قەرەسوو: ٢٤ى حوزەیران قۆناغێکى مێژووییە

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە رایگەیاند "هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران زۆر گرنگە. ئەگەر ئاکەپە – مەهەپە سەربکەون، ئەو سیستمى ئایینپەرست – نەتەوەپەرست دەکەنە هەمیشەیى. کارى تێکۆشانى دیموکراسی ئەوەیە پێش لە دروستبوونى ئەو سیستمە بگرێت.

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى گرنگیى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕ بۆ گەلی کورد و هێزە دیموکراسیخوازەکان، بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) قسەى کرد.

قەرەسوو رایگەیاند، هاوپەیمانیى فاشیستى ئاکەپە – مەهەپە لەبەر هۆکارى جیاجیاى ئابووری، سیاسی، دیپلۆماتیک و کۆمەڵایەتى بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختەى دات. یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانى بڕیارى هەڵبژاردنى پێشوەختە سەرخستنى سیاستى شەڕ و شەڕانگێزیى فاشیستییانەى دەسەڵاتداریى ئاکەپە – مەهەپەیە.

 قەرەسوو ئەوەشى وت "ئێستاش دەڵێن 'ئێمە دەچین بۆ منبج، کۆبانێ، قامیشلۆ، دێرک و ئەو شوێنانە لە یەپەگە / یەپەژە دەستێنین. هەروەها ئێمە لە باشووری کوردستان دەچین بۆ قەندیل و فڵان شوێن دەگرین'. بۆ ئەوەى کورد کۆمەڵکوژ بکەن و بیسڕنەوە دەڵێن 'لە کوێ کورد مافی هەبێت، لە کوێ سەنگەرێکى سیاسی و سەربازیى کورد بوونى هەبێت ئێمە دەڕۆین بۆ ئەوێ و دەیپلیشێنینەوە و لەناوى دەبەین'. سیاسەتێکى بەوشێوەیەى شەڕانگێزانە و پەلاماردان بەڕێوەدەبەن. ئەو سیاسەتە شەڕانگێزییانەیە لە ناوەوە و دەرەوە نیگەرانیى لێکەوتووەتەوە و گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناڕەزایەتی نیشان دەدەن. بۆیە سیاسەتى دەسەڵات هەم لە ناوەوە و هەم لە دەرەوە بوونەتە بابەتى گفتوگۆ و پرسیار لەسەرکردن".

مستەفا قەرەسوو راشیگەیاند "دەسەڵاتداریى ئاکەپە – مەهەپە ویستیان بە داگیرکردنى عەفرین پشتیوانیى کۆمەڵگا بۆ خۆیان بەدەست بهێنن تاوەکو درێژە بە دەسەڵاتەکەیان بدەن. بەڵام دیارە ئەوەى کە دەیانویست دەستیان نەکەوت. دەبێت کە بڕیارى هەڵبژاردنى پێشووەختە بەشێکى پەیوەندیى بە عەفرینەوە هەبێت، بەڵام بەپێى ئەو راپرسییانەى کە دوای داگیرکردنى عەفرین ئەنجامدراون، ئەوە دەردەکەوێت، کە داگیرکردنى عەفرین بەشی مانەوەى دەسەڵاتى ئاکەپە و لەسەر پێ مانەوەى ئاکەپە ناکات".

هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان بووەتە قومار

قەرەسوو باسى ئەوەشیکرد "هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران زۆر شت روو دەکاتەوە، چونکە بەم هەڵبژاردنە سیستمى سەرۆکایەتیى دەستبەکار دەبێت. سیستمى تورکیاى نوێ، کە ئاکەپە – مەهەپە خستوویانەتە بەردەم تورکیا، دادەمەزرێت. بێگومان تا ئێستا ژمارەیەک هەنگاو بۆ دامەزراندنى ئەو سیستمە هەڵگیراون، بەڵام تا ئێستاش سیستمەکەى ئاکەپە – مەهەپە بە باشى نەچەسپاوە. ئەگەر لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەون ئەوە تورکیایەکى نوێ دادەڕێژرێت و نەخشەى بۆ دادەنرێت. لەو تورکیا نوێیەشدا دیکتاتۆریەت بەسەر گەلی کورد، هێزە دیموکراسیخوازەکان، هەموو پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان دەسەپێنن. لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت کە سیستمى ئایینپەرست – نەتەوەپەرست بەبێ گرفت دابمەزرێنن. لەبەر ئەوەش، ئەوە بۆ ئەردۆغان دەبێتە سەرەتایەکى نوێ".

قەرەسوو راشیگەیاند "ئەردۆغان گیریخواردووە. هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان بووەتە قورما. پێشتر بە ڕێژەى سەدا ٤٠ بۆ ٤٢ دەسەڵاتى بە دەستدەهێنا. بەڵام ئەگەر ئێستا سەدا ٥٠ بەدەست بهێنێت، ناتوانێت دەسەڵات بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەوەیە مەترسیى دایە بەرخۆی و دەستیکرد بە یاریى قومار. بێگومان بۆ ئەوەى زیاتر دەسەڵاتدار بێت و قازانجى زیاتری بەپێى پلانەکانى خۆى دەست بکەوێت، دەستى بەو قومارە کردووە".

قەرەسوو باسى ئەوەشیکرد "ئەگەرى ئەوە هەیە ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەدا تێکبشکێت. رووداوەکانى دواى بڕیارى هەڵبژاردنی پێشوەختە، ناڕەزایەتى و هەڵوێستى گەل و راپرسییەکان ئەوە نیشان دەدەن، کە هەڵبژاردن بۆ ئەردۆغان ئاسان نابێت. لە سەرکەوتن زیاتر دەبێت چاوەڕێ دۆڕان بکات".

گرنگیى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران بۆ کوردان و هێزە دیموکراسیخوازەکان

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئاماژەى بە گرنگی و ماناى هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران بۆ گەلی کورد وهێزە دیموکراتیک و چەپەکان کرد و وتى "لەلاى کوردەوە پرۆسەیەکى زۆر جدی بەڕێوەچوو. دواى ٧ى حوزەیران هێرشى گەورە و قورس کرایە سەر گەلی کورد. هێرشى قورس کرایە سەر هێزە دیموکراسیخوازەکان. لە پرسوس و  ئەنقەرە کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. دواتر شارەکانى کوردیان خاپوورکرد و ئاگریان تێبەردان. سەدان مرۆڤ شەهید بوون. عەفرین داگیرکرا. رووداوى زۆر تراژیدی و خەمناک و کارەساتباریان بەسەر کورددا هێنا.

بۆ هێزى چەپ و دیموکراتیکیش هەڵگرى چەندین گرنگیى جیاجیایە.  دواى ٧ى حوزەیران هێرشى قورس لە دژى هێزە چەپ و دیموکراتیکەکان ئەنجام درا. وایان لە هێزە دیموکراسیخوازەکان کرد، کە ئیتر لە توانایدا نەمابوو هەناسە بدات. لەبەر چارەسەرنەکردنى کێشەى کورد هەوڵی کودەتاى ١٥ى تەمووز ئەنجامدرا".

هەدەپە بووە بە بەرەى دیموکراسی

قەرەسوو باسی ئەو دوژمنایەتییە کرد کە ئاکەپە لە ناو کۆمەڵگادا دروستیکردووە و لەو بارەیەوە وتى "لە ٧ى حوزەیران و ١ى تشرینى دووەمدا جەمسەرگیرییەکی ئەوەندە دیار و گرنگ لە گۆڕێ نەبوو. ئاکەپە بە جەمسەرگیرییەکى لەم شێوەیەى ئێستا بەشداریى هەڵبژاردنى نەکرد. هێزە دیموکراسیخوازەکانیش بەم ئاستەى ئێستا نەبوو بوون بە یەک بەرە یان جەمسەر. یەکەمجارە کە هێزە دیموکراسیخوازەکان بەشێوەیەکى ئەوەندە بەرفراوان لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە. راستە بە ناوى هەدەپەوە بەشداریى هەڵبژاردن دەبەن، بەڵام ئەوە بەرەیەکى دیموکراسییە. دەبێت مرۆڤ بەوە بڵێت 'بلۆکى دیموکراسی، بەرەى دیموکراسی، هاوپەیمانى دیموکراسی'. لایەنەکانى تر بەشێوەى فەرمی هاوپەیمانیان دروستکردووە. بەڵام سەربارى ئەوەى لە دەوروبەرى هەدەپە بەرەیەکى فەرمی نەبوو، بەڵام هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکان لە دەورى هەدەپە کۆبوونەتەوە. هەدەپە بە پاڵێوراوەکان و پێکهاتەکەیەوە بەشداری هەڵبژاردن بووە. ئەو هێزە دیموکراسییانەشیى کە پێکهاتەى هەدەپە نین و لەگەڵ هەدەپە هاوپەیمانیى هەڵبژاردنیان نییە، پشتیوانى لە هەدەپە دەکەن. لەبەر ئەوەشە لە هاوپەیمانى بەولاترەوە، بەرەیەکى دیموکراسى بە دەورى هەدەپەدا دروستبووە".

ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریى گرنگ بە دواى خۆیدا دەهێنێت

مستەفا قەرەسوو ئەوەشى خستەڕوو، کە هەڵبژاردنى ٢٤ى حوزەیران گۆڕانکاریى گرنگ بە دواى خۆیدا دەهێنێت و لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "ئەگەر ئاکەپە – مەهەپە لە رێگەى هەڵبژاردنەوە تێکبشکین، ئەوە فاشیزمى ئایینپەرست – نەتەوەپەرستی دەسەڵاتخوازی ئاکەپە دەهەژێت. هەموو پلانەکانیان لە بواری بیرۆکراسی، دادپەروەری، پەروەردە و لایەنەکانى تر، کە دەیانەوێت تورکیا بەپێى خواستى خۆیان رێکبخەنەوە، لەق دەبێت. ئەو گوشار و زۆرداریى ئێستا لەسەر کوردان، هێزە دیموکراسیخوازەکان و کۆمەڵگا سستیى تێدەکەوێت و روو لە کزى دەکات. ئەوەش هەناسەیەک بە بەر هێزە دیموکراسیخواز و ئازادیخوازەکاندا دەکاتەوە. پێش هەموو شتێک بڕواى گەل بە خۆى زیاد دەبێت. فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بە بەکارهێنانى هێزى پۆلیس گوشاریان لەسەر کۆمەڵگا دروستکردووە. هەوڵ دەدەن لەو رێگەیەوە ئیرادەى کۆمەڵگا تێکبشکێنن و تروسکایى ئومێدى دیموکراسى سەرکوت بکەن. لەبەر ئەوەش گرنگە، کە لە هەڵبژاردندا گورز لە فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە بدرێت. بێگومان ئەوان نایانەوێت دەستبەرداری دەسەڵات بن و چەندین شێوازى فرتوفێڵ و فریودان و ساختەکارى دەگرنەبەر، بەڵام بە هۆشیاری و بە رێکخستنکردنى گەل پێش لەوە دەگیرێت. ئەگەر گەل بیەوێت دەتوانێت پێش لە شتى لەو جۆرە بگرێت. ئەگەر خاوەندارى لە دەنگەکانى خۆى بکات دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە لە رێگەى هەڵبژاردنەوە بگۆڕێت. دەتوانێت فاشیستى پەلاماردەر و هێرشەکانیان قەڵس بکات. بێگومان تەنها دەنگدان بۆ ئەوە بەس نییە، پێویستە خاوەنداریش لە دەنگەکانیان بکەن. هەروەها بۆ ئەوەى هەدەپە بەربەرستەکە تێپەڕێنێت دەبێت کارێکى و زۆر زیاتر بکرێت. نەک ئەوەى بڵێن هەدەپە بە بەدەستهێنانى رێژەى ١ یان ٢ی دەنگى تر سەردەکەوێت، بەڵکو دەبێت هەدەپە دەنگەکانى ئەوەندە زیاد بکات، کە دەسەڵاتداریى ئاکەپە و حیلە و ساختەکارییەکانیان نەتوانێت هەدەپە دابەزێنن بۆ خوار بەربەستەکەوە. ئەوە تاکە رێگایە، چونە حیلە و ساختەکاریش سنوورێکى هەیە و تاوەکو شوێنێک بڕ دەکات، لەبەر ئەوەیە دەبێت هەڵبژاردن بە هێژا ببینرێت".

دەبێت ئەو هەلبژاردنە ببێتە بەشێک-ی گرینگ لە تێکۆسان بۆ دیموکراسی

مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ئەوەی خستە ڕوو کە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشبپەڕ یەکێک لە گرینگترین هەڵبژاردنەکانی مێژوویی تورکیایە بۆ تێکۆشان-ی دیموکراسی و لە کۆتاییدا وتی،" دەتوانین بڵێین کە لە مێژوویی تورکیادا تائیستا هەڵبژاردنێکی ئاوەها گرینگ نەبوو. بۆ ئەوەی کە هەلبژاردنەکانی پێشوو لە تورکیا لەناو سیستەمی گۆڕینی دەسەڵاتداری پارتەکاندا بوو. بەڵام ئیستا بەو رەنگە نییە.ئیستاکە هەوڵ دەدرێت کە سیستەمێکی نوێ دابمەزرێت. ئەردۆغان، ئاکەپە هەوڵی ئەوە دەدەن کە سیستەمێکی ئایینپەرست – نەتەوەپەرست دابمەزرێنن.هەر بۆیە ئەگەر ئەو هەوڵەی ئەوان سەر بکەوێت ئەوا فشار وزۆرداری لەسەرهێزە دیموکراتیکەکان، لەسەر هێزی گەل، لەسەر کوردەکان، عەلەوییەکان وهەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە و ئایینەکانی دیکە بەردەوام ببێت.وەک داعش ئەو بیرکردنەوەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنن.بۆ ئەوەی کە پێش لە هەموو ئەوانە بگیردرێت،هەڵبژاردنەکان ئەم دواییە گرینگە.دەبێت ئەم هەڵبژاردنە وەک بەشێکی گرینگ لە تێکۆشان بۆ دیموکراسی چاولێبکرێت.بانگەوازی ئێمەش بەم ڕەنگەیە.

ر-م