ئاگر لە دارستانەکانی سەوڵاوا کەوتووەتەوە

ئاگر لە دارستانەکانی سەوڵاوا لە پارێزگای سنە کەوتووەتەوە و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیا و خەڵکی ناوچەکە چوون بۆ کوژاندنەوەی.

بە پێی زانیاریەکانی ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز، شەوی ڕابردوو ئاگر لە دارستانەکانی شارەدێی سەوڵاوای سەربە شاری مەریوان لە پارێزگای سنەی ڕۆژهەلاتی کوردستان کەوتەوە و ئاگرەکە هێشتاش بەردەوامە.

تیمێکی ئەنجومەنی سەوزی چیا کە ڕێکخراوێکی ژینگەپارێزییە، لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوونەتە ناوچەکە.

باس لەوە دەکرێت کە ئاگرکەوتنەوەکە بە مەبەست بووە، هاوشێوەی زۆربەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی لە دارستانەکانی ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدەن.

تا ئێستا زیانەکانی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە ئاشکرا نەبووە و تا ئێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

جێگای ئاماژەیە، ماوەیەک لەمەوبەر ئاگر لە کوێستانەکانی بوزین و مەڕخێل لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پاوەی سەربە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە و لە کاتی کوژاندنەوەیدا سێ ژینگە پارێز گیانیان بەخت کرد و چەند کەسێکی دیکەش بە تەقینەوەی مین برینداربوون.

ف.ق