قەرەسوو: خاوەنداری لە دەنگەکانتان بکەن

قەرەسوو رایگەیاند، ئاکەپە و مەهەپە ئەوە دەزانن ئەگەر هەدەپە بەربەستەکە تێپەڕێنێت ئەوان لەدەسەڵاتدا نامێنن، بۆیە ئاشکرایە پەنا دەبەنە بەر فرتوفێڵ و ساختەکاری. لەبەر ئەوە دەبێت کورد و هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان خاوەنداری لە دەنگەکانیان بکەن.

 مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەى گرنگیى هەڵبژاردنی ٢٤ى حوزەیران بۆ گەلی کوردستان و هێزە دیموکراسیخوازەکان بۆ ئاژانسى هەواڵى فوارت (ANF) دوا.

"فەرمانیان دەرکردووە هەدەپە لە خوار بەربەستى هەڵبژاردنەوە بهێڵنەوە"

قەرەسوو باسى فرتوفێڵ و ساختەکارییەکانى دەوڵەتى تورکیای بەرامبەر بە دەنگەکانى کوردستا کرد، کە ئەو دەوڵەتە بە بەردەوامی لە دەپەوە بۆ هادەپ لە هادەپیەوە بۆ هەدەپە دەنگەکانى خەڵکى کوردستان دەدزێت. نەک تەنها لە کوردستان، بەڵکو لە چوکورۆڤا، مارمارا و ئەگەش هەموو جۆرە فرتوفێڵ و ساختەکارییەک دەگرێتەبەر. ئەم هەڵبژاردنە لە هەڵبژاردنەکانى پێشتر جیاوازە و وتى "چونکا لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنى هەدەپە بە مانای تێکشکاندنى ئاکەپەیە. لەبەر ئەوەش فەرمانیان دەرکردووە هەدەپە لە خوار بەربەستی هەڵبژاردنەوە بهێڵنەوە. بەپێى سەرکەوتنى هەدەپە مانەوە و نەمانەوەى ئاکەپە – مەهەپە لە دەسەڵاتدا روون دەبێتەوە. ئەو دەنگانەى کە دەخرێنە ناو سندوقەکانەوە وەک خۆیان بمێننەوە و نەگۆڕدرێن، بێگومان دەسەڵاتەکەى ئاکەپە – مەهەپە قەڵس دەکات، چونکە لە دەسەڵاتدا نامێننەوە و دەسەڵاتەکەیان لە دەست دەدەن".

قەرەسوو لەبارەى هاوپەیمانیى فاشیستیى ئاکەپە – مەهەپەوە وتى "بێگومان ئەو هاوپەیمانییە لە کوردستان دەستدەکات بە فرتوفێڵ و ساختەکاری. لە کوردستان دەرەفەتى زیاتریان لە بەردەستدایە بۆ ئەنجامدانی فرتوفێڵ و ساختەکارى، چونکە کوردستان داگیرکراوە و جموجوڵەکانیان و نزیکایەتییەکانیان داگیرکەرانەیە. هەر چەند سەرتاسەرى تورکیا بە یاساى بارى نائاسایى بەڕێوەدەچێت، بەڵام جیاوازى هەیە لە باری نائاسایدا، ئەم رژێمە هەموو کاتێک جیاوازی دەکات لە نێوان کوردستان و تورکیادا. لە کاتى ئاسایدا ئەو گوشارەى لەسەر کوردستانە ١٠ هێندەى ناوچەکانى تری تورکیایە، ئەگەر لە ناوچەکانى تری تورکیا گوشارەکان بگاتە رێژەى سەدا ١٠، ئەوا لە کوردستان گوشارەکان ١٠٠ هێندە زیاترن لە گوشارەکانى ناوچە تورکییەکان".

 قەرەسوو ئەوەشى خستەڕوو، هەموو کات بەڕێوەبەریى جیاواز و جیاکار، باری نائاسایى و کودەتا بەهۆى سەرکەوتنى کوردەوە بووە و ئەو بارودۆخەش (هۆکارى درێژەکێشانی بارى نائاسایی و بەردەوامیى دۆخی کودەتاکان) بۆ ئەوەیە، کە دەیانەوێت بە تەواوی تێکۆشانى ئازادى بچەوسێننەوە.

لەبارەى گۆڕینى شوێنى سندوقەکانى دەنگدانەوە وتى "لەمدواییانەدا هەندێک سندوقى دەنگدانیان گواستووەتەوە بۆ ناوچەى تر. سندوقەکانیان لە شوێنى دەنگدەرانەوە بردووە بۆ ئەو گوندانە، کە لە دەستى قوروجی (جاش و بەکرێگیراوان)دایە و گوشار دروست دەکرێت بۆ ئەوەى دەنگدەر لەژێر کۆنتۆڵی ئەواندا دەنگ بدات. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، کە دەسەڵاتداریى ئاکەپە – مەهەپە دەیانەوێت بە چ رادەیەک گوشارى قورس لەسەر دەنگى کورد دروست بکەن".

"دەکرێت بە خاوەنداریکردن لە سندوقەکان پارێزگارى لە دەنگەکان بکرێت"

قەرەسوو لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "لەبەر ئەو هۆکارانە، دەبێت کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان لەو راستییە تێبگەن و بچنە سەر سندوقەکان و دەنگ بدەن و خاوەنداریش لە سندوقەکان بکەن. چۆن خەبات بۆ ئەوە دەکرێت، کە دەنگى زیاتر بدرێت،  دەبێت بۆ پاراستنى سندوقەکانیش خەباتێکى لەو شێوەیە بکرێت. بەوشێوەیە و بە خاوەنداریکردن لە سندوقەکان، تا رادەیەک ئەو دەنگانە دەپارێزرێن کە خراونەتە ناو سندوقەکانەوە".

قەرەسوو داواشى لە کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان کرد کە "پێش هەڵبژاردن چۆن کاریانکرد، چۆن هۆشیارانە جوڵانەوە، دەبێت کاتى دەنگدانیش و کاتى کردنەوەى سندوقەکانیش وریا و هۆشیار بن".

"ئەوانەى نەتوانن خاوەنداری لە دەنگى خۆیان بکەن، ناتوانن خاوەنداریش لە نامووسی خۆیان بکەن"

"کورد دەبێت لە دژى ئەو گوشارانە و بۆ پووچکردنەوەى گوشارەکان، سندوقى دەنگدان لە کوێ دابنرێت، دەبێت بچن بۆ ئەو شوێنە و دەنگ بدەن. دەبێت نەترسن، بە ترس هیچ ناگۆڕێت، چونکە ئەو گوشار و زۆردارییانە بۆ ئەوەیە کورد لەناو ببەن. لەبەر ئەوەش دەبێت لە دژى سڕینەوە بەرخۆدان هەبێت. ئەگەر ئەمڕۆ بەرخۆدان نەبێت ئەوا سبەى زۆر شت لە دەست دەچێت و درەنگ دەبێت. دەبێت ژن و گەنج و هەموو کورد بەرخۆدان بکەن. دەبێت بچنە سەر سندوقەکانى دەنگدان و هەر چۆنێک بێت، پێویستە دەنگەکانیان بپارێزن. دەبێت بە ئیرادە و ورەوە بچنە سەر سندوقەکان. دەبێت بڵێن 'دەنگ نامووسە. ئەوانەى نەتوانن خاوەنداری لە دەنگەکانیان بکەن ناتوانن خاوەندارى لە ناموسیشیان بکەن. ئەوانەى نەتوانن خاوەندارى لە دەنگەکانیان بکەن ناشتوان خاوەندارى لە کوردستان و شوناسی خۆیان بکەن'. دواى ئەوەش دەنگیاندا دەبێت لەوێ بمێننەوە و خاوەندارى لە دەنگەکانى خۆیان بکەن".

"لە کاتى دەسەڵاتداریى ئاکەپەدا ژنیان بە تەواوەتى کردووەتە کەرەستەی گاڵتەپێکردن"

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لەبارەى سیاسەتى دوژمنکارانەى ئاکەپە بەرامبەر بە ژنان وتى "ئاکەپە بە عەقڵییەتى باڵادەستی و زاڵبوونى پیاو دوژمنایەتى لەگەڵ ژنان دەکات، چونکە هەموو دەسەڵاتە، باڵادەستخوازەکان نێرینەن. دەسەڵاتداریى ئاکەپە – مەهەپە دەسەڵاتداریى فاشیستانەیە، نەژداپەرستانە و شۆڤێنیزمانەیە و ئەوانەش دەسەڵات و عەقڵییەتى پیاوسالاری و زاڵبوونى پیاون. لەبەر ئەوە بە روونى دیارە، کە لە سەردەمى دەسەڵاتى ئاکەپەدا، دوژمنایەتى بەرامبەر بە ژنان دەکرێت. هەم نەژادپەرستە، هەم زایەند پارێزە و جیاکاریى رەگەزی دەکات و هەمیش وەک ئەو لایەنانەى، کە لە مێژە ئایینیان بەرامبەر بە ژن کردووەتە کەرەستەی گوشار، دوژمنایەتیى ژن دەکەن".

قەرەسوو وتیشى "ئەردۆغان هەر چۆن ئایینى کردووەتە کەرەستەى نەژادپەرستی و دوژمنایەتى بەرامبەر بە ژنان، بەو شێوەیەش دەیەوێت بە پێشخستنى نیولیبراڵیزمیش درێژە بە دوژمنایەتییەکەى بەرامبەر بە ژنان بدات. نیولیبراڵیزم بەو مانایە دێت، کە زۆرترین لێدان و گوشار و هێرشکردنە سەر ژن و کەسایەتیى ژن ئەنجام دەدرێت. هیچ کات لە مێژووى تورکیادا بە کەرەستەکردنى ژن بە رادەى ماوەى دەسەڵاتداریى ئاکەپە پێش نەخراوە. لە کاتى دەسەڵاتداریى ئاکەپەدا ژن بە تەواوەتى کرایە کەرەستەیەک کە بە چاوى سوک و کەم بایەخ سەیر بکرێت. لەلایەک بە عەقڵییەتى پیاوسالاری و لەلایەکى تر بە عەقڵییەتى نیولیبراڵیزم بە شێوەیەکى کۆکتێل و ئاوێتەکراو لە کوردستان و تورکیادا عەقڵییەت و کەشی دوژمنایەتیکردنى ژنانى دروستکردووە. ئەردۆغان و ئاکەپە دوژمنایەتیکردنى ژنانیان بە شێوەیەکى ئاشکرا خستووەتەڕوو".

"هەدەپە حیزبى ژنانە، ئەو ژنانەى ژیانێکیان بە رۆحی ئازادی دەوێت، هەدەپە پێشدەخەن"

قەرەسوو لەبارەى تێکۆشانى هەدەپە لە دژى سیاسەتى ئاکەپە بەرامبەر دوژمنایەتیکردنى ژنان وتى "لەسەردەمى ئاکەپەدا ژن لەناوبراوە و دافرەقێنراوە. گەورەترین تێکۆشان لە دژى ئەو سیاستە، رێگا و رێبازەکەى هەدەپەیە. حیزبەکانى پێش هەدەپە لەسەر بابەتى تێکۆشانى ئازادیى ژن هەوڵێکى زۆریان داوە، هێڵى ئازادیخوازیى ژن لە هەدەپەدا ئەمڕۆ لە ئاستى جیهاندا قسەى لەسەر دەکرێت و وەک هێڵێک دەخرێتەڕوو. سیستمى کۆمەڵایەتى، سیاسی و ئابوروى (لە تێکۆشانى هەدەپەدا) لەسەر بنەماى ئازادیى ژن پێشخراوە. لەبەر ئەوەش دۆخێکى سروشتییە کە ژنان پشتیوانى لە هەدەپە بکەن. هەدەپە حیزبى ژنانە. هەدەپە تەنها لە  بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا پۆستى بە ژنان نەداوە، یان تەنها نایانکات بە پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانی، بەڵکو هەوڵ دەدات لە هەموو ئاستەکانى ژیانی کۆمەڵایەتى، سیاسی، ئابوورى و رۆشنبیریدا ژنان جێگە و پێگەیان هەبێت و رەنگ و شوێندەستیان دیار بێت".

قەرەسوو وتیشى "لەبەر ئەوە هەموو ئەو ژنانەى کە عەقڵییەت و هۆشیاریى زایەندیان هەیە، یان لە دژى عەقڵییەتى پیاوسالارین و هەروەها هەموو ئەو ژنانەى کە ژیانێکى سیاسی، کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرییان لەسەر بنەماى ئازادی دەوێت، روویان لە هەدەپە کردووە و هەدەپەیان بەهێز کردووە".

"هەدەپە و ژن پێکەوە یەکتر بەهێز دەکەن"

قەرەسوو رایگەیاند، ئازادیخوازیى ژن کارەکتەرى ئازادی و دیموکراسیى هەدەپە قوڵتر دەکات و هۆکارى قۆڵبوونەوەی کارەکتەرى ئازادی و دیموکراسی هەدەپە بۆ نزیکایەتیی لە ئازادى ژن دەگەڕێتەوە.

قەرەسوو ئاماژەى بەوەشکرد "ژنان هەدەپە سەردەخەن و هەدەپەش ژنان سەردەخات. بۆ ئەوەى یەکتر سەربخەن و یەکتر بەهێز بکەن دوو لایەنە لە خەباتدان. هەدەپە هێڵى ئازادیخوازیى ژن دەپارێزێت. ژنیش بۆ ئەوەى خۆى ئازاد بکات و لە ژیانى دیموکراتیکدا کاریگەر بێت، بۆ ئەوەى ببن بە ورە و بڕواى ژیانى کۆمەڵایەتى، لە دەوری هەدەپە کۆبوونەتەوە. ئەوە دۆخێکى زۆر سروشتییە. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە بە ڕێز و خۆشەویستییەوە سڵاو بۆ ئەو ژنانە دەنێرین، کە پشتیوانى لە هەدەپە دەکەن".  

"پێویست ناکات باسى هیچ بۆ کورد بکرێت، چونکە تایبەتمەندیى پاکتاوکارانە و کۆمەڵکوژکارانەى ئاکەپە دەناسن"

 قەرەسوو رایگەیاند، کورد ئاکەپەى بەهۆى قسەکانى ئەوان، یان بە هۆى وتەى هەندێک لایەنى تر و لە پڕوپاگەندەکاندا نەناسیوە، چونکە ئەوەى ئاکەپە چییە و چی نییە کورد بە ئەزموون و بە ژیان بۆى دەرکەوتووە. کورد تایبەتمەندیى پاکتاوکارانە و کۆمەڵکوژکارانەى ئاکەپە و دوژمنایەتیکردنى بەرامبەر بە کورد، بۆ روون بووەتەوە. ئاکەپە لەکاتى بەرخۆدانى خۆبەڕێوەبەریدا خاپوورکردن، سوتاندن، تاڵانکردن و رووخاندنى شارە کوردییەکانى سوور، جزیر، نسێبین، سلۆپى، گەڤەر و کوشتنى سەدان گەنجى جوانى پشکوتو، کە تەرمەکانیان لە سەهۆڵخانەکاندا هەڵگیران، ئەو قەیومانەى کە بەسەر شارەوانییەکانى کورد دا سەپاندنیان، گوشار لەسەر سیاسەتمەدارانى کورد و لەسەر رێکخراوەکانى ژنان، لەسەر رۆژئاوا وعەفرینی بە بیرخستەوە و وتى "کورد ئەوانە لە بیر ناکەن و لە دژى ئاکەپە و ئەردۆغان هەڵوێستى روون و ئاشکرای خۆیان دەخەنەڕوو. بۆ ئەوەى کورد هەڵوێستى خۆی لە دژى ئاکەپە بخاتەڕوو، نەک هۆکارێک، نەک دەیان و نەک سەدان، بەڵکو هەزاران هۆکار بوونى هەیە، لەبەر ئەوەش کورد زۆر پێویستى بەوە نییە، کە لەبارەى دوژمنایەتیى ئاکەپەوە قسەیان بۆ بکرێت، چونکە بە ژیان و بە ئەزموون تایبەتمەندیى فاشیستی و کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری و سڕینەوەى ئاکەپەى بۆ دەرکەوتووە".

"دەبێت عەلەوییەکان زۆر کار بکەن بۆ ئەوەى هەدەپە سەرکەوتنى گەورە بە دەست بهێنێت"

 قەرەسوو لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "کۆمەڵگەى عەلەوی تایبەتمەندیى بە سیاسیى کردنى ئایین لەلایەن ئاکەپەوە و نەژادپەرستیى ئاکەپە دەبینن. ئەوە روونە، کە سەنتێزی تورک – ئیسلامی مەهەپە لەگەڵ عەقڵییەت و ئایدۆلۆژیاى سیاسی و هاوبەشى ئاکەپە – مەهەپە نەک تەنها کورد، بەڵکو دەیەوێت عەلەوییەکانیش بێناسنامە و شوناس بکات و پاکتاویان بکات. بۆ ئەوەش پێویست ناکات بە عەلەوییەکان بوترێت ئاکەپە ئەمەیە و ئەوەیە. عەلەوییەکان ئاکەپە دەناسن. لە دژى دەسەڵاتى ئاکەپە بە هەڵوێستن".

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە درێژەى قسەکانیدا وتى "تاکە هێڵى سیاسی، کە لە دژى دەسەڵاتى ئاکەپە تێدەکۆشێت، ئەو هێڵەى، کە ئاکەپە لە دەسەڵات دەهێنێتەخوارەوە و رێگا بۆ بە دیموکراسیبوونى تورکیا دەکاتەوە، ئازادیى بیروباوەڕ، ناسنامە و ئازادی عەلەوییەکان بەدی دەهێنێت، هێڵى هەدەپەیە. بێگومان ئەو عەلەوییانەى کە دەیانەوێت ئاکەپە لە دەسەڵات بهێننە خوارەوە، دەنگ بە هەدەپە دەدەن. ئەگەر هۆشیاری و عەقڵییەت لە ناو عەلەوییەکاندا گەیشتبێتە ئاستێکى بەرز، ئەگەر لەوە تێبگەن، کە گوشارى سەر عەلەوییەکان لە کوێوە سەرچاوەى گرتووە، ئەگەر لەوە تێبگەن کە باشترین خاوەنداریکردن لە عەلەوییەکان تەنها لە عەقڵییەت و تێزى نەتەوەى دیموکراتیکدایە و ژیانى هاوبەشی ناسنامە و شوناسەکان، بیروباوەڕی جیاوازى پێکهاتەکان لە فەلسەفەى نەتەوەى دیموکراتیکدایە، ئەوە بێگومان روو لە هەدەپە دەکەن و دەنگ بە هەدەپە دەدەن".

قەرەسوو ئەوەشى وت "هەدەپە هەم حیزبى کوردانە و هەم حیزبى عەلەوییەکانیشە. لەبەر ئەوەیە کە دەبینین عەلەوییەکان روو لە هەدەپە دەکەن. ئێمەش بەوە دڵخۆش دەبین. ئێمە دەزانین، کە عەلەوییەکان تەنها لە ناو دیموکراسیدا دەتوانن ببنە خاوەنى ژیانێکى دیموکراتیک. لەبەر ئەوەش و بەهۆى ئەو هەڵوێستانەوە، ئێمە سڵاویان بۆ دەنێرین. هەڵبەت تەنها بینینى ئەو تایبەتمەندییەى هەدەپە و تەنها دەنگدان بە هەدەپە بەس نییە، بۆ ئەوەى هەدەپە سەر بکەوێت دەبێت عەلەوییەکان باش کار بکەن. دەبێت هەمووم وزە و تواناى خۆیان بۆ سەرکەوتنێکى گەورەى هەدەپە بەکاربهێنن. لەبەر ئەوە سەرکەوتنى هەدەپە دەبێتە سەرکەوتنى ئەوانیش. سەرکەوتنى هەدەپە بە ماناى نەمانى ئەو گوشارانەیە کە سەدان ساڵە بەرامبەریان پەیڕەودەکرێت. لەبەر ئەوەش ئێمە داوا لە عەلەوییەکان دەکەین، کە پێش هەڵبژاردن زۆرکار بکەن و هەدەپە بەرەو سەرکەوتنێکى گەورە ببەن".

"ئایینى ئاکەپە – ئەردۆغان ئایینى دەسەڵاتپەرستییە"

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە کۆتایى قسەکانیدا داواى لەو لایەنانە کرد، کە بەها ئیسلامییەکان دەپارێزن و وتى "هەر چۆن داعش زیانى بە ئایینى ئیسلام گەیاند، ئاکەپەش زیان بە ئایینى ئیسلام دەگەیەنێت. دەیانەوێت ئیسلام بکەنە کەرەستەى نەژادپەرستى و بیرکردنەوە شکستخواردووەکەیان. ئیسلامییان کردووە بە کەرەستەى خۆدەوڵەمەندکردن. کردوویانە بەو کەرەستەیە کە لەسەر دەسەڵات بیانهێڵێتەوە. ئیسلامى دەسەڵاتخواز، ئیسلامەکەى معاوییە. ئەوەش هیچ پەیوەندییەکەى بە بیروبڕواى گەلەوە نییە. لەو رێگەیەوە گەورەترین دوژمنایەتى بەرامبەر بە ئیسلام ئەنجام دەدەن. ئەوە تەنها قسەى ئێمە نییە، ئەوە قسەى زانایانى ئیسلامیشە. قسەى ئەوانەیە، کە شارەزاى دەق و بابەتە ئیسلامییەکانن. ئەوە راستییەکەیە. بەڕاستى کەس بڕوا بە ئیسلامەکەى ئەردۆغان ناکات و خاوەنداریى ناکات. هەر چۆن ئیسلامەکەى داعش لەلایەن هیچکەسەوە قبوڵ ناکرێت، ئیسلامەکەى ئەردۆغانیش لەلایەن کەسەوە قبوڵ ناکرێت. نزیکایەتى داعش، ئەردۆغان و ئاکەپە لە ئیسلام، زیان بەو ئیسلامە دەگەیەنێت، بە تایبەتى بە نزیکایەتیى کەمالیستییانە لە ئایین و کۆمەڵگا زیانى زیاتر بەو جەماوەرە دەگەیەنن، رەنگە خەڵک پێشتر بەهۆى نزیکایەتى خراپى دەوڵەتەکانى پێشوو (دەوڵەتە کەمالیستەکانەوە) دەنگیان بە ئاکەپە و ئەردۆغان دابێت، بەڵام دۆخى ئێستاى ئاکەپە و ئەردۆغان لە دۆخى دەوڵەتە کەمالیستەکاندایە و زیانیان بە ئایینى ئیسلام گەیاندووە. لەبەر ئەوەش لە ئێستا بە دواوەوە، ئەوەى دەنگ بە ئاکەپە و ئەردۆغان بدات و لە دەسەڵاتدا بیانهێڵنەوە، دەبنە هۆى ئەوە دواى ماوەیەکیش زیان بەو دەنگدەرانەش بگەیەنن".

قەرەسوو ئەوەشی خستەڕوو "هەدەپە لە ئیسلامى راستەقینە تێدەگات، بە دروستى لە هەموو ئایینەکان تێدەگات، لە ئەرکی کۆمەڵایەتیى ئایین تێدەگات، بڕواى بەوە هەیە کە ئایین نوێنەرایەتیى پێوەرەکانى هەق، دادپەروەری و یەکسانى دەکات. بۆیە دەبێت پشتیوانى لە هێڵى هەدەپە بکەن و لەو رێگەیەوە و لەسەر بنەمایەکى دروست بژین".

ر.م