە، کە سەر بە خێزانی سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم و بە ناوی عەبدولمەجیدەوە نانراوە مەجیدییە.
تەكیەی تاڵەبانی ئەكادیمیایەكە بۆ فێربوونی هونەری مەقام
" چاكترین دەف ژەنەكانی كەركوك دەرچووی قوتابخانەكەی تەكیەی تاڵەبانی بوون"
لە بواری هونەر ومەقامدا، بۆ تەكیەی تاڵەبانی شانازیە كە نەك مەقامی لە فەوتان رزگار كرد، بەڵكو تەكیەی تاڵەبانی قوتابخانەی مەقامی كوردیە و ناوەندی گەشەكردن و پێشكەوتنی مەقامی كوردی و ڕۆژهەڵاتی و قۆریاتی توركمانیە لە كوردستاندا.
جاران مەقامخوێنان و مەقام دۆستانی شاری كەركوك گشتیان، لەم شوێنە – تەكیە -دا كۆدەبوونەوە، چونكە لەوێ كۆڕی مەقامخوێندن دەبەسترا.
لە سەردەمێكدا كە پەیمانگا و ئەكادیمیایەكی هونەری لە كەركوك و ناوچەكە نەبووە بۆ فێربونی مەقام، تەكیەی تاڵەبانی ئەو دەورەی بینیوە و شانازی ئەوەی پێ بڕاوە كە چەندین مەقامبێژ و مەقامزان پەروەردە بكات، كە هەرە دیارترینیان هونەرمەندی ناوداری كورد عەلی مەردانە.
تەكیەی تاڵەبانی جێگەی فێربوونی مەقامی ڕەسەنی كوردی و قۆریاتی توركمانی و مەقاماتی عەرەبی بووە. چەندین مەقامزانی گەورەی ئەو شارە، لەو تەكیەدا فێری مەقام بوون، شێخەكانی تەكیەی تاڵەبانی (شێخ عەبدول ڕەحمان، شێخ عەلی گەورە، شێخ جەمیل، شێخ عەلی و ئێستاش شێخ یوسف) هەموویان ئارەزوویان لە مەقام و دەنگی خۆش بووە. ڕێزی زۆریان لە كەسانی دەنگخۆش و مەقامزان و مەقامبێژان گرتووە، تەنانەت لەكاتی ژەمی نانخواردندا خواردنی مەقامبێژ و كەسانی دەنگخۆش خواردنیان تایبەت بووە و و زیاتر خزمەت كراون.
هەروەها چاكترین دەف ژەنەكانی كەركوك دەرچووی قوتابخانەكەی تەكیەی تاڵەبانی بوون.
عەیامێك تەكیەی تاڵەبانی جگە لە کۆڕی زیكری دەروێشان، قوتابخانەیەكی گرنگی مەقام بوو، زیاتر لە 72 جۆر مەقامی كوردی و عەجەم و توركی لە تەكیەی تاڵەبانیەوە مەقام بێژەكانی كەركوك فێری مەقام و ووتنەوە بوون، هونەرمەند عەلی مەردان و بە دەیان مەقامبێژی كەركوك و گەرمیان و چەندینجار مەقام بێژی گەورەی گەرمیان وكفری (شەڵتاغ) و مەلا وەلی سەردانی تەكیەی تاڵەبانییان كردووە.
لە مەقامبێژەكان مەلا وەلی كە باوكی مەقامی كوردیە، هەروەها رەحمەتوڵا شڵتاغ، عەلی مەردان، سەعید حەمە گوڵە، حاجی عومەر پاسەوان، تۆفیق چاوەش، مەلا محەمەد تۆپاڵ. هەروەها هەر دوو مەقام بێژی ژن مەلا هەیبەت ومەلا شەوكەت، كە دوو ژنی ئێجگار دەنگ خۆش بوون، کە لە زیكری ژنان ئەوان مەقامی ئاینی وقورئانیان دەخوێند.
پێش ئەوەی بڵندگۆ (مكەبەرە) دابنرێت لە مزگەوتەكان دەبوایە كەسێك هەم دەنگی خۆش هەم دەنگی گەورە بوایە بچوایەتە سەر مزگەوتەكە ببانگی بفەرمویایە. جارانیش لە تەكیە كە سەردەمی زێڕینی مەقامات بوو، مەقامخوێنان و مەقامدۆستانی ئەو شارە، بەیانیان چاوەنواڕی ئەو مەقامەیان دەكرد. كە مەقامبێژ سەعید حەمەگوڵە بەیانیان بۆ ماوەی نیو سەعاتێك لە بن منارەی تەكیەدا، مەقامێكی (مەنسوری) دەخوێند و دوایی دەیكردە مەقامی (قەزاز).
تەنانەت كۆمەڵێك ئاواز و تەواشیحی دینی لە تەكیەی تاڵەبانی دەخوێندرێت كە لە دەرەوەی تەكیە بوونی نییە. خوێندنی مەقامەكانیش لە تەكیە جیاوازی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لەگەڵ مەقاماتی شێوازی بەغدایی. ئەمەش وایكردووە زۆرێك لە مەقامبێژانی بەغدا سەردانی تەكیەیان كردوە بۆ زیاتر شارەزابوون لە مەقام.
ئەمە جگە لەوەی چەندین هونەرمەند و مەقامبێژی بەناوبانگ لەشارەكانی دیكەی كوردستان و بەغداو موسڵەوە لە سەردانیان بۆ شاری كەركوك، هاتونەتە تەكیەی تاڵەبانی، لەوانە هونەرمەند سەید عەلی ئەسغەری كوردستانی و مەلا عوسمان موسڵی و ناسر ڕەزازی.
لەم تەكیەدا هەرگیز ڕێگە نەدراوە موریدەكان "تیغبازی" بكەن
تەكیەی تاڵەبانی هەمیشە مەڵبەندێكی گەورە بووە بۆ زیكر و عیبادەت و خواپەرستی لەسەر ڕێبازی (قادری)، ئێستاش هەفتەی دووجار لەڕۆژانی هەینی و شەوی سێشەمماندا زیكری تێدا دەكرێت.
لەم تەكیەدا هەرگیز ڕێگە نەدراوە موریدەكان "تیغبازی" بكەن، چونكە شێخانی تاڵەبانی هەموویان سەرەتا خوێندوویانە و بوونە بە مەلای چاك، ئەوجا دەستیان بە ئیرشاد كردووە، بۆیە دوور بوون لەكاری ناشەرعی لەو جۆرە.
تەكیەی تاڵەبانی هەمیشە هەژار و فەقیر و لێقەوماوانی كوردستان لێ بوە، بەتایبەتی خەڵكی ناوچەی هەورامان، كە لەبەر هەژاری، لە زستان و سەرەتای بەهار لە كەركوك دەمانەوە بۆ كاركردن. لەبەر ڕێزی تەكیە، بەرپرسانی حكومی چاوپۆشیان لێ كردون، شەوان لە ژوورە زۆرەكانی تەكیە دەمانەوە، ژەمی ئێوارەشیان پێ دەدرا. ئەم دیاردە تا ساڵی 1958 بەردەوام بوو.
مەڵبەند و ناوەندێكی زانستی و ڕۆشنیری بووە
"شێخ ڕەزای شاعیر پەروەردەی تەكیەی تاڵەبانییە"
سیستمی بەرێوە بردنی تەكیەی تاڵەبانی لە باوكەوە بۆ كوڕ هاتووەتە خوارەوە. مەلا مەحمود زەنگنە، شێخ ئەحمەد، شێخ عەبدولڕەحمان خاڵسی، شێخ عەلی گەورە، شێخ محەمەد عەلی، شێخ جەمیل، شێخ عەلی بچووك، شێخ یوسف.
هەموو ئەمانە زانا ودانا و شاعیر ورۆشنفكر بوونە، دیوارەكانی تەكیە بە شیعری توركی وفارسی و كوردی رازاونەتەوە.
شێخ رەزای تاڵەبانی برای شێخ عەلی گەورەیە و سوار چاكی مەیدانی شیعر و بەلاغەت و بلیمەتی زەمانی خۆی بووە و شیعرەكانی تۆماركردنی قۆناغیكی مێژویی كەركوك وناوچەكەیە.
زۆرێك لە كەسایەتیە گەورەكانی كوردستان هاتوونەتە تەكیەی تاڵەبانی
دەوروبەری تەكیەی تاڵەبانی پێیدەڵین بەر تەكیە، تەكیەی تاڵەبانی وبەر تەكیە لە چوار چێوەی گەڕەكی ئیمام قاسمدایە، لە پاڵ تەكیەی تاڵەبانی و دوای دروستكردنی تەكیە، خەڵكانێكی زۆر لە هەموو لایەكەوە لە ناو كەركوكەوە، لە دەرەوەی كەركوك، روویان كردە تەكیەی تاڵەبانی و بەدەوری تەكیەدا و لە چوار چێوەی گەڕەكی ئیمام قاسمدا گەڕەكی بەرتەكیەیان دروست كرد.
د- موكەڕەم تاڵەبانی لە لاپەرە (39) ی دیوانی شێخ رەزای تاڵەبانی باسی پێكهاتەی دانیشتوانی گەڕەكی بەر تەكیە دەكات ودەڵی:
دانیشتوانی گەڕەكی بەر تەكیە، لە ڕەسەندا هەموو كوردن، بەڵام هەریەكە لە هەرێمێكی كوردستانەوە هاتوون.
زۆرێك لە كەسایەتیە گەورە و پایە بەرزەكانی كوردستان هاتوونەتە تەكیەی تاڵەبانی و هەندێكیان بۆ ماوەی جیا جیا لە تەكیە و لە خزمەتی شێخانی تەكیە بۆ هەفتە و مانگ ماونەتەوە، ئەوانەی سەردانی تەكیان كردووە (كاك ئەحمەدی شێخ، شێخ مەحمود، مەولەویی شاعیر، حاجی قادری كۆیە، مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەریس، سەرۆك كۆماری پێشووی ئێراق مام جەلال تاڵەبانی.
تەكییەی تاڵەبانی ناوەندێكی ئێجگار گرنگ بووە لە خۆ راگریی كورد لە كەركوك، بەڵگەیەكی زیندووە لە كوردستانیبوونی كەركوك، ئەم ناوەندە گرنگە نەك تەنها بۆ كورد، بەڵكو بۆ تووركمانیش پشت و پەنا بووە، تەكییەی تاڵەبانی بۆ كوردانی هەر چوار پارچەكەی كوردستان، ماڵ ونیشتمان و ئاوات و ئومێد و هیوا بووە.
سەرچاوە:
1- شێخانی ئیرشادی تاڵەبانی و چەند ناودارێكی دیكەی ئەم بنەماڵەیە: دكتۆر نوری تاڵەبانی
2- بنەماڵەی زانیاران: مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیس
3- شاری كەركووك بەشێك لە مێژووی (مزگەوت، تەكیە، خانەقا، زانا و پیاوەئایینی)یە ناودارەكانی: گۆران فەتحی
4- چاوپێكەوتن لەگەڵ هونەرمەندی مەقامبێژ: ئەحمەد نەجیب
5- جارانی كەركوك: زاهیر شكور
ژ.ت