ئیلهام ئەحمەد: دەمانەوێت ڕژێمی دیمەشق هەنگاوی نوێ بنێت

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئێلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا ئەوان دەیانەوێت ڕژێمی دیمەشق هەنگاوی نوێ لە پێناو گۆڕانکاریدا بنێت.

هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئێلهام ئەحمەد ئەوەی بیرهێنایەوە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵگری پرۆژەیەکی هاوشێوەی میساقی میللیە و ئەوەی دەستنیاشنکرد بۆ ئەوەی پەیمانێک لە نێوان دیمەشق و ئەنقەرەدا ببەسترێت، سەرەتا پێویستە تورکیا لە خاکی سوریادا بکشێتەوە. ئاماژەی بەوەدا چاوەڕوانی لە ڕژێمی دیمەشق دەکەین جەخت لەسەر کشانەوەی سوپای تورکیا بکات لە ناو خاکی سوریادا.

دەربارەی ئەم بابەتە هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئێلهام ئەحمەد بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و باسی لەوەکرد لەناوخۆدا بارودۆخی سوریا بەڕووی دیموکراسیدا لەبارنیە، تەنانەت هیچ هەنگاوێکیش بەرەوە ئاڕاستەیە نەنراوە و گۆڕانکارییەک لەئارادا نیە. مافی ژیانی هاوبەشی گەل و پێکهاتەکان لە دۆخێکی خراپدایە. بۆیە سوریا لە نێو پرسێکی زۆر هەستیاردایە.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەحمەد ئاماژەی بە ڕۆڵی داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر کرد و باسی لە هەوڵدانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرەکرد بۆ ڕێکەوتن و وتی: "تاکو ئێستا دەوڵەتی تورک سیاسەتی داگیرکاری بە ئامانجی بە پاشکۆکردنی هەرێمە داگیرکراوەکان بە تورکیاوە دەدات. بە هێرشەکانی سنوری ڕێکەوتنامەکانیش دەبەزێنێت. دۆز و مافی گەلان و پێکهاتەکان پێشێل دەکات. دەوڵەتی تورک ساڵانێکە پشتگیری لە گرووپە چەتەکان دەکات و خۆی وەک پارێزەری گەلی سوریا پیشان دەدات. لە ئێستاشدا لە هەوڵی ئەنجامدانی ڕێکەوتن نامەدایە لەگەڵ حکومەتی شامدا. دەوڵەتی تورک دەیەوێت خۆی لە پرسی کۆچبەری ڕزگار بکات. لە بەرامبەریشدا سوریا دەیەوێت باری سەرشانی سوک بکات. دەوڵەتی تورک  مەبەستێتی هاوپەیمانێتییەکانی پێشوو زیندووبکاتەوە و لەو ڕێگەیەوە داگیرکاری زیاتر ئەنجام بدات. بەڵام هیچ لایەنێک لەو دوو لایەنە خاوەنی سەربەخۆییەک نین لە ئەنجامدانی بڕیار لەبارەی دۆخی سوریاوە، چونکە پرسی سوریا ئیدی پرسێکی نێوان دەوڵەتانە. بۆ هەر هەنگاوێکیش ئاسایشی و ئارامی سوریا خاڵی سەرەکییە، بێگومان بۆ ئارامی سوریا پێویستە پێش هەموو شتێک دەوڵەتی تورک لە خاکی سوریادا بکشێتەوە. هەر پەیمان و ڕێکەوتنێک لە دەرەوەی ئەو خاڵەدا ئەنجام بدرێت، نەک بە تەنها بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڵکو بۆ هەموو گەلانی سوریا بێسودە."

هەر لە قسەکانیدا ئیلهام ئەحمەد باسی لەوەکرد دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی میساقی میللیدا هەڵگری پرۆژەیەکی داگیرکارییە و ئاماژەی بەوەدا لەمرۆدا گەر پەیمانێک لە نێوان هەردوو ڕژێمەکەدا بێبەجێبکرێت پێویستە کۆمەڵێک مەرج جێبەجێبکرێن. یەک لەوانە کشانەوەی دەوڵەتی تورکە لەو هەرێمانەی داگیری کردوون، دیارە ڕژێمی سوریاش جەخت لەمەدەکاتەوە هەروەها پرسی گەلان پرسێکی هاوبەشی نێوان هەردوو دەسەڵاتدارییەکەیە. بۆیە بۆ چارەسەرکرنی ئەم کێشانە بارگرانییەکی زۆر قورسە بۆ هەردوو رژێمەکە.

پرۆژەمان هەیە بۆ کۆچبەران

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند پەیوەست بە چارەسەری پرسی کۆچبەری، خاوەنی پرۆژەن و وتی: "پێشتریش ئەوەمان دیاریکردبوو. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەری خاوەنی پرۆژەین و هەموو کەسێک دەتوانێت پشتمان پێببەستێت. لەم ڕووەوە پێویستە چەمکی نەتەوەیی یەکگرتوو بۆ بەڕێوەبەری خۆسەر هەبێت. ئەردۆغان هەموو جارێک دەڵێت ئەسەد بانگێشتی تورکیا دەکەین. لە ڕاستیدا ئەمە تەنها گوتارێکە بۆ کۆمەڵگەی تورکییە. ڕەگەزپەرستی لە نێو تورکیادا زۆر زیاد بووە، لە ئێستاشدا دەیانەوێت بەم شێوەیە گەل کپکەنەوە. یانی بەم شێوەیە وا خۆی دەرخات بۆ گەڕاندنەوە و چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەری لە تورکیادا، لە هەوڵدان و کارکردندایە."