لە بەدلیس والی و قائیمقام بۆ دەنگی هەڵبژاردن هەڕەشە دەکەن

پاڵێوراوی هەدەپەی بەدلیس جەلادەت گەیدالی ڕایگەیاند: "والی و قائیمقامی ئاکەپەی لە شاری بەدلیس هەڕەشە لە گەل دەکەن ئەگەر دەنگ بە ئاکەپە نەدەن بۆمبارانیان دەکەن.

ه

پاڵێوراوی پارتی دیموکراتی گەلان 'هەدەپە' بۆ پەرلەمان مەحمود جەلادەت گەیدالی هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیرانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات 'ئانەفە' هەڵسەنگاند.
گەیدالی دەستنیشانی کرد کە لەم هەڵبژاردنەدا دانیشتوانی بەدلیس دەنگی خۆیان نادەن بە ئاکەپە و وتی: "شارە بچوکەکان بەگوێرەی پاڵێوراوەکان هەڵوێست نیشان دەدەن. ئاکەپە ئەمجارە لەناو خراپترین کاندیدەکانیدا، گوایە باشترین کاندیدی هەڵبژاردووە. باوەڕ ناکەم کە ئەوان بەو لیستەوە سەربکەون. لەو باوەڕەدام ئێمە لەم هەڵىژاردنەدا بە ئاسانی ۲ کورسی شاری بەدلیس بەدەست دێنین، دەشکرێت ئەو ژمارەیەش بۆ ٣ کورسی بەرز بکەینەوە".  

گەیدالی ئاماژەی بەوەش کرد، کە لە بەدلیس گەورەترین ناڕەزایەتیی بەهۆی قەیرانی ئابووریەوە هەیە و ڕایگەیاند: "سیستم بە بنبەست گەیشتووە، جوڵەی ئابووری و دەستاودەستکردنی پارە نییە و ڕاوەستاوە. بە پێچەوانەی شارە گەورەکان، لە شاری بچوکەکانی وەک بەدلیس ئیدی گەل زۆر وەڕس بوون. بێکاریی دەستیپێکردووە و لە هەڵکشان دایە. مرۆڤەکان بێهیوا بوون و پاشەرۆژی خۆیان بە باشی نابینن. هەر بۆیە بێدەنگن. ئەو بێدەنگیەش بەهۆی ترسەوە نیە، بەڵکو وەک بورکانێک پەنگی خواردوەتەوە خەریکە دەتەقێتەوە. بەڵێ بەدلیس سەرلەنوێ دەتەقێتەوە و ئەو تەقینەوەیەش لە ٢٤ی حوزەیراندا ڕوو دەدات".

 گەیدالی سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڕەشەی بەرپرسانی دەوڵەت لە خەڵکی بەدلیس و وتی "قائیمقامی ناوچەکان، موختارەکان بانگ دەکەن و پێیان دەڵێن 'ئەگەر لە گوندەکەی ئێوە یەک دەنگ بە هەدەپە بدرێت، ئەشکەنجەی ئێوە دەکەم'. بۆ نموونە لە کاتی ڕیفراندۆمیشدا قائیمقامی ناوچەی خیزان بانگی موختاری گوندێکی کردبوو پێی وتبوو 'ئەگەر یەک دەنگی نەخێر لە گوندەکەی ئێوە بدرێت، کارێکی وەها دەکەم کە بۆمبارانی گوندەکەتان بکەن. موختارەکە هات و بە منی وت : کە قائیمقام وەها هەڕەشەیەکی لێکردووە. منیش پێموت 'لێێکی بپرسە بزانە کەی بە نیازن بۆمبارانی گوندەکەتان بکەن، منیش دەڕۆمە گوندەکەتان و با منیش بەر ئەو بۆمبارانە بکەوم".

بەربژێرەکەی هەدەپە زیاتر لە سەر هەڕەشەکان دەدوێت و دەڵێت: "دەیانەوێت بە هەڕەشە و فرت و فێل سەربکەون. لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، دەنگی گوندێکی ئێمەیان لە دۆڵێکدا هێشتەوە. ئەوەش بە بیانووی ترسیان لە پەکەکەوە بوو. کاتێک کە ئەوەم بیست دەستبەجێ ڕۆشتم و پێیان وتم ' ئەی نوێنەری ئێمە، خەمت نەبێ ئێمە دەنگەکان دەپارێزین'. لە دۆڵی نازارا چوار مینی بوسیان ڕاگرتبوو، قائیمقام نەیدەویست ئەو دەنگانەی دراون بنێردرێن بۆ هەژمارکردن. قائیمقام بە تەلەفۆن پێی وتم کە '١٠ تا ١٥ ئەندامی ڕێکخستن " پەکەکە "  بۆسەیان بۆ سندوقی دەنگەکان داناوە و بۆ پاراستنی دەنگەکان ئێمە کارێکی وەها دەکەین'. منیش بە قائیمقامم وت:  بە ڕۆژی ڕووناک چەند جارێک لەو ڕێگەیەوە هاتووچۆم کردووە و شتێکی بەو شێوەیەم نەبینیوە. دەرنجام ئێمە  نەمانهێشت دەنگەکان بدزن. لە جەردەوانان یان ئەندامانی میت، هەندێک کەس درۆی بەو شێوەیە دەکەن بۆ ئەوەی ئاڵۆزیی و ئاژاوە دروست بکەن و لەو کەین و بەینەدا دەنگەکان بدزن".

گەیدالی ئاشکرای دەکات: " ئێستاش دیسان والی بانگی موختارەکانی کردووەتەوە و پێی وتوون 'سەرکۆماری ئێمە جەنابتانی بانگهێشتی کۆشک کردووە. ئێوە ئەم باشەیە لە یاد نەکەن و لەسەر سندوقی دەنگدان پاداشتی خۆتان نیشان بدەن'. ئاشکرا بووە کە هۆکاری بانگهێشتی موختارەکان بۆ کۆشک ئەم هەڵبژاردنەیە. من هەموو ئەمانە بە دەنگدەرانی خۆمان دەڵێم. ئاکەپە هەمیشە ماکەرۆنی و خەڵوز دابەش دەکات. مرۆڤ دەتوانێت دیاریی دابەش بکات، بەڵام ئەگەر لەبەرامبەر ئەو دیارییەدا داخوازیەک بکرێت، ئەوکات ئەو دیارییە دەبێتە بەرتیل. لە ئیسلامیشدا بەرتیل حەرامە. ئەوانەی کە دەیانەوێت بە ڕێبازی حەرام کەیفخۆش بن و بە ئامانج بگەن، کەیفخۆشیەکەشیان حەرامە. ئەوەش دۆخی ئێستای ئاکەپەیە.

ف.خ
هـ.هـ