ڕووکەن نەغەدە: باوەڕی تەواوەتیمان بە شۆڕش و سەرکەوتنی ژن هەیە

ئەندامی کەژار، ڕووکەن نەغەدە ڕایگەیاند، شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە ڕۆژهەڵات و ئێران دەستیپێکرد، بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و ڕایگەیاند، "باوەڕی تەواوەتیمان بە شۆڕش، بەرخۆدان و سەرکەوتنی ژن هەیە."

٢ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی کە لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێران (ئێرشاد)ەوە دەستبەسەر و دواتر بە هۆی ئەشکەنجەدانیەوە کوژرا، تێدەپەڕێ. کوژرانی ژینا لە کوردستان، ئێران و هەموو جیهاندا ناڕەزایەتی وشەرمەزاری بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا. چالاکییە شەرمەزارییەکان بە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' سەری هەڵدا و بە پێشەنگایەتی ژنان بوو بە شۆڕشێکی سەرانسەری.

ڕووکەن نەغەدە ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) سەبارەت بە ساڵڕۆژی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە ٢ ساڵ پێش لە ئێران سەری هەڵدا، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کرد.

لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕووکەن نەغەدە شەهیدانی شۆڕشی بەبیرهێنایەوە و سڵاوی ئاراستەی سەرجەم تێکۆشەرانی بەرخۆدانی ئەو شۆڕشە کرد و هەڵسەنگاندنەکانی خۆی بەم شێوەیە دەستپێکرد: "شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی' بەهایەکی مەزنە کە بە خوێنی شەهیدان بەرهەم هاتووە".هەروەها گەورەترین بەهای خاوەنداری بنەماڵەی شەهیدانە لە ڕۆڵەکانیان، بۆیە ئێمە ئەم یادە لە هەموو شەهیدان و بنەماڵەکانیان پیرۆز دەکەین. هەوەها لە ڕاگەیاندکارانی ئازاد و خەباتکارانی ڕۆژنامەنووس کە بوونە دەنگی ئەم شۆرشە و بە هەموو جیهاندا بڵاویان کردەوە پیرۆز دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ ئەندازیار و بناخەدانەری شۆڕش و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" یە. لە هەر چوارلای جیهانەوە ڕێبەر ئاپۆ بەو پێناسە و فەلسەفەی ئازادییەوە دەناسن. بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەموو هەموو کۆمەڵگاکان ڕێبەر ئاپۆ بەو شێوە دەناسن، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەم خاکە کە لە سەردەمی نێولۆتیکدا ژنان تێیدا خاوەن پێگە و پێشەنگایەتی بوون چاوەکانی بە جیهاندا هەڵێنا و بە فەلسەفەی حەقیقەت و ئازادیی بۆ مرۆڤایەتی لەسەر ئەم خاکە تێکۆشانی دەست پێکرد. هەر بۆیە ڕێبەر ئاپۆ ژنانی هێنایە ناوەندی تێکۆشان و فەلسەفەی خۆیەوە."

'ژن سەرچاوەی ژیانە'

ڕووکەن نەغەدە لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ وتی: "ڕێبەر ئاپۆ واقیعی کۆمەڵگا و سیستەمی دەسەڵات دەبینێت و لە هەمان کاتیشدا واقیعی ژنێک دەبینێت کە لەهەموو لایەکەوە کۆیلە کراوە، ئەو باوەڕی وایە کە سەرچاوەی ژیان خودی ژنە. کەواتە کاتێک ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەی خۆی پێشکەش بە ژنان و کۆمەڵگاکان کرد یەکەم کەس کە خۆی لەناو ئەم فەلسەفەیەدا دۆزیەوە ژنان بوون. چونکە یەکەم کەس کە لە مێژوودا کۆیلە کراوە ژنانن. هەروەها دواتر دەوڵەت واتە سیستەمی دەسەڵاتداری پیاو خۆی لەسەر کۆیلایەتی ژنان دامەزراندووە، بەو هۆیەوە ڕێبەر ئاپۆ ڕێگای ئازادی کۆمەڵگاکانی لە ڕێگای ئازادی ژناندا دەبینییەوە. سەرەنجام هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ تا ئەمڕۆش دەبینین لەهەموو شوێنێک ژنان لەدەوری ئەم فەلسەفەیە کۆبوونەتەوە و کۆدەبنەوە. ئەمڕۆ بەسایەی هزر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کۆیلایەتی و سیستەمی هەژموونی دەسەڵاتداران ڕووبەڕووی ڕەخنە و پێداچوونەوە بووەتەوە و ژنان خۆیان ناسیوەتەوە و گۆڕانکاری لە نێو ژنان و کۆمەڵگاکاندا ڕوویداوە. نمونەی ئەمە لە زۆر شوێن دەبینرێت بەتایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ئەوە ژنانن کە پێشەنگایەتی دامەزراندنی سیستەمێکی دێموکراتیک و ئازاد دەکەن لەم سەردەمەدا. هەروەها ژنان لە هەموو بوارەکاندا پێشەنگایەتی گەنجان و کۆمەڵگا دەکەن. ئەوەی ڕێگەخۆشکەر بوو لەم پێشکەوتن و تێکۆشانانەدا دیسان سەرۆک ئاپۆ بوو."

'ڕێبەر ئاپۆ ڕێبەری بیر و ڕۆحی ئێمەیە'

ڕووکەن نەغەدە لەبارەی شۆڕشی فکری کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٢لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و بە هەموو جیهاندا بڵاوبووەوە وتی: "لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا هەموو گەلان و گروپەکان بەشداریان کرد. ژنان و کۆمەڵگا بە یەک دەنگ دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"یان دەوتەوە. بە هەموو زمانێکەوە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی یان لە هەموو کۆمەڵگاکان بەرز کردەو و پشتگیرییان لە یەکتر کرد و بەتایبەت هەموومان پشتیوانیان لە کوردستان دەربڕیی و هاواریان کرد ئێمە سەردەکەوین. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە متمانە بە بنیاتنانی کۆمەڵگا و ژیانێکی ئازاد دەدات لە داهاتوویەکی نزیکدا. ئەمە هەمان قسەکانی سەرۆک ئاپۆیە کە دەڵێت: "لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەتوانرێت لە هەموو شوێنێکی تر خێراتر کۆمەڵگایەکی ئەخلاقی، دێموکراتیک و ئازاد دابمەزرێت" ڕێبەر ئاپۆ ئەم قسانەی بێگومان لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی لە مێژووی ئەو کۆمەڵگایانە پێشکەش دەکات. بەڵام بۆ ئەوەی گەلان لە ڕێبەر ئاپۆ جیا بکەنەوە دەسەڵاتداران دەڵێن نابێت بڵێن ڕێبەر ئاپۆ، لەبەر چی؟ با هەرچی دەڵێن بڵێن گرنگ نییە سەرۆک ئاپۆ لە هەر شوێنێک بێت سەرۆکی هەموو گەلانە و پێشەنگاتەتی گۆڕانکارییەکی مەزن دەکات. ئێمە وەک کەژار بەردەوام وتوومانە و دەڵێین سەرۆکی ڕۆحی و فکری ئێمە ڕێبەر ئاپۆیە، ئەو قارەمانانەی کە لە تەڤگەری ئازادیدا لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە بەشداری ئەم شۆڕشە بوون و شەهید بوون پێشەنگی ئێمەن. ئەمڕۆ ئێمە لەسەر ڕێبازی ئەوان دەڕۆین و درێژە بە تێکۆشانمان دەدەین. ئەمە شۆڕشی ئێمەیە پێویستە گەل چارەسەری کێشەکانی خۆیان بدۆزنەوە و پێکەوە بۆ ئازادی تێکۆشانیان بەرز بکەنەوە. ئێستا ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەمان شت دەکەن، ژنان دەست لەناو دەستی یەکدەخەن و لە دەوری کەژار کۆدەبنەوە و بە شوناسێکی سیاسی ئایدیۆلۆژیکەوە سەرهەڵدەدەن."

'ئەم سەدە سەدەی ئازادی ژنە'

ڕووکەن نەغەدە ئاماژەی بە ڕۆڵی پێشەنگایەتی ژنان کرد و وتی: "هاوسەنگی نێوان ژن و پیاو ئازادی بۆ کۆمەڵگا دەخوڵقێنێ. چونکە کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ژن و پیاو دامەزراوە. ئەمە یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی خێرای شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی". یەکێتی نەتەوەکان، گەلان، ژنان و پیاوان بووە هۆی ئەوەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرنجی هەموو لایەک ڕابکێشێت و ببێتە شۆڕشێکی جیهانی. هەمووان بینییان چارەسەری هەموو ئەو کێشانەی لەجیهاندا ڕوودەدەن لە شۆڕشی ژنانەوە تێدەپەرێت. بۆیە ئەم شۆڕشە لە سەرانسەری جیهاندا بەردەوام دەبێت. دوایین نموونەی لە هێندوستان دەرکەوت. بە پێشەنگایەتی ژنان، ئەو گۆڕانکاریانەی ئێستا لە هێندوستان ڕوودەدەن لە فەلسەفە و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" سەرچاوەیان گرتووە. ژنان بەشێوەیەکی جەماوەری بە دەنگێکی بەرز دروشمی ژن، ژیان، ئازادی یان دەوتەوە. میتۆدی شۆڕشی ژنان تاکە میتۆدە کە دەتوانێت لە دژی سیستەمی هەژموونی پیاوسالاری سەرکەوتوو بێت و ئەنجام بەدەست بێنێت. ئێمە وەک کەژار نەک هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڵکوو لە هەموو شوێنێکی جیهان بۆ بەدی هێنانی ئازادی هەموو ژنان درێژە بە تێکۆشان دەدەین. هەروەها کار له سەر هەموو ئەو پڕۆژانه دەکەین که تا ئێستا لەم بوارەدا دەست نیشانکراون. بێگومان ئەم پڕۆژانە کات و کاری دەوێت چونکە پڕۆژەیەکی گەورە و بەرفراوانە، بۆیە وەک کەژار پێشوازی کردنمان لە ژنان لە پرۆژەکان لە بەرزترین ئاستدایە."

'هیوامان بە شۆڕش بەرزە'

ڕووکەن نەغەدە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) لە کۆتایی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: "ئەمڕۆ لە زیندانەکانی ڕژێمی ئێران لە لایەن ژنانی زیندانیی سیاسیەوە کە لە هێڵی شەهید شیرین عەلەم هولی، سەرهەڵدان و بەرخۆدانێک لە بەرزترین ئاستدا بەڕێوە دەچێت. ئەو بەرخۆدانەی کە ئەمڕۆ لە زینداندا بەردەوامە سەرچاوەی بەرخۆدان و تێکۆشانی ژنانە، لەسەر ئەم بنەمایە پاراستنی ژنانی زیندانی سیاسی و ئەو بەرخۆدانەی کە پێشەنگایەتی دەکەن گەورەترین خاوەندارییە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی". ئێمە وەک ژنان باوەڕمان بە سەرکەوتنی بەرخۆدان و شۆڕشە. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە ژیانی خۆمان فیدای کۆمەڵگایەکی ئازاد دەکەین و دڵنیاین کە سەردەکەوین."