ئەیوب خەلیل ساڵێکە لەلایەن پەدەکەوە دیلکراوە

گەنجێک بە ناوی ئەیوب خەلیل لە برادۆست بەشداریی لە چالاکیی قەڵغانی مرۆیی دا کرد. ئەو گەنجە ماوەی ساڵێکە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە دیلکراوە.

چالاکیی قەڵغانی مرۆیی لەلایەن گەنجانی وڵاتپارێزەوە لە دژی هێرشە داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى  تورک بۆ سەر ناوچەى برادۆستى  بەڕێوەچوو، بەڵام ئاسایشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) یەکێک لەو گەنجانەی بە ناوی ئەیوب خەلیل دەستگیرکردووە و ساڵێک بەسەر دیلکردنی ئەو گەنجەدا تێپەڕیوە.

ئەیوب خەلیلی دیلکرا لە ماوەى ئەو ساڵەدا لەلایەن ئاسایشی پەدەکەوە ئەشکەنجەیەکى زۆر کراوە و سەرباری ئەوەش تاوەکو ئێستا نەیانبردووەتە بەردەم دادگا. جگە لە چەند چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا هیچ چاوپێکەوتن و زانیاریی تر لەبارەى دۆخ و چارەنووس و دۆسیەی ئەو گەنجە وڵاتپارێزە لەبەردەستدا نییە و ئاسایشی پەدەکە ئامادە نییە لەوبارەیەوە هیچ زانیارییەک بە هیچ کەس و لایەن و بنەماڵە و پارێزەران بدات.

هەروەها ٤ کەسی تر بە ناوەکانی فیلال، کاوە، جەمال و حازم شەباز، کە ساڵی رابردوو بەشداریی راپەڕینەکەى شێلادزێیان لە دژی بنکە سەربازییەکەى سوپای تورکی داگیرکەر کردبوو ماوەى ٧ مانگە لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە دیلکراون و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

ژ.ت