قەرەسوو: عەقڵیان لە دەستداوە و هەموو شتێکیان لێدەوەشێتەوە

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، دەسەڵاتدارانى ئاکەپە – مەهەپە عەقڵ و هۆشیان لەسەردا نەماوە و لەبەر ئەوەش هەموو شتێکیان لێدەوەشێتەوە. راشیگەیاند "ئەو دەسەڵاتە سڵ لە هیچ ناکاتەوە و دەتوانێت هەموو جۆرە هێرشێک، کارى تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە و پیلانگێڕی ئەنجام بدات"

مستەفا قەرەسوو ئەندامی دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) شیکردنەوەکانی لەبارەی هۆکارى بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردن لە ٢٤ى حوزەیران و پرۆسەى هەڵبژاردنەکە، ئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی هەڵبژاردن و کاریگەرییەکانی و گرنگیى هەڵبژاردن بۆ گەلی کوردستان و هەموو هێزە دیموکراتیکەکان خستەڕوو.

ئەگەر ئەردۆغان لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت شەڕ قورستر و گەورەتر دەکات

مستەفا قەرەسوو رایگەیاند، هۆکارێکى گرنگى بڕیاری ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە دەیانەوێت ئەو شەڕەی لە ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا بەڕێوەى دەبەن بە شەڕێکى رەوای نیشان بدەن و لەو بارەیەوە وتى "لە ناخۆ هێرشێکى گەورە و قورس لە دژى کورد ئەنجام دەدەن. لە ١ى تشرینى دووەمەوە تاوەکو ئێستا شارە کوردییەکانى خاپوورکرد و ئاگرى تێبەردان. هەزاران سیاسەتمەدارى کورد زیندانیکران. بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر کورد. دوژمنایەتیى شۆڕشى رۆژئاوا دەکەن. بە کوشتنى سەدان هاووڵاتیى مەدەنی عەفرینى داگیرکرد. دەشڵێن، هێرش دەکەنە سەر هەموو شوێنێکى رۆژئاوا. هێرش دەکەنە سەر باشوورى کوردستان. لە خواکورک و لێلیکان هەندێک گردیان داگیرکردووە و دەڵێن، شەڕ قورستر و گەورەتر دەکەن، بەڵام لە ناوخۆ و لە دەرەوە نیگەرانى لەبارەى ئەو شەڕەوە هەیە و بەهۆى ئەو ناڕەزایەتییە زۆرەوە، تووشى ناڕەحەتى بوون و گوشاری زۆریان کەوتووەتەسەر. دەیانەوێت بەم هەڵبژاردنە گوشارەکانى ناوخۆ و دەرەوە لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە. ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت ئەوە شەڕ گەورەتر و قورستر دەکات، چونکە ئەوەتا بۆخۆیشی هەموو رۆژێک دەڵێت 'من دەچم بۆ فڵان شوێن'. دەڵێن، بەردەوام دەبن لە سیاسەتە هێرشکارانەکانیان. سەرکەوتنى ئەردۆغان لەم هەڵبژاردندا بە ماناى زیاتر بڵاوبوونەوە و زیاتر گەورەبوون و قورستربوونى شەڕە. بە مانای دژوارتربوونى شەڕ لە ناوخۆ و دەرەوە  دێت. یانى دەیانەوێت سیاسەتى 'لە وڵات شەڕ، لە جیهان شەڕ' بەڕێوەببەن".

دەیەوێت بە دوژمنایەتیکردنى کورد لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە

قەرەسوو راشیگەیاند "لە تورکیا یاساى گەیشتن بە دەسەڵات لەسەر بنەماى دوو رێگایە. یەکیان ئەوەیە، کە دەبێت تۆ لەسەر کوردان سەردەست بیت، سیاسەتى پاکتاوکارانە و سڕینەوە لە دژى کورد بەڕێوە ببەیت. ئەوە هەموو کات و بە درێژایى مێژووى کۆمار بەڕێوەبراوە. دووەمیان ئەوەیە، دەست لەو سیاسەتە هەڵبگریت و دەسەڵاتەکەت لەسەر بە دیموکراسیکردنى تورکیا دابمەزرێنیت. ئاکەپە – مەهەپە نایانەوێت دەسەڵاتدارییەکەیان لەسەر بنەماى بە دیموکراسیکردنى تورکیا بێت. بەڵکو دەیانەوێت لەسەر بنەمای دوژمنایەتیکردنى کوردان و زاڵبوون بەسەر کورداندا لەسەر دەسەڵات بمێننەوە. ئەوەش بە ماناى شەڕە لە دژى ئازادیخوازان، دیموکراسیخوازان و کوردان".

  دەزانن ئیتر ناتوانن دەنگى کوردان بە دەست بهێنن، بۆیە دەیانەوێت بە هاندانى شۆڤێنیزم سوودمەند بن و لەسەر دەسەڵات بمێننەوە

مستەفا قەرەسوو وتى "دەسەڵاتداریى ئاکەپە دەیەوێت لەسەر بنەماى هاندان و دنەدانى شۆڤێنیزم پشتیوانیى بەشێکى کۆمەڵگا بۆ خۆی مسۆگەر بکات و بەوشێوەیە لە دەسەڵات بمێنێتەوە. ئێستا ئیتر ئەوە دەبینن، کە ناتوانن دەنگى کوردان بۆخۆیان ببەن، ناتوانن دەنگى هێزە دیموکراسیخوازەکان بە دەست بهێنن، لەبەر ئەوە دەیانەوێت بەو هێرش و پەلامارانە لەسەر دەسەڵات بمنێننەوە. کاریگەریى ئەو هێرشانە بۆ سەر هەڵبژاردن بەمجۆرەیە، بێگومان هێزە دیموکراسیخوازەکان بەهۆى ئەو هێرشانەوە بێدەنگى هەڵدەبژێرێن، یان دەنگیان پێنادەن. کوردیش دەنگیان پێنادات، عەلەوی دەنگیان پێنادات، ئەوانەشى کە بە ڕاستى دڵسۆز و پابەندى بەها دادپەروەری و مافەکانى ئیسلامن دەنگیان پێنادەن، چونکە ئیسلامێتى بە ماناى ئاشتییە. لەبەر ئەوەش کۆمەڵگەى ئیسلامى دەنگ نادات بە دەسەڵاتێک کە سیاسەتى شەڕ و پەلاماردان بەڕێوە دەبات. ئەو هەڵبژاردنە بە شێوەی تێکۆشانی هەڵبژاردن لە نێوان بەشەکانى کۆمەڵگا، واتە لەنێوان شۆڤێنییەکان و ئەوانەى هاندەرى شۆڤێنیزمن و ئەوانەى کە لایەنگری مافەکان، ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسین بەڕێوەدەچێت. ئەردۆغان لە ئێستاوە هانى شۆڤێنیزم دەدات و هەوڵ دەدات لەو رێگەیەوە دەنگ بەدەست بهێنێت".

ئێمە رێکخستنى تێکۆشانین و بۆ هەموو پێشهاتێک ئامادەین

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە وتیشی "دەسەڵاتدارێتیى ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوەى لەسەر دەسەڵات بمێننەوە بە تەواوەتى دوور لە عەقڵ و هۆش دەجوڵێنەوە. داگیرکردنى عەفرین، هێرش بۆ سەر لێلیکان و خواکورک بۆ مانەوە لە دەسەڵات و سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا ئەنجامدران، بەڵام کاتێک ئەو هێرشانەى دەستپێکرد حسابی بۆ بارودۆخى ناوخۆ و دەرەوە نەکرد و هاوسەنگیى سەربازیىشی لێکنەدابوویەوە. لەبەر ئەوەش ئەو روودانەوە لە رووى سیاسى، دیپلۆماتیک و سەربازییەوە تورکیاى خستووەتە ناو مەترسییەکەوە. بەبێ ئەوەى بیر لە ئەنجامەکەى بکەنەوە تەنها هێرشەکانیان بۆ مانەوە لە دەسەڵات ئەنجامدا. ئەگەر بە شێوەیەکى رێکوپێک لە دژى ئەو هێرشانە تێکۆشان بەڕێوەببرێت، ئەوا دەکرێت زۆر بە قورسى تێکبشکێنرێن. دەسەڵاتداریى ئاکەپە – مەهەپە ئیدی عەقڵانى هەڵسوکەوت ناکەن. دواى ئەوەى مەترسیى تێکشکاندنى خۆیان بینى دەستیان بەهەموو جۆرە هێرش و پەلامارێک کرد. دەڵێت 'من هێرش دەکەمە سەر قەندیل، من هێرش دەکەمە سەر فڵان شوێن' منبجی بە بەردەوامى لە رۆژەڤى خۆیدا هێشتووەتەوە. منبجیش زۆرینەى دانیشتوانەکەى عەرەبن و گەلی عەرەب خۆى منبج بەڕێوەدەبات، بەڵام بە هاندانى شۆڤێنیزم بە بەردەوامى منبج لە رۆژەڤدا دەهێڵێتەوە. گوایە لەگەڵ ئەمریکا وەک هاوبەشێکى یەکسان دانوستان دەکات. دەڵێت، هێرش دەکاتە سەر شەنگال. ئەگەر رێگا و شێوازێکى تر بۆ سەرکەوتن لەهەڵبژاردندا نەبێت ئەوە پلاماردان و هێرش و هاندانى شۆڤێنیزمى کردووەتە رێگاى سەرکەوتنى خۆى لەهەڵبژاردندا. هێرشى بەو شێوەیە بۆ ماوەیەکى کورت دەنگ بۆ دەسەڵاتەکەیان کۆ دەکاتەوە. دەکرێت ئەو هێرشە داگیرکەرییانە کاریگەرى لەسەر ئەو بەشەى کۆمەڵگا دروست بکات، کە بە کولتوریى شۆڤێنیزم و نەژادپەرستى دەژین. بەڕاستى دەسەڵاتداریى ئاکەپە تەنگاو بووە. ئەوەندە تەنگاو بووە، کە هەموو رۆژێک سەرباز دەکوژرێن، هەموو رۆژێک لە هەموو شوێنێکدا شەڕ هەیە، بەڵام دەڵێت 'ئێمە تیرۆرمان لە رۆژەڤ دەرهێناوە'. چاوەڕێیان لێدەکرێت بڵێن 'کۆتاییمان بە پەکەکە هێناوە'. دەڵێت 'کەس نەماوە بڕواتە ریزى گەریلا'.  لە هەموو شوێنێک شەڕ هەیە و دەشڵێت، هێرش دەکاتە سەر هەموو شوێنێک. وەک ئەوە وایە ئەو لەگەڵ شەڕڤانى خەیاڵیدا شەڕ بکات. بەپێى ئەوان شەڕڤان بوونى نییە، رێکخستن بوونی نییە، بەڵام دەڵێت 'من دەڕۆم و هێرش دەکەم'. لەو کاتەدا مرۆڤ دەپرسێت، تۆ دۆنکیشۆتى دەکەیت؟ یان تەنها ئەوانە بۆ پڕوپاگەندە و سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا دەڵێیت؟ بڵاوکردنەوەى قسەى وەک "ئێمە بزووتنەوەکەمان لە رۆژەڤى تورکیا دەرهێنا و بێکاریگەرمان کردن' نیشانەى ئەوەیە، کە زۆر تەنگاو بوون. ئەوە نیشانى دەدات، بۆ ئەوەى لەهەڵبژاردندا سەربکەوێت و بۆ ئەو ئامانجە بە هەموو شێوەیەک کۆمەڵگا فریودەدات و هەموو رێگاکانى فرتوفێڵکردن بەرامبەر بە خەڵکیان گرتووەتەبەر. هەموو جۆرە هێرش و پەلامارێک، هەموو کارێکى تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە و پیلانگێڕییەک ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەى لە دەسەڵاتدا بمێننەوە".

قەرەسو لەبارەى هەڕەشەکانى رژێمى ئاکەپە – مەهەپە بۆ سەر قەندیل وتى "هەر چۆنێک بێت ئەوان ناتوانن بە ئاسانى بچنە قەندیل. لە دژى ئەو دەسەڵاتە کە دەڵێت 'من هێرش دەکەمەسەر هەموو شوێنێک' ئەوا لە هەموو شوێنێکیشدا بەرخۆدانێکى گەورە لە بەرامبەریدا بەڕێوە دەچێت. وەک بزووتنەوەى ئازادی ئێمە خۆمان بۆ هەموو هەلومەرجێک ئامادە کردووە و ئامادەکاریمان هەیە. ئێمە رێکخستنێکى شەڕین، ئێمە رێکخستنێکى تێکۆشانین. ئێمە ناڵێین 'بۆ دێن، بۆ دەڕۆن ئەو شوێنە' بە پێچەوانەوە ئێمە هەوڵ دەدەین، کە بڵابوونەوەى شەڕ بخەیەنە خزمەت بزووتنەوەکەمان و تێکۆشانى ئازادیمانەوە، بەڵام ئێمە دەزانین بەشێکى گرنگی ئەو قسانەیان  شەڕێکى دەروونییە".

ئەگەرى ئەوە هەیە سەرکەوتنى ئاکەپە ببێتە سەرەتاى دروستبوونی شەڕێکى ناوخۆیى لە تورکیا

قەرەسوو لە بەردەوامیى قسەکانیدا لەبارەى دەرەنجامەکانى سەرکەوتنى ئاکەپە لەهەلبژاردندا ئاماژەى بەوەکرد "ئەگەر ئاکەپە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەگەرى ئەوە هەیە مانەوەى لە دەسەڵاتدا ببێتە سەرەتاى دروستبوونى شەڕێکى ناوخۆیى. ئەگەرى ئەوە هەیە زۆر هێز و لایەن بیر لەوە بکەنەوە، کە بە شێوازى جۆراجۆر دەسەڵاتى ئاکەپە قەڵس بکەن. ئەگەر ئاکەپە بە گوشار و فرتوفێڵ و زۆرداری لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت. ئەوە دیکتاتۆریەتییە فاشیستییەکەى دادەمەزرێنێت. سیستمى سیاسی، رۆشنبیری، ئابوورى و کۆمەڵاتى بەپێى خواست و حەزى دڵی خۆى دەچەسپێنێت. خۆى ماوەیەکى دوور و درێژە لە ناوخۆى تورکیادا شەڕێکى ناوخۆى هەیە. ئەو شەڕە ناوخۆییە تاوەکو ئێستا بە قورسى لە ئاستى سیاسی و لە ئاستى خوارەوەدا یان بە سووکی بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئەگەر ئاکەپە لەم هەڵبژاردندا سەربکەوێت، ئەو شەڕە ناوخۆییەوە لە کارەکتەرێکى سیاسیی زیاتر دەبێت و ئەگەری ئەوە هەیە بگۆڕێت بۆ شەڕێکى ناوخۆیى دژواری هەمە لایەنە. ئەگەر ئاکەپە بە فرتوفێڵ و ساختەکاری لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەو کارەکتەرە روونتر دەبێتەوە، چونکە هێزە ئۆپۆزسیۆن و دیموکراتیکەکان ئەوەیان بۆ دەردەکەوێت کە دەسەڵاتى ئاکەپە بە رێگەى دیموکراتیک و بە هەڵبژاردن بەردەوام نەبووە و لەو ڕێگەیە لایداوە، بۆیە ڕێگاى جۆراجۆرى تر بۆ تێکۆشان دەگرنە بەر. یانى ئەو شەڕە ناوخۆییەوە کە ئێستا روو دەدات، دژوارتر و بەرفراوانتر دەبێت".

تێکچوونى ئاکەپە خەونى راستەقینەى گەلانى تورکیا دەکاتە رۆژەڤ

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە ئەوەى دەستنیشان کرد، کە تێکچوونی ئاکەپە بۆ میژووى تورکیا دەبێتە سەرەتای سەردەمێکى نوێ و لەو بارەیەوە وتى "کاتێک ئاکەپە تێبکشێت، ئەوا جوڵەى راستەقینەى مێژووى تورکیا دەستپێدەکات. داواکاری و خەونى راستەقینەى گەلانی تورکیا دەبێتە بابەتى رۆژ و دەکەونەڕوو. هەدەپە و ئۆپۆزسیۆن لە کاتى تێکچوونى دەسەڵاتى ئاکەپەدا دەبنە وەڵامدەر بۆ هاتنەدیى خەونى گەلانی تورکیا. ئەوەش دەکەن کە تورکیا بکەوێتە سەر رێگاى راستى خۆى".

 چارەسەریى کێشەى کورد بە تێکۆشان لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە دێتەدی

قەرەسوو ئەوەشى راگەیاند، دیموکراسی و چارەسەریى کێشەى کورد لە تورکیا تەنها لە رێگەى تێکۆشان لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپەوە دێتەدی و لەو بارەیەوە وتیشى "هەر کەس بڵێت 'بە بێ تێکۆشان لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە هەنگاو بۆ چارەسەرکرنى کێشەى کورد هەڵدەگیردرێت' ئەو کەسە خۆی هەڵدەخڵەتێنێت".

قەرەسوو راشیگەیاند، ئەوەى بیەوێت کێشەى کورد چارەسەر بکات و دیموکراسیى بوێت، دەبێت لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە تێبکۆشێت و وتیشى "جگە لەوە، چاوەڕوانى بۆ چارەسەرکردنى کێشەى کورد و بە دیموکراسیکردنى تورکیا تەنها بە ماناى خۆفریودانە. یانى سپاردنى سەرى خۆت بە کێردى سەربڕین و پاکتاوکاری. یانی تەسلیمبوون لە بەرامبەر فاشیزمدا. دەبێت گەلی کورد، هێزە دیموکراتیکەکان و ئازادیخوازان گوێ لە واتەواتەکانى شەڕی تایبەت و دەروونیى ئاکەپە و مەهەپە نەگرن. پێویستە قورسایى بخەنە سەر تێکۆشان لە دژى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە".

دەبێت لەو شارانەدا کە پێشتر پاڵێوراووەکان دەرنەچوون دەنگێکى زۆر بەدەست بهێنرێت تاوەکو بەربەرستى هەڵبژاردن تێکبشکێت

قەرەسوو ئاماژەى بە گرنگیى رۆڵى هەدەپە کرد و وتى "پێش هەموو شتێک دەبێت هەدەپە بەربەستى هەڵبژاردنى تێپەڕێنێت و بە ڕێژەیەکى زۆر بەرز دەنگەکان و ژمارەیەکى زۆر پەرلەمانتار بە دەست بهێنێت. بۆ تێپەڕاندنى ئەو بەربەرستەش تەنها بەدەستهێنانى دەنگ لەو شوێنانە، کە پیشتر پەرلەمانتاریان تیادا رەوانەى پەرلەمان کراوە، بەس نییە. زۆر گرنگە لەو شارانەدا دەنگێکى زۆر بە دەست بهێنرێت، کە پێشتر پەرلەمانتاریان بۆ پەرلەمان رەوانە نەکردووە. ئەگەر بە تێگەیشتنی 'خۆ پاڵێوراو تیایدا دەرناچێت' و بەوشێوەیە بەرامبەر بە دۆخەکە خۆیان بێزار بکەن، ئەوا ناتوانن لەو شوێنانەدا کارێکى باش بکەن. لەو شوێنانەش کە پەرلەمانتار رەوانەى پەرلەمان کراون، تەنها بە دەستهێنانەوەى دەنگە دووبارەکان، یان دەنگەکانى پێشوو، بەشی تێپەڕاندنى بەربەرستەکە ناکات. بێگومان کێشەى هەدەپە خۆ نوساندن نییە بە بەربەستەکەوە. بە دڵنیاییەوە بەربەرستەکە تێدەپەڕێنێت، بەڵام زۆر گرنگە وەک حیزبێکى تورکیا، کە خاوەن پێکهاتە و ناسنامە جۆراجۆرە و جیاوازەکانە بە ئەرکى خۆى هەستێت. لەبەر ئەوەش گرنگە کەمپەینى هەڵبژاردن لە هەموو شار و شارۆچکەکان بەڕێوەبچێت. بە تایبەتى لەو شوێنانەدا کە پێشتر پاڵێوراوان تیایدا دەرنەچوون، زۆریش گرنگە کە کارێکى بەهێز بکرێت و دەنگى زیاتر بە دەست بهێنرێت. چونکە ئەگەرى ئەوەش هەیە، کە لەو شوێنانەدا پاڵێوراوان سەرکەوتن بەدەست بهێنن. هەروەها ئەو دوو جەمسەر و بلۆکەى تر (ئاکەپە – مەهەپە و جەهەپە – ئی یى پارتی) ناتوانن وەڵامدەرەوەى خەونى گەلانى تورکیا بن. بۆ ئەوەیە ئەگەر کارێکى باش بکرێت ئەوا دەنگى زیاتر لە ٧ى حوزەیران بە دەست دەهێنرێت. هەروەها دەبێت هەدەپە لەبەر مەترسیى فرتوفێڵ و ساختەکارییەکان لە ئاستێکى ئەوەندە بەهێزدا لەگەڵ کۆمەڵگا ئاوێتە ببێت، کە نەتوانن بە هیچ شێوەیەک لە خوار بەربەرستەکەوە بیهێڵنەوە".

قەرەسوو ئەوەشى بە بیرهێنایەوە، ئەگەر هەدەپە سەرنەکەوێت ئەستەمە دەسەڵاتداریى ئاکەپە تەنگاو بکرێت، ئەستەمە ئاشتی، ئارامی و دیموکراسى لە تورکیا بێتە دی و لەو بارەیەو وتیشى "ئەگەر ئەو دەرەنجامانە بە سەرکەوتنى هەدەپە بێنەدی و باش لێکدانەوەى بۆ بکرێت، ئاکەپە و جەهەپە و ئەندامانى ئی یى پارتى-یش دەتوانن دەنگ بە هەدەپە بدەن".

هەدەپە پشبەستووە بە شۆڕشى دیموکراتیکى کوردستان

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە باسى ئەوەیکرد، هەدەپە بۆ خۆى ناسنامەى کوردى بە شێوەیەکى ئازاد خستووەتەڕوو. لەو بارەیەوە وتیشى "پێکهاتەى سەرەکیى بزووتنەوەى دیموکراتیکى کوردە. پارتى دیموکراتیکى هەرێمەکانە. تێکۆشانى دەیان ساڵە بۆ دیموکراسی و ئازادى لە کوردستان کاریگەریى لەسەر هەدەپە دروستکردووە. هەدەپە حیزبێکە پشتبەستووە بە شۆڕشى دیموکراتیکى کوردستان. شۆڕشى دیموکراتیکى کوردستان لە رێگەى هەپەوە هاتە مەیدانەکە و لە ئەنجامدا، دەپ، هادەپ، دەتەپەى لێکەوتووەتەوە. هەدەپە ئەو حیزبەیە کە خاوەنى ئەو توانا و بیرکردنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە ئەم شۆڕشە خۆڵقاندوێتى و ئەوەشى کردووەتە بناغەى سەرەکیى پێکهاتەکانى. پێکهاتەى هەدەپە لەو نەریت و کولتورەوە سەرچاوەى گرتووە. خاوەنى ئەو عەقڵییەتەیە. بێگومان هەدەپە تەنها حیزبێکى کوردان نییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا حیزبى کوردانە. دەبێت هەدەپە وەک حیزبى هەموو بندەستەکان سەیر بکرێت. هەر خۆى زۆربەى کوردان هەدەپە بە حیزبى خۆیان دەزانن. لەبەر ئەوەش لە کوردستان زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت".

قەرەسوو ئەو قسەیەى ئەردۆغانى بەبیرهێنایەوە، کە دەڵێت 'کۆبانێ هی کوردان نییە، کەرکوک هی کوردان نییە، عەفرین هی کوردان نییە، کۆبانێ عەینول عەرەبە، کەرکوک تەئمیمە و دواتر کورد هاتوون بۆ عەفرین'، بۆیە دەبوایە هەموو حیزبەکانى کورد بە گەورە و بچووکەوە لە دژى ئەو عەقڵییەتە نکۆڵیکارەى رژێمى ئاکەپە وەڵامیان هەبوایە بۆ هەوڵەکانى هەدەپە و بە هاوپەیمانییەک لە دژى ئەو عەقڵییەتە ببوونایە بە یەک".

ر.م