قەرەیلان: ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین -١-

دۆزی ئازادیی کوردستان چووەتە سەردەمێکى نوێ. دەوڵەتى تورک لە دژی دۆزی مافدارانەى تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و لە دژی پێگەی گەلی کورد دەستیکردووە بە هێرشێکى بەرفراوان. هەر چوارلای کوردستان دەبێت بە باشی لە قۆناغەکە تێبگەن.

موراد قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندی پاراستنى گەل (نەپەگە) میوانی "بەرنامەى تایبەت"ی ستێرک تیڤی بوو. قەرەیلان وەڵامی پرسیارەکانی ئارژین فەرات لەبارەى شەهادەتی قاسم ئەنگین، هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین، گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیى کورد و چالاکییەکانى گەریلا دایەوە و شیکاریی بۆ کردن.

ئێمە لە ناو شەڕداین و هەموو رۆژێک شەهید دەدەین

"پێش هەموو شتێک لە کەسایەتیی شەهیدانی هێژادا، هاوڕێ قاسم ئەنگین و زین جزیر یادی هەموو شەهیدانی شۆڕش بەرز رادەگرم و ئەو بەڵێنەى پێمان داون دووبارەى دەکەینەوە. حوزەیران مانگی فیداییەکانە. ئەو مانگەیە کە شەهید زیلان و شەهید سەما چالاکییان تیادا کرد. بەو بۆنەیەوە یادی فیدایی گەورەی هاوڕێ زیلان، سەما و گوڵان دەکەمەوە. ئێمە هەموو رۆژێک شەهید دەدەین و لە ناو شەڕداین. دوێنێ لە بەرخودانى جەنگی حەفتانین دا دوو هاوڕێمان بە ناوەکانى مەزڵوم و عەگید لە شاخی دوپشک لە بەرخودانێکى مێژوویدا شەهید بوون. لە کەسایەتیی ئەو هاوڕێیانەدا یادی شەهیدانى جەنگی حەفتانین بەرز رادەگرم، ئەو بەڵێنەى کە بە شەهیدانمان داوە، دووبارەی دەکەینەوە.

رۆڵەیەکى گەلی کورد بوو، کە باش خۆی پێگەیاندبوو

من لە ئەوروپاوە هاوڕێ قاسم ئەنگین دەناسم. ٣١ ساڵە یەکتر دەناسی. لە نزیکەوە ئێمە لەگەڵ چەک هاوڕێیەتیمانکرد. لە رۆژانى خۆش و لە رۆژانی سەخت دا ئێمە زۆر کارمان پێکەوە کرد. زۆرێک لە هەڤاڵانمان لەسەر هەڤاڵ قاسم قسەیان کردووە و لێدوانیان داوە. لە راستیدا هەڤاڵ قاسم بە راگەیاندراو و لێدوانەکانى لە میدیاکاندا، بە هەڵبەستەکانی، بە تێگەیشتنە قوڵەکانی لە مێژوو و بەو کارانەى کە رای گشتی دەیانبینی، دەناسرا. هاوڕێ قاسم فەرماندەیەک بوو، نووسەرێک بوو، مێژووناسێک بوو. کەسێکى زۆر ژیر و بلیمەت بوو. لە لێدوان و راگەیاندراوێکدا پێیان وتبوو "فەیلەسوفی چیاکان"، بەڕاستی وابوو. هەڤاڵێکى هاوشێوەى فەیلەسوفەکان بوو. رۆڵەیەکى گەلی کورد بوو، کە تێگەیشتبوو و خۆی پێگەیاندبوو".

دوژمن بە هێرشی نیشانەشکێنی لە دژی هەڤاڵانی بەڕێوەبەریمان، بە هێرشکردنە سەر هێزەکانی هەپەگەمان دەیەوێت ئەنجامێک بەدەست بهێنێت، بەڵام بەو شێوەیە ناتوانێت ئەنجام بەدەست بهێنێت و ئەوە خەونە بۆیان. قاسم ئەنگین شەهید دەبێت، بەڵام دەیان قاسم ئەنگین شوێنەکەى پڕ دەکەنەوە.

پەکەکە کاتێک شەهید دەدات لاواز نابێت، بە پێچەوانەوە زیاتر بەهێز دەبێت. لەبەر ئەوە دوژمن هەرگیز بەو ئامانجەى ناگات. هاوڕێیانمان شەهید دەبن. هەر هاوڕێیەکەمان کە شەهید دەبێت لە دوای خۆی بەڕێوەبەرییەک و رێبازێک بەجێدەهێڵێت. بەرخودانمان لەسەر بنەمای ئەو رێبازە بەهێز دەبێت و بەوشێوە تێکۆشانەکەمان گەیشتووەتە ئەم ئاستە.

خیانەتی نۆکەری و هێرشی نامەردانە

لەو شەهادەتانەدا ئەوەى مرۆڤ ئازار دەدات، ئەوەیە کە قارەمانێکى گەورە، فەیلەسوفێکى گەورەی کوردان بە دەستی کەسانی خائین و نۆکەر شەهید دەبێت.

ئاپۆییەکى گەورە، کە دەیتوانى خزمەتى گەورەتر بە گەلی کوردستان بکات، بە هێرشێکى ترسنۆکانە، نامەردانەی دوژمن شەهید بوو.

ئێمە شۆڕشگێڕین، دەکرێت سبەی یان دوو سبەی شەهید بین. ئەوە شتێکى چاوەڕوانکراوە. بە منیشەوە ئەوە شتێکى چاوەڕوانکراوە بۆ هەموو کەسێک، بەڵام ئێمە باش دەزانین ئەو دۆزمانەوە سەرباری هەموو ئەو شتانە بە دڵنیاییەوە سەردەکەوێت. دۆزە مافدارانەکەمان بە شەهادەتی هەندێک هاوڕێمان لاواز نابێت، بە پێچەوانەوە بەهێز دەبێت و سەر دەکەوێت. ئێمەش بەو شێوەیە خاوەنداری لە یادی شەهیدان دەکەین.

چاوش ئۆغڵو لە شەقاوەیەکى هەرچی پەرچی دەچێت

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر نایەوێت یەکێتیی نەتەوەیى کوردان بخوڵقێت، چونکە زۆر لەوە دەترسێت. هەر خۆی لە خۆیدا کاتێک هەر وڵاتپارێزێکى کورد سەرنجێکى لێدوانەکەى ئەمدواییەى مەولود چاوش ئۆغڵو بدات ئەوە دەبینێت، کە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر چییە و بە راستی و دروستی لێی تێدەگات. لێدوانەکەى چاوش ئۆغڵو سەیرە، هەر وەک شەقاوەیەکى هەرچی پەرچی هەڕەشە دەکات. هەم هەڕەشە لە یەنەکە دەکات و هەم هەڕەشە لە ئەنەکەسە دەکات، بەڵام لە راستیدا و لە ئەساسدا هەڕەشە لە پەدەکە دەکات.

دەبێت ئێمە پێداگری بۆ دروستکردنی یەکێتیی نەتەوەیی بکەین

بۆ ئەوەى بەسەر باشووردا هێڵی نۆکەری درێژەى پێبدرێت، سەرباری گوشارەکان، گوشاری سیاسی و سەربازی، بەشێوەى ئاشکراش هەڕەشەش دەکات. دەڵێت 'ئەگەر ئێوە یەکبگرن، ئەگەر ئێوە بەو شێوەیە بجوڵێنەوە ئەوە من دەتانکەمە ئامانج'. ئەوەی بە ئاشکرا وت. باشە کاتێک دوژمن شتێکى وای وت، دەبێت لە بەرامبەریدا هەنگاو بۆ دواوە بنێین؟ نا!. مادام دوژمن وادەڵێت، ئەو کاتە لێرەدا و لەوەدا خێر هەیە و دەبێت مرۆڤ پێداگریی لەسەر بکات. بەبێ ئەوەى بە رووی خۆیدا بهێنێت و بەبێ ئەوەى شەرم لە خۆی بکات لە رێگەى چاپەمەنییەوە ئەو هەڕەشانە دەکات. بەشێوەى ئاسای پەیوەندیشی لەگەڵ ئەو هێزانەدا هەیە، کە هەڕەشەیان لێدەکات. کەس نازانێت لە رێگەى پەیوەندییەکانی خۆیانەوە بە چ شێوەیەک و چۆن هەڕەشەیان لێدەکەن. لە میدیاکانەوە بە ئاشکرا دەڵێن 'هەندێک دەوڵەت یارییان پیدەکات، ئەوە یارییەکە'. وادیارە مەبەستی ئەمریکا و فەرەنسایە، چونکە ئەو دەوڵەتانە ناوبژیوانییان لە نێوان ئەنەکەسە و پەیەدەدا کردووە و باسی ئەوە دەکات.

پەیامی هێرشەکەى حەفتانین

لەو بابەتەدا خاڵێکى جیاواز هەیە، کە سەرنجڕاکێشە. لە بابەتی پەیوەندیدار بە ئۆپراسیۆن لە دژی حەفتانین شرۆڤەکارەکانیان هەندێک شرۆڤە دەکەن. ئەو شرۆڤەکارە یەکێکە لە تیۆریسییەکانى دەوڵەت و دەڵێت 'دەبێت ئۆپراسیۆنی حەفتانین تەنها وەک ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی حەفتانین سەیر نەکرێت'. ئەو پەیامەى کە دەیدات زۆر گرنگە. دەڵێت 'دەیانەوێت باکووری عێراق و باکووری سوریا بکەن بە یەک. هەر دوکیان لە یەک کۆدەکەنەوە و کۆبوونەوە و دانیشتنیان بۆ رێکدەخەن. ئەو ئۆپراسیۆنە پەیامێکە کە دەستوەردانێکە لە دژی ئەوەیە'. یانی بە ئاشکرا دەڵێن، 'ئێمە ئۆپراسیۆن لە دژی سیاسەتی کورد دەکەین، دەستوەردان لە سیاسەتی کورد دەکەین، دەبێت کورد نەبن بە یەک'.

لە شیلادزێ توڕەن

دوژمن دەورووبەری شیلادزێ بۆردومان دەکات. بۆردومانکردنی شیلادزێش هەر بۆ ئەوەیە، یانی لەو رێگەیەوە دەیانەوێت هەڕەشە بکەن. بۆ بە تایبەتی شیلادزێ؟ چونکە لە سەرەتای ساڵی رابردوودا لە شیلادزێ راپەڕینێکى زۆر شۆڕشگێڕانە روویدا، بنکەى سەربازیی دوژمن سوتێنرا و هەڵوێستی گەلی باشووری خستەڕوو. لەبەر ئەوش لە دژی شیلادزێ رقیان لە دڵدایە و ئەو هێرشەیان کردە سەری. بە داخەوە ٥ هاووڵاتیمان شەهید بوون. من سەرەخۆشی لە بنەمالەى شەهیدان و هەموو گەلی باشووری کوردستان دەکەن. ئەوانە شەهیدی تێکۆشانی ئازادیی کوردستانن و ئەوان لە گەورەبوونی ئەو تێکۆشانەدا خاوەنداری لە یادی دەکرێتەوە.

دەبێت هەموو کەسێک باش و دروست لە سەردەمێ نوێ تێبگات

ئێمە چووینەتە سەردەمێکی نوێ. لەم سەردەمەدا هەم رۆژهەڵات، هەم باکوور، هەم باشوور و هەم رۆژئاوای کوردستان دەبێت بە باشی و بە دروستی لە سەردەمەکە تێبگەن. دۆزی ئازادیی کورد ئەمڕۆ چووەتە سەردەمێکى نوێ. دەوڵەتى تورک لە دژی دۆزی مافدارانەی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، لە دژی پێگەى گەلی کرد دەستی بە هێرشکردووە. ئەو هێرشە زۆر بەرفراوانە. ئەو ستراتیژییەى کە دەوڵەتى تورک بۆ خۆی کردوویەتی بە بنەما، ئامانجەکەى قڕکردن و سڕینەوەى گەلی و کۆمەڵگەى کوردە. دەیەوێت پێگەى گەلی کورد لە باشووری کوردستان و لە رۆژئاواى کوردستان، دەستکەوتەکانى کوردان لە هەموو شوێنەکان لە ناو ببات. دەیەوێت رێگری لەوە بکات، کە کورد ببنە خاوەن ناسنامە. ئامانجی بنەڕەتی و ستراتیژییان ئەوەیە. بێگومان ئاستی جۆراجۆری پەیوەندار بەو ستراتیژیشەوە لە گۆڕێدایە. ئەو بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت. ئەوەش نیشانی دەدات، کە ئێمە لەگەڵ دۆخێکى نوێدا رووبەڕووین.

ستراتیژی شاراوەیان 'میساقی میللی یە'

دەوڵەتی تورک دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی حەفتانین یەکێک لە گەورەترین ئۆپەڕاسیۆنەکانی ساڵەکانی دواییە. هەندێک لە ئامانجەکانی ئاشکرا کرد، بەڵام هەموو ئامانجەکەیان ئاشکرا نەکرد. ئەمە ستراتیژی شاراوەیە. ئێمە هەموو کاتێک دەڵێین، شێتەکانیش دەڵێن. ستراتیژی شاراوەی ئەوان داگیرکردنی ئەو ناوچانەی میساقی میللیە. ئاستی تاکتیکی ئەوەیان ئاشکرا کرد. ئەوەی ئاشکرا بووە چییە؟ بە فشار لەسەر سیاسەتی باشووری کوردستان دەیانەوێت لەبەرانبەر دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی کورد ئاستەنگی دروست بکەن. دەیانەوێت هێزە کوردیەکان لەدژی یەکتری بەکاربهێنن. دەیانەوێت ڕۆژئاوا و باشوور، باشوور و باکوور لەدژی یەکتری بەکاربهێنن، رێگە بە یەکێتی نەتەوەیی نادەن. یەکێک لە ئامانجەکانیان کە ئاشکرا بووە، ئەمەیە.

لە ڕێگەی ناوچەی ئارامەوە دەیانەوێت داگیرکاری ئەنجام بدەن

ئامانجێکی تر کە ئاشکرا بووە چییە؟ دەیانەوێت لە باشووری کوردستان هەرێمێکی بەناو ئارام دروست بکەن، بە قسەی ئەوان هەرێمێکی ئارامی بە قۆڵایی ٣٠ بۆ ٤٠ مەتر. ئەمەیان بە ئاشکرایی ڕاگەیاند. بەڵام بە تەواوی ستراتیژی خۆیان ئاشکرا نەکرد. بەم ئۆپەڕاسیۆنە دەیانەوێت حەفتانین داگیر بکەن. ئۆپەراسیۆنی حەفتانین سەرەتای ئەوەیە. ساڵی ڕابردوو بە داگیرکردنی لێلیکان ئامادەکاریان کرد. ئێستاش دەیانەوێت لایەنی تری باشووری کوردستان واتە حەفتانین داگیر بکەن. لایەنی تری لێلیکان لە خواکورکیان گرت. دواتر دەیانەوێت هەردوو ناوچەکە پێکەوە ببەستەنەوە. چۆن ئەم کارە دەکەن؟ لە دەرکار تا باتوفا و بامەڕنێ، کانیماسێش دەکەوێتە نێوانیان، دواتر ئامیدی، دێرەلۆک، شێلادزی و سیدەکان داگیر بکەن. ئامانجیان ئەمەیە و بە شێوەیەکی ئاشکرا رایدەگەیەنن. دەیانەوێت ئەو هەرێمانە داگیر بکەن. هەروەها ناڵێن کە بە شێوەیەکی کاتی ئەو شوێنانە دەگرن. لەو دەڤەرانەی کە داگیری دەکەن جادە دروست دەکەن، سیستمی خۆیان جێگیر دەکەن و بۆ هەمیشەیی خۆیان جێگیر دەکەن.

هەڵوێستی باشوور دەبێت چی بێت؟

لێرەدا گرنگ ئەوەیە ئایا هەڵوێستی هێزەکانی باشوور دەبێت چۆن بێت؟ کەمیش بێت عێراق ناڕەزایی دەربڕی. باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد و ڕاگەیەنراوی بڵاوکردەوە. لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵای لەدژی تورکیا تۆمار کرد. سعودیە، میسر، کۆمکاری عەرەبی راگەیەنراویان بڵاوکردەوە، بەڵام هێزە نێودەوڵەتیەکان کە لە ناوچەکە سەردەستن هێشتا هەڵوێستی خۆیان دەرنەبڕیوە. ئایا ئەوانەی ئەمە دەکەن زانیاریان هەیە، بە تایبەتی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە چی دەڵێت؟ دیار نییە. دەوڵەتی تورک دەتوانێت بێ ئاگاداری ئەوان چی بکات؟ ئەمە پرسێکی گرنگە. نەتەنها ئەوە، هەموو کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستی حکومەتی باشووری کوردستان دەکات. لەدژی پلانی تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان ئایا هەڵویستی حکومەتی فیدڕالی هەرێمی کوردستان چییە؟

یەکسەر هەڕەشەیان لە یەنەکە کرد

بۆچی هەڕەشەیان لە یەنەکە کرد؟ لەبەرئەوەی فراکسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێراق لەدژی دەوڵەتی تورک راگەیەنراوی بڵاوکردەوە. چاوشئۆغلۆ یەکسەر هەڕەشەی کرد. وتی،'پەکەکە لەوێ سەردەستە'. هیچ پەیوەندیەکی نییە. گەل خۆی ناتوانێت لەوێ خۆپیشاندانێک ئەنجام بدات. بەڵام دەوڵەتی تورکی فاشیست بیانۆ دەدۆزێتەوە. بۆ ئەوان دروستکردنی بیانۆ کارێکی زەحمەت نییە. سیاسەتی ئینکار و درۆ بەڕێوەدەبەن. یەکسەر درۆی کرد و وتی، ' پەکەکە لەو دەڤەرە سەردەستە'.

ئامانجی سەرەکیەکان ئەوەیە کە بە زۆر تەسلیمیان بکەن. پرسەکە بەم شێوەیەیە. ئایا سیاسەتی باشووری کوردستان لەبەرانبەر ئەوە چی دەکات؟ ئایا دەتوانن خۆیان ڕابگرن؟ تەسلیم دەبن یان پشتگیری دەکەن؟ ئەگەر ئێستا لەدژیان نەوەستنەوە، دەوڵەتی تورک ناوچەی ئارام دروست دەکات. ئەگەر لەبەرانبەری بێدەنگ بن، ئەوکاتە بە واتای ئەوە دێت کە دەڤەرەکەیان فڕوشتووە. هەموو کەسێک بەم شێوەیە لێی تێدەگەن. ئێمە دەڵێین، ئەگەر بەم شێوەیە بێت، هەڵوێست دەرببڕن.

سەردەمی سیاسەتی هاوکاری و سیاسەتی نەرم کۆتایی هاتووە

سەردەمی هاوکاریکردن لەگەڵ تورکیا و سیاسەتی نەرم کۆتایی هاتووە، لەبەرئەوەش دەوڵەتی تورک بە بەردەوامی هێرش دەکات. هەم زماندرێژی دەکات و هەم لە رووی سەربازیەوە هێرش دەکات. با کەس بە بیانۆی ئەوان هەڵنەخەڵەتێ کە پەکەکە دەکەنە بیانۆ. ساڵی رابردوو کاتێک هێرشیان بەرانبەر سەرێ کانی ئەنجامدا، نێچێرڤان بارزانی ووتی، "دەوڵەتی تورک کێشەی لەگەڵ کورد نییە، کێشەی لەگەڵ پەکەکە هەیە'. ئیستا بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەڵێم ، : فەرموو بچوو بۆ سەرێکانی، سەیر بکە کورد لە چ دۆخێکدایە. سەیرکە کورد ماوە یان نە؟ ماڵ موڵکیان تاڵانکراوە یان نە؟ دەستدرێژیان کردە سەر نامووسیان یان نە؟ لە غوتا و ناوچەکانی تر چەتەکانیان هێناوە و لەوێ جێگیریان کردن یان نە؟ ئایا دۆخی کورد لە عەفرین چۆنە؟ لەوێ قڕکردن هەیە یان نە. کوردەکان دەرکران. ماڵ و موڵکیان تاڵانکران، دەستیان بەسەر هەموو شتێکی کوردەکاندا گرت. هەمان شتیان لە سەرێکانی کرد.

با کەس بەرگری لە دەوڵەتی تورک نەکات. با هەموو کەسێک فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە ببینێت. دەیانەوێت سیاسەتی قڕکردنی لەدژی گەلەکەمان ئەنجام بدەن.

بەرخۆدانی مێژوویی حەفتانین

لە گردێکی سەروو گوندی حەفتانین کە ئێمە گردی سیپانی پێ دەڵێین شەڕ روودەدات. دوژمن دەیەوێت لەوێوە پێشرەوی بکات. ئەگەر پێشڕەوی بکات، دەگاتە ناوچەی کەشان. دوژمن خۆی دەڵێت، پێویستە خۆمان بگەیەنینە باتوفا. دیارە لەوێش هێزیان هەیە، دەیانەویت خۆیان بگەیەننە ئەوێ. لە گردی سیپان شەڕ هەیە. هەڤاڵانمان دەستیان لەوێ هەڵنەگرتووە. دوژمن زۆر جار هەوڵیدا، بەڵام لەوێ بەرخۆدانێکی مێژوویی هەیە. ئەگەر ئەو شوێنەی کە ئێمە پێی دەڵێین گردی شەهید بێریڤان، کە لە بانیکە و گردی دووپشکیان داگیرکرد، ئەو کاتە حەفتانین دەکەنە دوو پارچە. بەوەش دەیانەوێت هەڤاڵانمان لە خانتور و گەلی پساخا گەمارۆ بدەن. لە ئێستادا ئەم تاکتیکەیان هەیە. دوێنێ لە گردی پەرەخ و قەسروک دەستیان بە هێرش کرد، دەیانەوێت پێشڕەوی بکەن. لە ئێستادا لە سێ شوێن شەڕ هەیە.

بە قاڕەمانیەکی گەورە شەڕ بەڕێوە دەچێت

دوژمن وتی، "بەرلە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆن، بە دەستی سیخوڕەکانیان لە حەفتانین چوار هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە. وەک دوژمن دەڵێت چوار هەڤاڵ نین، سێ هەڤاڵمان شەهید بوون. هەڤاڵ شاهین، چیا و تۆڵهەڵدان لە شوێنێکی نزیک لە گوندی کەشان لە ئەنجامی ئیخباری سیخوڕەکان شەهید بوون. ئەوە بەرلە ئۆپەڕاسیۆنەکە بوو. ئەو شەوە هێرشێکی فراوانی ئاسمانی دەستیپێکرد. تا ئێستا دوو هەڤاڵمان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا شەهید بوون. ناویان کە لە راگەیەنراوەکانیشدا بڵاوکرایەوە، هەڤاڵ مەزلۆم و هەڤاڵ عەگید بوو. پەیوەندیان بە چوار هەڤاڵەوە نییە. بەڵام لە چەند دەڤەری تر شەڕ هەیە. ئێمە نازانین ئەنجامی شەڕەکە چۆن دەبێت. بە کورتی ئەو بەرخۆدانەی کە لە حەفتانین پیشان دەدرێت، ئاشکرای دەکات کە بەرخۆدانی جەنگی حەفتانین مێژوویی دەبێت. لەوێ قاڕەمانێتیەکی گەورەی شەڕ ئەنجام دەدرێت.

ف.ق / ژ.ت