ئەمرۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی باشووری کوردستان رادەگەیەندرێت

بڕیارە ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رابگەیەنێت.

دوێنێ ٢٠ ی تشرینی یەکەم، دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، وەک کۆمسیۆن رایگەیاندووە، رێژەی بەشداری لە پرۆسەکەدا لەسەدا ٧٢ بووە، لەسەر ئاستی بازنەکانیش رێژەی بەشداری لە دهۆک لەسەدا ٧٨، لە هەولێر لە لەسەدا ٧٤، لە هەڵەبجە لەسەدا ٦٩ و لە سلێمانیش رێژەکە لەسەدا ٦٥ بووە.

کۆمسیۆن راشیگەیاند، ئەمرۆ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە بڵاودەکەنەوە.

بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکان، کە پێدەچێت بە هەژمارکردنی دەنگدانی تایبەت گۆڕانکارییان بەسەردا بێت،  پەدەکە بەراورد لەگەڵ خولی پێشوو ژمارەی کورسیەکانی بۆ نزیکەی ٤٠ کورسی کەمبوونەوە، کە پێشتر ٤٥ کورسی هەبوو، ئەمە جگە لەوەی چیتر وەک خولەکانی پێشوو ١١ کورسی کۆتاکان نەماوە و ناتوانێت بەکاریان بهێنێت.

هەر بە گوێرە ئەنجامە نافەرمییەکان یەنەکە بەراورد لەگەڵ خولی پێشوو دەنگ و کورسییەکانی زیادی کردووە و نزیکەی ٢٣ کورسی مسۆگەر کردووە. یەنەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە یەکەمە و لە هەولێریش لە پلەی دووەمدایە.

لەسەر ئاستی هەرێمی باشووری کوردستان نەوەی نوێ لە پلەی سێهەمدایە کە ١٦ کورسی مسۆگەر کردووە و دوای ئەویش یەکگرتووی ئیسلامییە کە ٧ کورسی یەکلابووەتەوە. لە پلەی پێنجەمیشدا کۆمەڵی دادگەرییە کە لە نێوان ٣ بۆ چوار کورسی دەهێنێت.

بەرەی گەل لەنێوان یەک بۆ دوو کورسی و بزوتنەوەی گۆڕانیش ئەگەری بەدەستهێنانی یەک کورسی هەیە.

هەرچی لیستی هەڵوێستە، کە لەلایەن عەلی حەمەساڵحەوە سەرپەرشتی دەکرێت لە نێوان دوو بۆ سێ کورسی مسۆگەر کردووە، بەڵام ئەنجامەکە رەتدەکاتەوە و باس لە ساختەکاری گەورە لە هەولێر و هاککردنی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانی دەنگدان لەو بازنەیە دەکات.

دوێنێ لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەدا لە هەولێر چەند پێشێلکاری و ساختەکارییەکی پەدەکە بە بەڵگە خرانەڕوو، لەوانە بەکارهێنانی خەڵکانێک کە لەباکوری کوردستانەوە هێنرابوون بە مەبەستی دەنگدان، هەروەها بانگەشە لە بنکەکانی دەنگدان و گوشار و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە بۆ سەر دەنگدەران و نوێنەری لایەنەکانی دیکە.