یەکێك لە كاندیده‌كانی هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا کە زۆر باسی دەکرێت، د. سەلچووک مزراکلی-یە. دکتۆر مزراکلی ماوەی ٣٠ ساڵە پزیشکە و لەو ماوەیەش ٢٧ ساڵه پزیشکی پسپۆڕیی هەناوییە لە ئامەد. د. سه‌لچووك مزراکلی کە لەلایەن خەڵکی ئامەدەوە باش دەناسرێت، لە ڕیزبەندی یەکەمی لیستی هەدەپە لە ئامەد كاندید كراوه. ناوبراو دەربارەی کەمپینی هەڵبژاردن و بارودۆخی گەل، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات - ANF دوا.
«لە کەسایەتیی هێڵی ئازادی‌دا خاوەنداره‌تی لە ئێمە دەکەن»
د. مزراکلی سەرنجی ڕاکێشایە سەر کەمپینی هەڵبژاردن و باسی لەوە کرد کە لە کاتی بەڕێوەچوونی کەمپەینی هەڵبژاردنەکاندا زۆرجار نەخۆشەکانی خۆی دەبینێتەوە و بە بیر و باوەڕێكی گەورەوە پێشوازی لێ دەکەن.
«ئەگەر پەیوەندیت لەگەڵ کۆمەڵگه‌دا پێشتر لەسەر بنه‌مای پته‌و بونیاد نرابێت، ئەوکات مرۆڤه‌كان باوەڕت پێده‌كه‌ن و دڵنیا ده‌بن لێت. ئەگەر ئه‌مه‌ت بەبێ به‌رانبه‌ر كردبێت، ئەوکات تاکەکانی کۆمەڵگه‌ش بێ بەرانبه‌ر خۆشیان دەوێیت و پشتگیریت دەکەن. بەڵام ئەگەر هەمان ئەم سەلچووک مزراکلی-یە وەک كاندیدی ئاکەپە هاتبایه به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه، باوەڕم وایە کە ئەوکات هه‌ر سه‌یری ڕووشیان نه‌ده‌كردم. هەدەپە کە لە دڵ و مێشکی تاکەکانی کۆمەڵگه‌دا بەهایەکی گەورەیه، وەک هێڵی ئازادی دەبینرێت. هه‌بوونی جێگه‌ی منیش له‌نێو ئەو هێڵەدا، ته‌نیا ئەم ڕۆحیه‌ته بەهێزتر دەکات. لەبەرئەوە دیداره‌كانمان لەگەڵ گه‌ل زۆر باش و خۆشن.»
«گەلەکەمان لە پێشمانه‌وه‌یه»
مزراکلی ئاماژەی بە باری نائاسایی کرد کە سەرەڕای هه‌لومه‌رجی سه‌خت، له تێكۆشاندا گه‌ل هه‌ر له‌پێشه‌وه‌یه. گوتیشی: دەبێت ئەم ڕاستییە دەستنیشان بکرێت کە گەل لە دەوڵەت و تەواوی داموده‌زگه‌كانی ئەوان گه‌وره‌تر و بەهێزترە.
«کردەوەکانی ژێر ناوی باری نائاسایی لە چیا، لە دەشت و كوێستانه‌كان کەڵکیان نییه. له‌وانه‌یه له‌نێو شارەکاندا هەندێک کاریگەری هەبێت، بەڵام له‌مێژه گەل ئەو ترس و لەرزەی له‌سه‌ر خۆی هەڵگرتووە. کاتێک کە ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە دەستیان بە سیاسەتی فشار و زۆرداری کرد، چاوەڕوانی ئەنجامێک بوون. له‌وانه‌یه پێیان وابووبێت کە بە چاوترساندنی گەل ده‌توانن کۆمەڵگه تەسلیم به خۆیان بکه‌ن. بەڵام گەل ترسی لەسەر خۆی هەڵگرتووە و ئەمه‌ش بە شێوەیەکی کراوە لە هەرێمەکەدا دەبینین.»
«گەل توڕەیە»
د. سەلچووک مزراکلی كاندیدی ڕیزبه‌ندیی یه‌كه‌می لیستی هه‌ده‌په له شاری ئامه‌د، ده‌ستنیشانی كرد كه به‌هۆی ئه‌و هێرشە سەختانه‌ی له دژی گەلی کورد كراون، گه‌ل زۆر توڕه‌یه.
«پاش ئەو هەموو زه‌خت و زۆردارییە، مومکین نییە کە مرۆڤ بڵێت هەرگیز ورەی نەڕوخاوە. بەڵام لەوە زیاتر، گەل زۆر توڕەیە. گەلی ئێمە حسابی ئەوەش دەکات کە بە كام ڕێ و ڕێباز توڕەیی خۆی پیشان بدات و دڵی خۆی ئاسووده بکات. دۆخەکە بەم شێوەیە. گەل خۆی ئامادە دەکات کە بە ڕێ و ڕێبازی ڕەوا وه‌ڵامی ئه‌و فشار و زۆردارییه بداته كه له به‌رانبه‌ری كراوه. لەبەرئەوە دەتوانم بڵێم، گەل خۆی ئامادە دەکات کە ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران لێپرسینه‌وه لە رژێمی ئاکەپە و مەهەپە بکات. هەم به هەڵبژاردن، هەم دوای هەڵبژاردنیش چەپەڵییەکانی ئەو دەسەڵاتداره‌تییه ئاشکرا دەكات و تۆڵەی خۆی لێیان ده‌كاته‌وه.»
«گەلەکەمان سیاسییه»
د. مزراکلی له به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، دەستنیشانی کرد کە لە بابه‌تی هەڵبژاردندا کۆمەڵگە زۆر سیاسی و زیندووه. گوتی: ئاستی هۆشیاریی سیاسیی گه‌له‌كه‌مان زۆر به‌رزه.
«گەلەکەمان ئاگای له‌وه‌یه كه تاكه ڕێگه‌ی كۆتاییهێنان به‌م پڕۆسه‌یه، به‌هێزكردنی ئاستی ڕێكخستنه. من ئەمە بۆ هەڵبژاردن ناڵێم. بەڵکو گەل ده‌ڵێت: «من له‌نێو خۆمدا ئه‌م دیموكراتییه ده‌ئافرێنم، هه‌وڵده‌ده‌م ئاشتی بونیاد بنێم، پێشنیازم هه‌ن ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ری و یه‌ك به یه‌ك ڕێكیان ده‌خه‌م.»
ئه‌و كاندیده‌ی هه‌ده‌په گوتیشی: ئێمه وه‌ك كه‌سانێك كه به‌شێوه‌یه‌كی كارا به‌شداری ده‌كه‌ین له سیاسه‌تدا، پێویسته ئه‌مه به‌دیبێنین.
s.m