'دیار غەریب بۆ کۆمەڵگەى ئێزدی واتایەکى گرنگی هەیە'

ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکى شەنگال یادی دیار غەریب (هەڵمەت)ی کردەوە و رایگەیاند، لەسەر رەنج و ئامانجەکەى هەڵمەت درێژە بە تێکۆشان دەدەن.

ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکى شەنگال (مەخەدەشە - MXDŞ) بە بۆنەى یەکەمین ساڵیاد شەهادەتی دیار غەریب (هەڵمەت) ئەندامی دەستەى سەرۆکایەتیی گشتیی کەجەکە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەدا رەنج و تێکۆشانی دیار غەریب بۆ بونیاتنانی سیستمی نەتەوەى دیموکراتیک لە شەنگاڵ بە بیر خراوەتەوە و تیایدا هاتووە "گەلی کورد لە باشووری کوردستان بە پێشەنگایەتیی کەسایەتیی وەک هەڤاڵ هەڵمەت تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسیی بەهێز کرد".

مەخەدەشە راشیگەیاندووە، دواى فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ بۆ سەر شەنگال، کۆمەڵگەى ئێزدی بە رەنجی دیار غەریب و هاوڕێکانی لە سڕینەوە رزگاری بوو و خۆی بە رێکخستن کرد.

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "رەنج و هەوڵەکانی هەڤاڵ هەڵمەت هەر چۆن بۆ گەلی باشووری کوردستان گرنگە و خاوەن رۆڵێکى بەرچاوە، بۆ ئێمەی کۆمەڵگەى ئێزدیش بەو شێوەیە بوو".

لە کەسایەتیی دیار غەریب دا یادی هەموو شەهیدانی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بەرز راگیراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو "شەهیدی گەورە دیار غەریب رەنجدەرێکى گەورەی سیستمی شەنگال بوو. بە دڵێکی پڕ لە ئازارەوە ئێمە یادی دەکەینەوە".

ئەنجوومەنى خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکى شەنگال بە ناوی کۆمەڵگەى ئێزدییەوە رایگەیاندووە، تاوەکو گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەسەر رێگاکەى دیار غەریب رێدەکەن و ئەوەشیان راگەیاندووە، هەرگیز رەنج و پشتیوانیی دیار غەریب بۆ کۆمەڵگەى شەنگال لەبیر ناکرێت.

ژ.ت