لە جولەمێرگ سندوقى ٥٠ هەزار دەنگدەر گواسترایەوە بۆ ژێر دەستى جەردەوانەکان

گۆڕینی شوێنی دەنگدان لە جولەمێرگ کاریگەریی نەرێنی لە سێ یەکی دەنگدەران دەکات. سندوقەکانی دەنگدان لەو شوێنانە دەگوێزرێنەوە، کە جاری پێشوو لە سەدا ٧٠ی دەنگەکانی بۆ هەدەپە بوون. ئەو سندوقانە دەگواسترێنەوە بۆ ئەو شوێنانە، کە لە کۆنترۆڵى جەردەوانەکاندایە.

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا (یەسەکە - YSK) داوای والیی دەوڵەتى تورکی لە جولەمێرگ پەسەند کرد. بە گوێرەی ئەو داوایە، لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕدا سندوقی دەنگدانی ١٣٤ گوند و گەڕەک لە جۆلەمێرگ دەگواسترێنەوە بۆ ٣٨ شوێنی تر. ١٥٠ هەزار دەنگدەرە لە ناوەندی جولەمێرگ، ناوچەکانی گەڤەر، شەمزینان و چەلێ، ناوی خۆیان تۆمارکردووە، ئەو دەستوەردانە کاریگەریی خراپ لە سێ یەکی دەنگدەران دەکات و لەو رێگەیەوە ناچار دەکرێن لە شوێنی تر دەنگ بدەن.

پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران / ١٧ى جۆزەردان و ١ی تشرینى دووەم / ١٠ى خەزەڵوەر، نزیکەی لەسەدا ٩٠ی دەنگەکانی جولەمێرگ و ناوچەکانی دەوروبەری بەدەستهێنا. هەدەپە بەوەش بوو بە حزبی یەکەم و هەر ٣ کورسییەکەی ئەو پارێزگایەی بردەوە. پێشبینی دەکرێت کە هەدەپە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ی پووشپەڕدا هەمان ئەنجام بەدەست بهێنێتەوە. بەڵام لەو گوند و گەڕەکانەی کە هەدەپە تێێدا زۆر بەهێزە، ڕژێمی ئاکەپە سندوقەکانی دەنگدان بە بیانووی 'ئەمنییەوە' دەباتە ئەو گوندانەی کە جەردەوانانی تێدا نیشتەجێن. ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لە زیاتر لە ٥٠ هەزار دەنگدەر دەکات.

ئاکەپە لە نوێنەرانی گەل دەترسێت

هاوسەرۆکی دەبەپە لە جولەمێرگ سولەیمان کانات دەستنیشانی کرد، کە ئاکەپە لە نوێنەرانی گەلی جولەمێرگ دەترسێت و وتیشی "گەلی جولەمێرگ دەرسێکی گەورە بە ئاکەپە دەدەن".

کانات جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان (یەسەکە) و ئاکەپە هەوڵەکەیان بۆ ئەوەیە رێگا نەدەن گەل دەنگی خۆی بۆ نوێنەرە راستەقینەکانى بەکاربهێنێت.

سولەیمان قەنات ڕوونیشیکردەوە، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان سندوقەکانی دەنگدان بە تایبەتیی لە گەڤەر دەباتە ناوچەی دارا-ی و دەستنیشانی کرد، کە ئەو کارە هی ئەوە نییە قەبوڵ بکرێت.

وتیشی "بە ئەنقەست سندوقەکانی دەنگدان لە گەڤەرەوە دەبەنە ناوچەی دارا-ی، چونکە لەو ناوچەیەدا ئەو خێزانانە نیشتەجێن کە دوژمنایەتییان لەگەڵ چەندین خێزانى ترى ناوچەکانى تردا هەیە. دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانیش دەیانەوێت هاووڵاتییان دەنگی خۆیان نەدەن. لەلایەکی ترەوە، لە تەواوی ناوچەکانی تری جولەمێرگ سندوقی دەنگدان لەو گوندانە دادەنرێن، کە جەردەوانانی لێ نیشتەجێن. بەڵام با هەموو کەس ئەوە باش بزانێت سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانیش، گەلەکەمان دەڕۆنە شوێنی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدەن. گەلەکەمان وەک ئەرکدارانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، خاوەنداری لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن".

ر.م‌