سێ ڕۆژە زەینەب جەلالیان دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد لە زیندانی قەرچک لە ڕۆژی شەمەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە و داواکاریەی گەرانەوە بۆ زیندانی خۆی یان زیندانی ئووینە.

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد کە بۆ زیندانی قەرچکی وەرامین گواسترایەوە لە ڕۆژی شەمە ٢٠ی حوزەیرانەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە. جەلالیان هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئەگەر لە زیندانی قەرچک بمێنێتەوە دەست بە مانگرتن دەکات. ئەو زیندانیە سیاسیە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆناش بووە، دوای کردبوو لە دەرەوەی زیندان، چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بۆ زیندانی قەرچک گواستراوەتەوە بە تەنها یەکجار زەینەب جەلالیان بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان براوە و پزیشکان ڕایانگەیاندووە کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و ڤایرۆسەکە لەناو ڕیخۆلەکانی بڵاوبووەتەوە و باسی ئەوەیان کردووە کە بەهۆی ئەوەی لەژێر چاودێری پزیشکدا دەرمان ناکرێت و لە دۆخێکی ناجێگیردایە، ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشی ئاسم (تەنگەنەفەسی) ببێت.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەروەها ئاشکرای کرد کە سوهەیلا حێجاب و ساکینە پەروانە دوو زیندانی تری سیاسی کورد لە زیندانی قەرچک دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە و هەردوو زیندانی سیاسی کورد داوایانکردووە کە بۆ زیندانی ئووین بگوازرێنەوە. بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستی، ساکینە پەروانەش بۆ بنکەی تەندروستی زیندانەکە گواستراوەتەوە.

ف.ق