داواکارى گشتیى تورکیا شەهیدێکی تەقینەوە خۆکوژییەکەى پرسوسی کرد بە "تیرۆریست!"

داواکارى گشتیى تورکیا لە دانیشتنى دادگایکردنى رۆژنامەنووس ئۆکتای جاندەمیردا رایگەیاند، یونس ئەمرە شەن کە لە کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسدا شەهید بووە "ئەندامی رێکخستنى تیرۆر"ە.

داواکارى گشتیى تورکیا لە دانیشتنى دادگایکردنى رۆژنامەنووس ئۆکتای جاندەمیردا رایگەیاند، یونس ئەمرە شەن کە لە کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسدا شەهید بووە "ئەندامی رێکخستنى تیرۆر"ە.

رۆژنامەنووس ئۆکتای جاندەمیر لەسەر بڵاوکردنەوەى هەواڵ و شەیرکردنى هەواڵ لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بە تۆمەتى "پڕوپاگەندە بۆ ڕێکخستن" دادگایى دەکرێت. رۆژنامەنووس جاندەمیر و پارێزەرەکەى بەشدارى دانیشتنەکەى پێنجەمین لقی دادگای سزا قورسەکانى وان بوون.

جاندەمیر: تیرۆریست نییە، شەهیدە!

داواکاری گشتیى تورکیا لەسەر رووماڵکردنى بەخاکسپاردنى تەرمی شەڕڤانانى یەپەگە و هەپەگە و یەپەژە، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخستن" سکاڵاى لە دژى ئۆکتاى جاندەمیر تۆمارکردبوو. لە سکاڵاکەدا رێوڕەسمى بەخاکسپاردنی یونس ئەمرە شەن کراوەتە بەڵگە لەدژى جاندەمیر، کە لە ٢٠ى تەمووزی ٢٠١٥دا لە کۆمەڵکوژییەکەى پرسوسدا شەهید بوو بوو. داواکاری گشتیى تورکیا رایگەیاندووە، بەکارهێنانى وشەى شەهید بۆ یونس ئەمرە شەن لەلایەن رۆژنامەنووس جاندەمیرەوە، تاوانە!.

جاندەمیر لە دژى تاوانبارکردنەکەى وتى "ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی، کە لەلایەن داعشەوە کوژراون، شەهیدن. یونس ئەمرە شەن-یش هاووڵاتییەکى مەدەنییە، کە لە کۆمەڵکوژییەکەى داعشدا لە پرسوس ژیانى خۆى لە دەستداوە و بەو هۆیەوە ئەویش شەهیدە".

گوایە دادگا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە "تیرۆریست" بووە یان نا!

بایرام کاڤاڵ پارێزەرەى رۆژنامەنووس جاندەمیر، بەڵگەکانى خستەڕوو کە دەیسەلماند یونس ئەمرە شەن هاووڵاتییەکى مەدەنییە و لە پرسوسدا ژیانى خۆى لە دەستداوە. لەبەر ئەوەش دادگاى تورکیا بڕیاردا لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوە بکرێت کە ئاخۆ شەن "ئەندامى رێکخستنى تیرۆر بووە یان نا" و بەو هۆیەشەوە دانیشتنى دادگایکردنەکەى بۆ رۆژی ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٨ دواخرا.

ر.م