دەوڵەتی داگیركەری تورك بەردەوامە لە بۆردومان و تۆپبارانی ناوچەی برادۆست
سوپاى دەوڵەتى داگیرکەری تورک ئێوارەى دوێنێ ئەرمووش، چیادێل، کەندەگەری، گەرووی سیران، رۆبی و گەرووی کارەشک-یان تۆپباران و هاوەنبارانکرد.
سوپاى دەوڵەتى داگیرکەری تورک ئێوارەى دوێنێ ئەرمووش، چیادێل، کەندەگەری، گەرووی سیران، رۆبی و گەرووی کارەشک-یان تۆپباران و هاوەنبارانکرد.
تۆپباران و هاوەنبارانى سوپاى تورکی داگیرکەر بۆ سەر ناوچەى برادۆست لە پارێزگاى هەولێر لە باشووری کوردستان بەردەوامیى هەیە و ئێوارەى دوێنێ لە کاتژمێر ٠٥:٢٠ بۆ ٠٧:٣٠ ئەو ناوچەیەیان تۆپباران و هاوەنبارانکرد.
سوپاى تورکی داگیرکەر لە تۆپبارانکردن و هاوەنبارانەکەیاندا ئەرمووش، چیادێل، كەندەگەری، گەرووی سیران، ڕۆبی و گەرووی كارەشكی کردە ئامانج و زیانی بەو شوێنانە گەیاند. سەرباری ئەوەى سەرەتاى بەهارە و زۆربەى ناوچەکان سەوزبوون، بەڵام بەهۆی چڕیى تۆپباران و هاوەنبارانەکەى سوپاى تورکی داگیرکەرەوە ئاگر لە ناوچەكە كەوتووەتەوە و بەو هۆیەوە لەوەڕگای مەڕ و ماڵاتی گوندنشینان دەسوتێت كەس ناتوانێت بچێت بیكوژێنێتەوە.
ھاوكات لەگەڵ تۆپباران و هاوەنبارانەکەیاندا، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەو ڕژێمە فاشیست و داگیرکەرە بۆ ماوەی دوو كاتژمێر بەسەر ئاسمانی ھەرێمەكەدا سوڕانەوە.
بەپێی زانیارییە ھەرێمییەكان سوپای توركی داگیرکەر ڕۆژ بە ڕۆژ ھێرشەكانی زیاترکردووە و ئەوەش بەپێى وتەى سەرچاوە هەرێمییەکان بۆ ترسیان لە چالاکی و ھێرشی گەریلاكانی ئازادیى كوردستان بۆ سەر بنكەكانیان لە برادۆست دەگەڕێتەوە، چونکە سەربازانی سوپاى تورک لە ڕووی دەروونییەوە تێكچوون و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوكێدان و دەیانەوێت بە فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانەوە و بەو تۆپباران و هاوەنباران ورە بە سەربازە تێکشکاوەکانیان بدەن.
ناوچەى برادۆست دەكەوێتە سێگۆشەی سنووریى نێوان باکوور، باشوور و رۆژهەڵات و یەكێكە لەو ناوچانە بەردەوام لەلایەن سوپاى تورکی داگیرکەرەوە بۆردومان دەکرێت و بەو هۆیەوە ساڵانە چەندین ھاووڵاتیی سڤیل دەبنە قوربانیی دەستی ڕژێمی داگیركەری تورك.
ناوچەی برادۆست سەر بە قەزای سۆرانە لە سنووری پارێزگای ھەولێر و لە ١٤٤ کلیۆمەتر لە شاری هەولێری پایتەختى هەرێمى باشووری کوردستانەوە دوورە.
ر.م