دۆخی کۆمەڵایەتیى قەرس و هەدەپە زۆر بۆ یەک گونجاون

لە قەرس کورد، تورک، تورکمەن، ئازەری، جەعفەری، عەلەوی و سونی پێکەوە دەژین. هەم بەرنامە و هەم پاڵێوراوەکانى هەدەپە بۆ ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییە  زۆرگونجاوە و لەگەڵ یەکتر دێنەوە.

ئایهان بیلگەن، ئارزو مۆجۆ و بشار عەبدی ئالنکا پاڵێوراوانى هەدەپەن بۆ قەرس و بە باشی ئاگاداری دۆخی کۆمەڵایەتیى قەرسن. بیلگەن، مۆجۆ و ئالنکا بۆ ئاژانسى هەواڵی فوارت (ANF) دوان.

ئایهان بیلگەن پاڵێوراوی هەدەپە لە قەرس کەسایەتییەکى ناسراوە لە ناو سیاسەتی کورد دا. ساڵی ١٩٧٠ لە ناوچەی ساری قامیشی قەرس لە دایکبووە. لە بەشی بەڕێوەبەرایەتیى جەماوەریى کۆلیژی زانستە سیاسییەکانى زانکۆی قەرس خوێندنى تەواو کردووە. بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆى حاجەت تەپە بەشی کۆمەڵناسیى تەواوکردووە. هاوکات لەگەڵ سەرۆکایەتیى گشتیى رێکخراوی مەزڵوم-دەر (رێکخراوى بواری مافەکانى مرۆڤ و هاوکاریکردنى زوڵم لێکراوەکان)، بۆ ماوەیەکیش کارى رۆژنامەنووسی و نووسەریى کردووە. ساڵی ٢٠١٥ لە قەرس و لەسەر لیستى هەدەپە بوو بە پەرلەمانتار. دواى ئەوەى مافی پارێزبەندیى پەرلەمانتاریى لێ زەوتکرا، بۆ ماوەیەک لەلایەن حکومەتى تورکیاوە دیلکرا.

هەدەپە بەڵێنى ژیانێکى ئازاد دەدات

بیلگەن رایگەیاند، هەدەپە بەرگری لە ژیانى هەمووان و پێکەوەى و هەموو زمان و بیروباوەڕەکان دەکات. لەو بارەیەوە وتى "دۆخی کۆڵایەتیى قەرس و راستیى هەدەپە لەگەڵ یەک دێنەوە. لە قەرس بیروباوەڕی جیاوازی وەک، جەعفەری، سونی، عەلەوی و نەتەوەکانى تورکمەن، کورد و تورک پێکەوە دەژین. لە شارێکدا ئێمە پێکەوە دەژین. بۆ وڵاتێکى ئازاد، تورکیایەکى ئازاد بووم بە پاڵێوراوى هەدەپە".

سەرەتا ئەردەخان، ئێستا قەرس

ئارزو موجۆ پاڵێوراوی دووەمى هەدەپەیە لە قەرس. ئارزو تاوەکو ئێستا لە ناو حیزبە کوردییەکاندا چەندین ئەرک و بەرپرسیارێتیى جۆراجۆری لە ئەستۆ بووە. مۆجۆ لە قەرس لە دایکبووە. خوێندنى سەرەتایى و ناوەندیى لە قەرس تەواو کردووە. لە زانکۆى فوراتیش بەشی کۆمپیوتەرى تەواو کردووە. مۆجۆ بۆ هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥ لە ئەردەخان پاڵێوراوی هەدەپە بوو.

رێگاى دەرچوون لە تاریکی

مۆجۆ سەرنجى خستەسەر قەیرانى قورسی ئابووری و سیاسیی تورکیا و رایگەیاند، خوڵقێنەرانى ئەو دۆخە و هاوپەیمانێتیى ئاکەپە – مەهەپە و هاوپەیمانییەکانى تریش دەیانەوێت لە کەسایەتیى هەدەپەدا کورد و پێکهاتە جۆراجۆرەکانى کۆمەڵگا لە خوار بەربەستی سەدا ١٠ بهێڵنەوە و بیانخەنە دەرەوەى سیاسەت.

مۆجۆ لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "هەروەها هەدەپە حیزبیکى ژنانە. ٢٣٠ پاڵێوراوى ژنمان هەیە. سیستمى هاوسەرۆکایەتیمان نوێنەرایەتى و نمونەى یەکسانییە و سازشی لەسەر ناکات. ئێمە لەگەڵ گەلەکەى خۆماندا بووینەتە هاوپەیمان. کاتێک مرۆڤ سەیری لیستى پاڵێوراوانمان دەکات، ئەوە دەبینێت، کە هەدەپە کار بۆ هاوبەشی کردنی پێکهاتە جیاجیاکانی تورکیا لە ناو سیاسەتدا دەکات. بە کورتی، رێگاى دەرچوون لەم دۆخە تاریکە هەدەپەیە و لەبەر ئەوەش بوومە پاڵێوراوى هەدەپە".

یاساناسی گەنج: ئالنکا

سێیەمین پاڵێوراى هەدەپە لە قەرس، پارێزەر بشار عەبدی ئالنکایە. ساڵی ١٩٨٣ لە ناوچەى دیگۆری قەرس لە دایکبووە. دواى ئەوەى بەشی یاسایى زانکۆى یاکیندۆغوی تەواو کرد،  دەستى بەکاری پارێزەرێتى کرد. ئالنکا یاساناسێکى داکۆکیکارە لە مافەکانى مرۆڤ و لە ناو سیاسەتى کورد دا گەورە بووە.

 ئالنکا لەبارەى بوونى بەپاڵێوراوى هەدەپە وتی "هەدەپە حیزبی ئازادییەکانە. لە تەندروستییەوە تاوەکو ئابوروی، رێنوێنیى ژیانى ئازاد و چارەسەریى پێیە. من بڕوام بەوەیە و لەبەر ئەوەى بڕوام بەوەکردووە بوومە پاڵێوراوى هەدەپە".

ر.م