قەیومەکەى ئاکەپە ئەمجارە لە وان پەلاماری ئاخوڕەکانی دا
قەیومەکەی ئاکەپە لە وان سەدان ئاخوڕی لە ناوچەى رێیا ئارموش رووخاند.
قەیومەکەی ئاکەپە لە وان سەدان ئاخوڕی لە ناوچەى رێیا ئارموش رووخاند.
رێیا ئارموش، کە دانیشتوانەکەى ٤٠٠ هەزار کەسە گەورەترین ناوچەى پارێزگای وانە. یەکێک لە سەرچاوەکانى بژێویی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە ئاژەڵدارییە و هەزاران ئاخوڕیان بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان دروستکردووە، بەڵام قەیومە داسەپێنراوەکەى ئاکەپە بەسەر شاروانیی وان دا لە بەردەوامیی تاڵانکەری و کاولکارییەکانیاندا ئەمجارە پەلاماری ئاخوڕەکانی دا و سەدان ئاخوڕی رووخاند.
سینان ئاسلان قەیومەکەى ئاکەپە لە گەڕەکی بوزهانەى ناوچەى رێیا ئارمش ١١٠ ئاخوڕ و گەوڕی رووخاند. باسی ئەوەش دەکرێت، سەدان ئاخوڕ و گەوڕی تریش لەلایەن قەیومەوە لە رێیا ئارموش دەڕووخێنرێن. قەیوم سینان ئاسلان هەڕەشەى ئەوەشی لە خاوەن گەوڕەکان کردووە، کە پارە و تێچووی رووخاندنی گەوڕەکان لە خاوەن گەوڕەکان دەسەنێت و بە ناوی 'سزای دروستکردنی بینای قاچاخ' بە رێژەى سەدا ٢٠ی تر پارە لە ئاژەڵدارەکان دەسەنرێت. ئەو ئاژەڵدارانەى کە ئاخوڕەکانیان روخێنراوە هەزاران لیرە زیانیان پێگەیشتوە و ئاژەڵەکانیشیان بێ سەرپەنا و گەوڕ و ئاخوڕ ماونەتەوە.
ئاژەڵدارێک کە بەهۆی ئاشکرانەبوونی ناوەکەى بۆ هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورک ناوەکەى بڵاوناکەینەوە وتی "سەدان ساڵە ئیمە کاری ئاژەڵداری دەکەین. پێشتر ئاژەڵداریمان لە گوندەکانی خۆمان دەکرد، بەڵام دواى ئەوەى دەوڵەتى تورک گوندەکانی خاپوور کردین و رۆیشتنی بۆ کوێستانەکان لێ قەدەغە کردین ئێمە ناچار بووین کۆچ بکەین بۆ ناوەندی وان. لێرە بە خەرجێکى زۆر ئاخوڕمان بۆ ئاژەڵەکانمان دروستکرد و لە ئاخوڕەکاندا دەستمان بە بەخێوکردنی ئاژەڵەکانمان کرد، بەڵام ئێستا قەیومەکەى ئاکەپەی دەستیکردووە بە رووخاندنی ئاخوڕەکان. ئاخوڕەکانیان تێکداین و ئێستا ئاژەڵەکانمان بکەینە کوێ و چییان لێ بکەین، ئاخر ئیدی بەمشێوەیە دەتوانین ئاژەڵداری بکەین؟".
ژ.ت