سەرەتای دیار نەمانی ( کاك شەریف) ناسراو بە (شەھید چیا باکور) خانەوادەی لەگەڵ هاوڕێیەکم هاتن کە سۆراغێکی کاك شەریف بکەین ئەوکات جاسوسیی کورد بۆ فڕۆکەکانی تورکیا و چاودێری هەڤەڵانی PKK وەکو ئێستا بە ئاشکرا لەلایەن نۆکەرانی دەوڵەتى تورکەوە نەبوو و بە بەنەھێنی بوو! دوای سێ ڕۆژێك پەیوەندیمان بەهەڤاڵێکی چالاکی PKK ەوە کرد، کە هاتوچۆی ناوشاری دەکرد و دوای چەند ڕۆژێك وێنە و ناوی دایکی و باوکی پێداین کە خۆی وێنەی لەگەڵ گرتبوو، خێزانەکەی دڵخۆش بوون و لە مانی دڵنیا بوون.
بەڵام هێشتا بنەماڵە و کەسوکارەکەی زۆر بۆی بە پەرۆش بوون. منیش وێڕای ڕێز و بە شانازی زانینی خەباتی ڕەوای کورد داوای هاوکاریی زیاترم لەو هەڤاڵە کرد، کە بیدوێنم و باری ئابوریی خراپی ماڵیان و بە پەرۆشی و شپرزەیی تەواوی مام و باو و باپیریانی بۆ باس بکەم.
من بە تەلەفۆنی ئەو برادەرە پێم دەوت: کاکە خانوتان تەواو نەبووە و کەلاوەیە.
ئەو دەیگوت: ووڵات ئازاد نەبێت کۆشکە دە قاتەکانیش سەرئەنجام وێرانە و کەلاوەیە.
دەمگوت: باری دارایی ماڵتان سفرە هیچتان نییە.
ئەو دەیوت، خاوەنی حوکمی خۆمان و دەوڵەتی عادل نەبین کەس خاوەنی هیچ شتێک تاسەر نییە. ژیانی هەمووتان لەهی بابم باشتر نییە، چونکە بەردەوامیی دۆخی خراپ و داگیرکاری لەسەر هەمووتان هەڕەشەیە!
دەمگوت: بۆ کەسوکارت گوناحت دەگاتێ خودا قبوڵ ناکا هێشتا زووە....
ئەودەیگوت جیهاد لە پێناوی خاکی خۆت و گەلی زوڵم لێکراو ز زمان بڕاو و ناموس ئەتک کراو چەند زوو ڕاپەڕی واجبە و تەخیربوونی جگە لە تاوان و خۆپەرستی شتێکی تر نییە و من دڵنیام خێرم بۆ دایک و تەواوی کەسوکار و ئێوەش هەیە. ئەوەی ئێمە دەیکەین هەمان ڕێچکە و ڕێبازی کاتیخۆی پێغەمبەر و ئەسحابەیە.... هتد
گوتم: ئەو تەکلیفە و قسانەم هی تەواوی خانەوادەتە بە باوک و باپیرتەوە.
ووتی، بەڵێنم داوە بەڵێنی خۆم ناشکێنم و خۆم لە ئاست خودا و خاکدا تەریق ناکەمەوە. بەڵێنم نەدابا گەر بۆ چەند مانگێکیش با لەبەر ئێوە دەگەڕامەوە. خەمتان نەبێ پاداشتی دایک و باوکم و هەمووتان گەر زیندوبم بە ڕزگاریی ووڵات دەدەمەوە، گەر شەهیدیش بم بەداستان و ئازایەتی و پاکی شانازیتان بۆ بەدیاری دەنێرمەوە. لە قیامەتیش بەدیدارتان شاد دەبمەوە.
لە ئاخیردا فەرموی سڵاو و ڕێزم بگەیەنە و دڵسۆزیت بەرز دەنرخێنم. دەزانم ژیانی باوکم وشەپرزەییان بۆم زۆریان بۆ هێناوی ئەگینا ئەم داواکارییە لە ئاست شەهادە و کەسایەتی تۆدا نییە، بۆیە دەڵێم، بەرخودان ژیانە. ئاوەدانی بۆ وڵات ڕزگاری بۆ گەل.
هەڤاڵی شەهید ئەوەی پێت ووتم گشتیت هێنایەدی و هەموومان شانازی بە خەبات و فیداکاریتەوە دەکەین. ئێستا بە هۆی پاکیت دڵسۆزیت ڕاستیت ڕەوایەتیی بەرگریت بابە سەرسپیەکەت لە پێشبڕکێیەکی یەراوە داییە، لەگەل بەرزیی قەندیل، لەگەڵ پیرۆزی و سپێتیی قەندیل و مەندیلەکەی .
ڕووحت شاد کوڕە ھەژارەکە، کاروانی خەباتتان بەردەوام و ئاوەدان تا ڕزگاریی تەواوی هەر چوارپارچەی کوردستان...ھتد. ھیوادارم نیگەرانم نەکردبی...
ژ.ت