رۆژی ١٩ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٧ی گەلاوێژ رژێمى ئەنقەرە بە سەرۆکایەتیى ئاکەپە و ئەردۆغان، کە هاوپەیمانى مەهەپەن، دەستیان گرت سەر شارەوانیى گەورە شارەکانى ئامەد، وان و مێردین دا و لە بریى نوێنەرانى هەڵبژێردراوى گەل، قەیومیان بەسەر شارەوانییەکانى ئەو شارانەدا سەپاند.
ئێستاش قەیومە سەپێنراوەکەى ئاکەپە بەسەر شارەوانیى واندا، کە هاوکات پارێزگاری دەوڵەتى تورکە لە وان، هەموو جۆرە چالاکییەکى ناڕەزایەتیى هاووڵاتییانی لە دژی خۆی لە شاری وان قەدەغە کرد.
پارێزگاری تورک و قەیومە داسەپێنراوەکەى ئاکەپە بەسەر شارەوانیى گەورە شاری واندا چالاکییەکانی بۆ ماوەى ١٥ رۆژ لە وان قەدەغە کرد.
لە راگەیاندراوى پارێزگارەکەى تورک و قەیومەکەى ئاکەپەدا ئیدعای ئەوە کراوە، کە گوایە قەدەغەکارییەکە لە پێناو دابینکردى ئاسایشی نەتەوەیدایە و هەموو جۆرە چالاکییەکانى رێپێوان و خۆپیشاندان، سیستمی جەماوەری، مافە بنەڕەتی و ئازادییەکان و پاراستنى سیاسی قەدەغەکراون.
هاوکات هەر ئەمڕۆ پارێزگاری دەوڵەتى تورک لە شرنەخ راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ ماوەى ١٥ رۆژ هەموو جۆرە چالاکییەکی ناڕەزایەتى لە شرنەخ قەدەغە دەکرێت. سەرنجڕاکێشە ئەو راگەیاندراوەى پارێزگاری تورک لە شرنەخ لە دواى ٣ رۆژ لە بڕیاری قەدەغەکارییەکە بڵاوکراوەتەوە و لە کاتى خۆیدا بڵاونەکراوەتەوە.
ژ.ت