عەقڵییەتى شەڕ کۆتایى پێ دێت

هاوسەرۆکانى هەدەپە و دەبەپەی وان رایانگەیاند، گەلی وان بە روونى بڕیارى خۆی داوە و ئەو عەقڵییەتەی شەڕ کە بە "پلانى وێرانکردن" هێرشى کردە سەر گەلی کورد، لە ٢٤ى حوزەیراندا کۆتایى پێ دێت.

هاوسەرۆکانى هەدەپە و دەبەپەی وان رایانگەیاند، گەلی وان بە روونى بڕیارى خۆی داوە و ئەو عەقڵییەتەی شەڕ کە بە "پلانى وێرانکردن" هێرشى کردە سەر گەلی کورد، لە ٢٤ى حوزەیراندا کۆتایى پێ دێت.

رێکخستنەکانى هەدەپە و دەبەپە لە وان بە پێداگری و بە بڕیارەوە بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران خۆیان ئامادە دەکەن. هەدەپە پلانى بۆ ئەوە داناوە، کە لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا هەر ٨ کورسییەکەى پارێزگاى وان بۆ پەرلەمانی تورکیا بە دەست بهێنێت.

هەدەپە لە هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانى ٢٠١٥دا، رێژەى ٨٥.٨٢%ى دەنگەکان و لە هەڵبژاردنى ١ى تشرینى دووەمی ٢٠١٥دا و سەرباری تیرۆرەکانى دەوڵەت، ٦٥%ى دەنگەکانى وانى بە دەستهێنابوو. لە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیراندا هەدەپە هەر یەک لە، سەزاى تەمەلی هاوسەرۆکى هەدەپە، بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان، موراد سارساچ، موزەیەن ئۆرهان، تەیب تەمەل، جەنگیز چیچەک، موقەدەس کاراکۆچ و ئاسومان یەڵمازەری لە وان کردووەتە پاڵێوراو. هەدەپە دەیەوێت دەنگى زیاتر لە ٧ى حوزەیرانى ٢٠١٥ بە دەست بهێنێت.

رێکخستنى هەدەپە لە وان تاوەکو ئێستا ٢٧ بنکەى بانگەشەى هەڵبژاردنی ئامادە کردووە و ١٠ بنکەى تریش بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن دەکاتەوە.

کارابولاک: ئامانجى ئێمە ٨ لە هەشتە

یادیشەن کارابولاک هاوسەرۆکى پارتى دیموکراتیکى گەلان (هەدەپە) ئاماژەى بە کاریگەری و بەرزیى ئاستی ورە و ئامانجی گەل کرد بۆ هەڵبژاردنى ٢٤ى حوەزیران / ٣ى پووشپەڕ و رایگەیاند "لەو رۆژەوە کە بڕیارى هەڵبژاردنە سەپێنراوەکە دراوە، ئێمە ئامادەکارى بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکەین. ئێمە دەستەى هەڵبژاردنمان دامەزراند و بەرێکخستنکردنی کاروبارەکانمان تەواو کردووە. گەلەکەمان لە هەموو شوێنێکدا بە گەرموگوڕییەوە پێشوازیمان لێدەکەن. گەلەکەمان بەهۆی سیاسەتەکانى ئەم چەند ساڵەى دواییەوە، زۆر بێزارن و چاوەڕێ دەکەن بە دەنگدان وەڵامى ئەو سیاسەتە بدەنەوە. هەڵوێستى گەلی وان هەموو کات روون بووە و هەر بە روونیش دەمێنێتەوە. ئامانجمان ئەوەیە، هەر ٨ پەرلەمانتارەکەى وان بەدەست بهێنین".

تارهان: خۆیان فریودا، ئێمە ئامادەین

ئاینور تارهان هاوسەرۆکى پارتى دیموکراتیکی هەرێمەکان (دەبەپە) رایگەیاند، هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە ئیتر تواناى بەڕێوەبردنى وڵاتیان نەماوە. بۆ ئەوەى هەدەپە لە گۆڕەپانەکە بسڕنەوە لە ناکاو بڕیاری هەڵبژاردنیاندا "بەڵام ئەوان خۆیان فریودا. لەبەر ئەوەى ئێمە وەکو گەلی کورد بە سیستماتیک و پلان بۆ دانراو زوڵممان لێدەکرێت، هەموو کات بۆ هەموو رووداوێک ئامادەین".

تارهان راشیگەیاند، جۆش و خرۆش و ورەى گەلی وان بە بەردەوامى لە تێکۆشاندایە و ئەوەش کاریگەریى لەسەریان دروستکردووە و لەو بارەیەوە وتی "گەلەکەمان لە ٢٤ى حوزەیراندا دەچێتە سەر سندوقەکان و عەقڵییەتى شەڕ تێکدەڕوخێنێت. گەلەکەمان بە دەنگدانەکەى وەڵامى راگەیاندنى بارى نائاسایى، قەدەغەى هاتووچۆ، دانانی قەیوم و هەموو سیاسەتە دوژمنکارانەکان دەداتەوە. ئێمە لە ناوەند و ناوچەکانى سنوورى خۆمان سەرقاڵی بەڕێوەبردنى کارێکى بەرفراوانیان. بە درێژایى مانگى رەمەزان ئەو کارانەى ئێمە بەردەوام دەبن. گەلەکەمان خاوەنداریى لە حیزبەکەمان کرد. ئەوە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. گەلی وان تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی خاوەنداریى لە ئیرادەى خۆى کردووە. دیسانەوە دوو هێندەى پێشتر خاوەنداری لە ئیرادەى خۆى دەکاتەوە. ئەوانەى کە بە 'پلانى وێرانکردن و لەناوبردن' هێرشیان کردە سەر گەلەکەمان، لە ٢٤ى حوزەیراندا تێکدەڕووخێن".

ر.م