قەرەیلان: ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین -٢-

دۆزی ئازادیی کوردستان چووەتە سەردەمێکى نوێ. دەوڵەتى تورک لە دژی دۆزی مافدارانەى تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و لە دژی پێگەی گەلی کورد دەستیکردووە بە هێرشێکى بەرفراوان. هەر چوارلای کوردستان دەبێت بە باشی لە قۆناغەکە تێبگەن.

موراد قەرەیلان فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندی پاراستنى گەل (نەپەگە) میوانی "بەرنامەى تایبەت"ی ستێرک تیڤی بوو. قەرەیلان وەڵامی پرسیارەکانی ئارژین فەرات لەبارەى شەهادەتی قاسم ئەنگین، هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر حەفتانین، گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیى کورد و چالاکییەکانى گەریلا دایەوە و شیکاریی بۆ کردن.

تا دوا هەناسە شەڕ دەکەین

پێش هەموو شتێک با گەلی باشووری کوردستان و هەموو گەلی کوردستان ئەوە بزانن، ئێمە لە دژی سیاسەتی دەوڵەتى تورک بۆ دروستکردنی ناوچەى پشتێنەى سەربازی لە باشووری کوردستان تا دوا هەناسەمان شەڕ دەکەین. ئێمە بەرخودان و خۆڕاگری دەکەین. ئێمە دەستبەرداری حەفتانین نابین. دوژمن تەکنەلۆجیای جەنگیی هەیە، رەنگە هەندێک شوێنیش داگیربکات، بەڵام ناتوانێت هەموو شوێنێکیش بگرێت. ئەو شوێنانەى کە داگیری دەکەن باجی دەبێت، دەبێت باجەکەى بدەن. هەر ناوچەیەک، کە داگیریان کردووە بە بەردەوامی لێیان دەکوژرێت. ئێمە لێرە و لەوێ و لە هەموو شوێنێکى تردا خۆڕاگری دەکەین. بۆ ئەوەى سیاسەتى دروستکردنی ناوچە و پشتێنەى سەربازی تێکبشکێت ئێمە بە شێوەیەکى مێژوویی بەرەنگاری و بەرخودان دەکەین. هەموو هەڤاڵانمان ئەو بڕیاریانداوە و ئەوە بڕیاری هەموومانە.

ئێمە بەڵێنمان داوە و بەشێوەیەکى فیداییانە بەرگری دەکەین

با گەلەکەمان بە تایبەتى گەلەکەمان لە ناوچەى بادینان لەو بەرخودانەدا ببێتە یارمەتیدەرمان. هەر هیچ نەبێت با هەڵوێستیان لە دژی سیخوڕ و بە کرێگیراوان هەبێت. هیچ نەبێت رێگری لە کاری سیخوڕەکان بکەن تاوەکو نەتوانن هێرش بکەنە سەر هەڤاڵانمان. ئێمە ئەو شەڕە نەک بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ هەموان و هەموو کەسی دەکەین. بە ناوی فیداییانی ئاپۆییەوە ئێمە بەڵێنمان داوە، کە هەموو بەشەکانى کوردستان بە شێوەیەکى فیداییانە بپارێزین. قوربانییەکەى هەر چییەک دەبێت با ببێت، ئێمە پێبەند و پێداگرین لەسەر بەڵێن و پەیمانەکەمان. لەو پێناوەدا ئێمە شەهیدیش دەبین، بەڵام لە بەرامبەر دوژمندا هەرگیز هەنگاو بۆ دواوە نانێنین، هەرگیز سەر دانانەوێنین. ئێمە دەتوانین مانۆڕی سەربازی ئەنجام بدەین. دەتوانین هەندێک ناوچە بگرین، دەتوانین لە هەندێک ناوچە بکشێینەوە، یان ئێمە دەتوانین بچینە هەندێک ناوچە، بەڵام ئێمە هەموو کات لە ناوچەکەداین. ئەوێش بگرن ئێمە هەر بە بەردەوامی لێرەین. بە رێبازی ئافرێنەرانە، بە رێبازی شەڕی گەریلایی سەردەمی نوێ ئێمە لە خاکی کوردستاندا دەبین و دەمێنینەوە. ئێمە خاکی ئازادی کوردستان بۆ دوژمن بەجێناهێڵین. ئێمە رێگا نادەین ئەوان بە ئاسانی خاکەکەمان داگیر بکەن. بە ناوی پەکەکەوە ئێمە لە دژی ئەوە شەڕ دەکەین.

بانگەوازمان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە پشتیوانیمان لێ بکەن. ئێمە هەمان ئەو بانگەوازەمان بۆ هێزە سیاسییەکانیش هەیە، بەڵام بانگەوازی یەکەممان بۆ گەلەکەمانە.

هێزێکى بچووکی خۆپاراستن لە مەخموردایە

راستە لە مەخمور ژمارەیەکى بچووک هێز بۆ خۆپاراستن هەیە. بۆ ئەوەى گەلەکەمان لە مەخمور لە هێرشی داعش بپارێزن. داعش مانگێک لەوە پێش هێرشی کرد و ٢ چەتە کوژران. ئەندامێکى هێزی خۆپاراستن شەهید بوو. بۆ پاراستنی ئەو شوێنە هێزێکی بچووکی خۆپاراستن هەیە. هێزێکى ئەوەندە گەورە نییە، کە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەندێکان، یان بە فڕۆکە بۆردومان بکرێت.

شەنگال گەریلای لێ نییە، یەبەشە و یەژەشەی لێیە

ئێمە هێزمان لە شەنگال نییە. ئێمە لە شەنگال نین. یەکینەکانى بەرخودانی شەنگال (یەبەشە)ی لێیە. هەندێک هەوڵ دەدەن یەبەشە وەک پەکەکە نیشان بدەن. وا نییە. پێش ئەوەش دەمەوێت بڵێم، بۆ نمونە هەندێک دەڵێن، پێشمەرگە لەلایەن پەکەکەوە لە شەنگال دەرکراون و دەیانەوێت شتەکە بەو شێوەیە نیشان بدەن، بەڵام لە راستیدا هیچ شتێکى لەو شێوەیە لە گۆڕێدا نییە. لەبەر ئەوەى بەو شێوەیە نزیک دەبنەوە، کە دەیانەوێت پەکەکە لەوێ بکەنە ئامانج و کار و جموجوڵیان بۆ ئەوەیە. لێرەدا نزیکایەتییەکى زۆر هەڵە هەیە. ئەگەر دەستوەردانی فیداییانەى ئێمە نەبوایە لە شەنگال چی روویدەدا. بەلانیکەمەوە سەد هەزار کەس لە گەلی ئێزیدیمان لەوێ کۆمەڵکوژ دەکران و رەگی ئێزدییەکانیان لە بنەوە هەڵدەکەند. ئێمە ئەوە وەک نمونەیەک باس دەکەین، گەلی خۆمانە و ئێمە گەلی خۆمان پاراست. هەروەها لە ئەنجامدانی ئەوەشدا دوا کەوتین، ئێمە لەوەشدا رەخنەمان لە خۆمان گرت. هەندێک بە تایبەتی هەندێک ئێزدی بۆ نۆکەرایەتی دەجوڵێنەوە و هەندێکیش دژایەتیی پەکەکە دەکەن، بەڵام ئەگەر ئێمە نەبوینایە ئەوان کەسیان لێرە نەدەهێشت و کەسیان لێرە نەدەما. ئێمە لێرە ١٥٠ هەزار کەسمان وەرگرت و رێڕەومان بۆ کردنەوە و گواستنماننەوە بۆ رۆژئاوا. گەلۆ باشە بەو کارە ئێمە چ تاوانێکمان کردووە. 'دەبێت مرۆڤ مافی قەیسەر بە قەیسەر بدات' ئەوە پەندێکى کۆنە. لەو کاتەدا دەبێت ئێوە مافی خۆمان رادەستی خۆمان بکەن.

پێشمەرگە چۆن لە شەنگال کشایەوە؟

دواى ئەوەى ئیمە دەستوەردانمان لە شەنگال کرد، ئێمە رێگامان بۆ پێشمەرگەر کردەوە و ئەوانمان گەیاندە لای خۆمان لە شەنگال (پێشتر پێشمەرگە بەهۆی هێرشی داعشەوە لە شەنگال هەڵهاتبوو) و بەو شێوەیە پێشمەرگە لە رێگەى ئێمەوە گەڕایەوە بۆ شەنگال. دواى ئەوەى لە ساڵی ٢٠١٧دا کە ریفراندۆم کرا، سوپای عێراق بە هاندانی تورکیا لە کەرکوک و شەنگال دەستی بە جموجوڵکرد. لەو کاتەدا فەرماندەیی پێشمەرگە لە شەنگال هات بۆ لای هەڤاڵانمان و و وتیان 'ئێمە دەست لە شارەکە هەڵناگرین و دێین بۆ لای ئێوە'. هەڤاڵانى ئێمەش ئەو کاتە، کە چیای شەنگالیان دەپاراست لەو دۆخە ئاگاداریان کردینەوە. ئێمەش وتمان 'باشە' و با پێکەوە لە سەنگەرێکدا بن و کاتێک سوپای عێراق هات با پێیان بڵێن 'ئێمە نامانەوێت لە دژی ئێوە شەڕ بکەین، بەڵام ئێمە لێرەش دەمێنینەوە' و بە وردیش ئاگاداری بارودۆخەکە بن. یانی ئێمە بەوانمان وت، دەتوانن بمێننەوە. بۆ ئەوەى لەگەڵ هەڤاڵانمان لە سەنگەرێکدا بن خۆیان هاتن بۆ لای هەڤاڵانمان، بەڵام دواى دوو کاتژمێر و لە نیوەشەودا ئێمەیان ئاگادار کردەوە و وتیان، فەرماندەیی پێشمەرگەکان وتویەتی 'ئێمە سپاسی گرنگیپێدان و هاوکاریتان دەکەین، بەڵام فەرمانمان بۆ هاتەوە، کە دەبێت بکشێینەوە'. هەروەها وتیان 'سوپای عێراق هیڵی رەبیعەى گرتووە، باشە ئێوە دەتوانن وەک ئەو کاتەى داعش هات، ئێمە جارێکیتر بەرەو رۆژئاوا ببەن و بمانکێشنەوە؟'، ئێمەش وتمان باشە، با رۆژ بێتەوە و لەگەڵ هەڤاڵانی یەپەگە قسە دەکەین بۆ ئەوەى بتانکێشنەوە. دواى ئەوەی ماوەیەکی بەسەردا تێپەڕی، سوپای عێراق رێگای بۆ کردنەوە و وتیان دەتوانن، لێرە بڕۆن. پێشمەرگە بەو شێوەیە (بە فەرمانی سەروی خۆی و بە هاکاریی سوپای عێراق) لە شەنگال کشایەوە.

دواى ساڵێک گەریلا کشایەوە

ئێمە لەو کاتەدا لە شەنگال ماینەوە. کاتێک عێراق هات بینیی ئێمە لە سەنگەرداین. ئێمە بەوانمان وت 'ئێمە لێرەین، ئێمە نامانەوێت لە دژی ئێوە شەڕ بکەین، بەڵام ئێمە دەستبەرداری سەنگەرەکانی خۆمان نابین'. دواى ئەوە چاوپێکەوتن کرا، گفتوگۆ کرا و شەڕ رووی نەدا. ئێمە کەسمان لەوێ دەرنەکردووە. ئەو رووداوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧دا روویدا. لە نیسانی ٢٠١٨دا و بەبێ ئەوەى کەس داوامان لێ بکات، ئێمە بڕیارماندا لە شەنگال بکشێینەوە. ئێمە ئەوەمان بینی، کە ئیدی لەوێ پێویستییان بە ئێمە نییە، عێراق هاتووە، یەبەشە هەیە، ئەوان بە ئەندازەی پێویست کاری خۆیان دەکەن، ئێمەش بڕیارماندا کە بە ناوی هەپەگەوە لە شەنگال بکشێینەوە. ئێستا کەسێکى ئێمە لەوێ نەماوە.

باشە کوردایەتی، ئیزدیایەتی ئاوایە؟

کاتێک لە دژی فەرماندەی هێژای یەبەشە زەردەشت شەنگالی، جیلۆی برای و هەڤاڵە ئێزدییەکانى و حەمید فڕۆکەکانى کۆماری تورکیا هێرشیان ئەنجامدا، ئەو رۆڵە هێژایانەى شەنگال شەهید بوون. کاتژمێرێک دواى ئەو هێرشانە کەسێک بە ناوی حەیدەر شەشۆ چووە سەر شاشەی تەلەفزیۆن و وتی 'راستە هێرشێک روویداوە و هێرشەکە لە دژی بڕیارگەی پەکەکە بووە'. کوا ویژدان؟ گەلۆ ئەوانە گەنجانی ئێزدی بوون، تۆ بۆ ئەوان دەکەیت بە پەکەکە و دەیانکەیتە ئامانج؟ گەلۆ ئیزدیایەتی ئاوایە، کوردایەتی ئاوایە؟ روونە ئەوانەى، کە ئەوانیان کردووەتە ئامانج، ئەوانن.  ئەو گەنجانەى خۆیان بە ناوی یەبەشەوە بە رێکخستن کردووە وەک پەکەکە نیشانیان دەدەن و بەو شێوەیە دەیانکەنە ئامانج. لەوەدا نە ویژدان هەیە و نە شکۆ و کەرامەت هەیە و نە شەرەف و ناموس هەیە. لەلایەکى ترەوە کەسێک کە پێشتر قائیمقامی شەگال بووە، هەر یەک لەسەر یەک هەڵدەسێت و دەڵێت 'پەکەکە لێرەیە و لەبەر ئەوە ئارامی نییە'. ئەگەر وایە پێشنیاز دەکەم، با لیژنە و شاندێکى بێلایەن بچێت بۆ ئەوێ و سەیر بکات و بزانێت کەسی پەکەکە لەوێ هەیە یان نا؟.

پێویستە خۆیان بپارێزن، بەڕێوەببەن و خۆسەربن

باشە لەوێ کێ هەیە؟ بە تەنها یەبەشە/یەژەشە هەیە. کاتێک لە سەرەتادا ١٢ هەڤاڵمان بە شاراوەیی ناردە ئەو شوێنە، ئێمە هەندێک کەسمان ناسی. بێگۆمان پێشتریش ژمارەیەک لە گەلی شەنگالمان دەناسی. کاتێک فەرمانەکە ئەنجامدرا، ئەو گەنجانەی کە ناسیاوی ئێمەبوون، لەگەڵ هەڤاڵانمان شەڕیان کرد. یەکێکیان زەردەشت بوو، یەکێک بەرخۆدان بوو. هەڤاڵ بەرخۆدان لە شەڕدا شەهید بوو. دواتر ئەو هەڤاڵانە بۆ شەڕ خۆیان رێکخستەوە، ناوی خۆیان نا یەبەشە. ئێمەش پشتگیریمان کردن، پەروەردەمان کردن و هەوڵماندا بەهێز ببن. ئێمە بڕوامان بەو شێوەیە بوو کە گەلی ئێزدیمان  لە شەنگال خۆی بپارێزێت، خۆی بەڕێوەببات و خۆسەر بێت. لەم چوارچۆڤەیەدا ئێمە تا کۆتایی لەگەڵ گەلی ئێزدیمانداین و پشتگیری لە شەنگال دەککەین. لەبەرئەوەی ٧٣ فەرمانیان بەسەردا هاتووە، لە کوێ بن جیاوازی نییە، ئێمە پشتگیریان دەکەین. ئەمە بۆ ئێمە پرسێکی نەگۆڕە و بڕوامان پێی هەیە، بەڵام ئەوەش بە واتای ئەوە نایەت کە هەموویان ئەندامی پارتەکەمانن.

بە ئەنقەست یەبەشە دەکەنە ئامانج

ئێستا بە دەیان هەزار، بە سەدان هەزار عەرەب هزری ڕێبەر ئاپۆ قبوڵ دەکەن. ئێمە دەزانین لە بەغدا، لە بەسرە زۆر کەسی ئاپۆیی هەن کە لە ئێمە زیاتر بە بڕیارن. لەوانەیە خۆیان رێکنەخستبێت، بەڵام هەن. هەروەها لە ئەنژەنجین کەسی ئاپۆیی هەن، ئێمە دەزانین بزوتنەوەی گەنجانی ئاپۆیی هەوڵ دەدەن خۆیان ڕێکبخەن. لە پاکستان ژەن. ڕێبەر ئاپۆ هێڵێک و جێگرەوەیەکی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە، خاوەنی سیستمی هزری خۆیەتی. مرۆڤەکان دەتوانن بەشداری ئەوە بکەن. هەموو کەسێک کە بەشداری لەم هزرەدا دەکات، مەرج نییە پەکەکەیی بێت. ئەوانەی یەبەشە وەک پەکەکە لەقەڵەمدەدەن، دەیانەوێت گەنجانی ئێزدی لەوێ یەکسەر بکەنە ئامانج. نایانەوێت گەلی ئیزدی خۆی بپارێزێت و خۆی بەڕێوە ببات. ئیستا بە پەرسپەکتیفی نەتەوەی دیموکراتیک پەیوەندی دۆستایەتیان لەگەڵ گەلی عەرەب دروست کردووە، بە شێوەیەکی نمونەیی ژمارەیەکی زۆر شۆرشگێری هێژای عەرەبیش بەشداریان لە ڕیزەکانی یەبەشەدا کردووە و یەبەشە گەورە بووە و بەهێز بووە. بۆیە نیگەرانن و ئەوەش دەکەنە ئامانج.

هەوڵ دەدەن ئەوەی بە دەستی داعش نەیانتوانی بیکەن، خۆیان بیکەن

لایەنە سەرەنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە، شەنگال و مەخمور کە داعش هەوڵیدا لەوێ قڕکردن ئەنجام بدات، لە ئێستادا بوونەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک. ئامانجەکە هاوشێوەیە. لێرەدا ئاشکرا بوو کە دەوڵەتی تورک پێشتر دەیویست لە شەنگال و مەخموور و هەموو باشووری کوردستان سیستمی فیدڕالی تێک بدات، بەڵام داعش تێکشکا و نەیتوانی ئەوە بکات و لە ئێستادا خۆی دەیکات. ڕاستی بەم شێوەیەیە.

شەڕەکە زیاتر تەشەنە دەستێنێت

ئێمە وتمان کە دۆزی ئازادی کوردستان لە سەردەمێکی نوێدایە. ئێمە ئەوەمان بە تەنها لە چوارچێوەی دەستوەردانی دوژمن لە باشووری کوردستاندا نەوتووە. بە گشتی دۆخەکە بەم شێوەیەیە. بە تایبەتی شەڕی نێوان ئێمە و دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا چووەتە سەردەمێکی نوێ. ئێمە هەندێک گۆڕانکاری و نوێبوونەوەمان لەناو خۆماندا دروست کرد. ئاشکرایە کە ئەمساڵ شەڕەکە زیاتر تەشەنە دەستێنێت.

چالاکی خۆپاراستن پیویستە زیاتر بکرێن

لە باکووری کوردستانیش چالاکی ئەنجامدەدرێن. هەم چالاکی گەریلا و هەم چالاکی خۆپاراستن ئەنجام دەدرێن. ئەمە باشە. ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە بانگەشەکانی دەوڵەتی تورک ڕاست نین. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپە شەڕێکی فراوانی دەروونی بەڕێوەدەبەن. چالاکی خۆپاراستن لە کوردستان و شارە گەورەکانی تورکیا لەدژی سیخۆڕ، نۆکەر و ئابۆری دوژمن شتێکی باشن، بەڵام تێرکەر نین و پێویستە فراوانتر بکرێن. پێویستی بەوە هەیە.

پێویستە کەس سەردانی تورکیا نەکات لەبەرئەوەی گۆڕەپانی شەڕە

لە نێوان ئێمە و دەوڵەتی قڕکەری تورکدا شەڕێکی فراوان هەیە. دەولەتی تورکی داگیرکەر تیرۆر لەبەرانبەر گەلەکەمان ئەنجام دەدات و دڕندەیی دەکات. بۆ گەلی ئەوروپا، گەلی ڕووسا داوا دەکەین کە سیاسەتی قڕکردنی دەوڵەتی تورک لەسەر گەلی کوردستان ببینن و وەکو گەشتیار سەردانی تورکیا نەکەن. ئەگەر بچنە تورکیا و زیانیان بەربکەوێت، ئێمە بەرپرسیار نین. من ناڵێم دەیانکەینە ئامانج، بەلام شەڕێک هەیە، ئەگەر بچنە گۆڕەپانی شەڕ و زیانیان بەربکەوێت ئەو کاتە ئێمە بەرپرسیار نین. بۆیە پێویستە سەردانی تورکیا نەکەن، خۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، کەس سەردان ناکات. بەڵام کاتێک دۆخەکە ئاسایی بووەوە پێویستە کەس سەردان نەکات. ئەم دەوڵەتە دڕندەیی لەبەرانبەر گەلەکەمان ئەنجام دەدات. ئێمەش لەدژیی شەڕێکی ڕەوای بەرخۆدان بەڕێوەدەبەین.

دۆزمان ڕەوا و پیرۆزە

ئێمە دۆزێکی مافدار و ڕەوا بەڕێوە دەبەین. کێ لە جێگەی ئێمە بوایە شەڕێکی سەخت تری بەڕێوە دەبرد. ئێمە خاوەنداری لە مرۆڤایەتی خۆمان، لە زمان و ڕاستی دەکەین، ئێمە تەسلیم نابین و بەرخۆدان دەکەین. لەبەرئەوەش دۆزی ئێمە پیرۆز و ڕەوایە. پێویستە هەموو کەسێک ئەمە ببینێت.

گەنجانی کورد، گەنجانی سۆسیالیست، دیموکراتی تورکیا لەدژی ئەم ڕژێمە فاشیست و قڕکەرە پێویستە زیاتر تێبکۆشن. ئێمە دەزانین لە ئێستادا زۆر گەنج هەیە کە دەیانەوێت بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا بکەن، بەڵام ڕێگا نادۆزنەوە. لەو هەڤاڵانەی کە هاتوون ئێمە ئەوەمان بیستووە. بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی خولقێنەر بجووڵێنەوە دەتوانن خۆیان بگەیینە لای گەریلاکان. ئەوانەی دەتوانن بێن با بەشداری لە ڕیزەکانی گەریلادا بکەن و ئەوانەی ناتوانن با بەشداری لە یەپەسەدا بکەن. لەوێ بمێننەوە و ببنە هێزی خۆپاراستن.

کاتی قسەکردن نییە، کاتی چالاکیە

بانگەوازیمان بۆ هەموو گەنجێکی کوردە، لە هەموو وڵاتپارێز و دیموکراتێک لە کوردستان بەم شێوەیەیە: لەدژی ئەم ڕژێمە فاشیستە چالاکی ئەنجام بدەن. کاتی قسەکردن نییە، کاتی چالاکیە. کاتەکە بەم شێوەیەیە. پێویستە هەموو کەسێک لەم کاتە مێژووییەدا خاوەنداری لە ئەرکەکانیان بکەن. لەبەرئەوە با کەس چاوەڕێی فەرمان نەکات.

هەموو کەسێک دەتوانێت ببێتە میلیتانێک. بە خوێندن، بە فێربوون، بە خۆ رێکخستنکردن هەموو کەسێک دەتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەگەر بەم شێوەیە بێت، ئێمە بە تەئکیدی سەردەکەوین."

ف.ق / ژ . ت