لە زیندانەوە بەرەو چیا ئازادەکان

گەریلا دلێر ئامەد کە خەون و خولیای دەیان هەزار کەسی لە زیندان بەدیهێنا، چیرۆکی رێپێوانەکەى خۆی لە زیندانەوە بەرەو چیا ئازادەکان دەگێڕێتەوە.

چیرۆکی هەر کەسێک جیاوازە. چیرۆکی دلێر ئامەد بەدیهێنانی خەون و خولیای دەیان هەزار کەسە لە زیندانەکان. دلێر ئامەد ساڵی ٢٠١٦ لەگەڵ شەش هەڤاڵیدا لە زیندانی ئامەد هەڵهات و ئێستا لە ئەیالەتی زاپ بەشداری شەڕی ئازادییە. دلێر ئامەد باسی رێپێوانەکەى خۆی بەرەو ئازادی بۆ ئاژانسی هەواڵیی فورات (ANF) دەکات.

سەرەتا ئامەد باسی ئەوەیکرد کە ساڵی ٢٠١٢ لە ئامەد، لە شەڕدا بە برینداریی بە دیل گیرا و سەرەتا بردبوویانە زیندانی چەولیگ. دلێر ئامەد وتیشی "من ماوەیەکی کەم لە زیندانی چەولیگ مامەوە. هەڤاڵان لەوێ تونێلیان هەڵدەکۆڵا. کاتێک کە منیش بەشداری ئەو کارە بووم، بەڵام دواى ماوەیەک لەلایەن بەرپرسانى زیندانەوە دوورخرامەوە بۆ زیندانی ئامەد. بێگومان لە زیندانی ئامەد ئێمە نەماندەتوانی بە ئاسانی جموجوڵ بکەین. دەوڵەتیش لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی خۆیدا، ئێمەی دەگواستەوە بۆ ئەو زیندانانەی تر کە خۆیان دەیانویست. دەوڵەت دەیویست بەوە پێمان بڵێت 'ئێوە هەموو کات لە ژێر کۆنترۆڵی ئێمەدان، ئێوە لەژێر دەستی ئێمەدان'.

"بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە لە زیندانی ئامەد گورز لە دوژمن بوەشێنین"

دلێر ئامەد بەم شێوەیە چیرۆکی هەڵهاتنی خۆی لە زیندانی ئامەد دەگێڕێتەوە:

ئێمە بە گوێرەی ئەو شەرت و مەرجانەی زیندانی ئامەد پلانێکمان ئامادە کرد. هەوڵمان دا تێبگەین و شوێنەکان بە باشی بناسین. بێگومان زیندانی ئامەد بە بەراورد بە زیندانەکانی تر هەندێک جیاوازە. لەلایەنی مەعنەویەوە بۆ ئێمە زیندانی ئامەد گرنگی خۆی هەیە. لەبەرئەوەی ئەو زیندانە سەنگەری بەرخۆدانی کەمالەکان، خەیرییەکان و مەزڵومەکان بوو. بۆیە زۆر گرنگ بوو بۆ ئێمە کە لەو زیندانەدا گورز لە دوژمن بوەشێنین.

بۆ دوژمنیش زیندانی ئامەد گرنگ بوو. لەبەرئەوە سیاسەتی گشتیی زیندانەکان لەوێ دادەڕێژرا. واتە هەڵوێست و نزیکایەتیی دوژمن لە زیندانی ئامەد، هەڵوێست و نزیکایەتیی گشتیی بوو لە هەموو زیندانەکان. سیاسەت و فشاری هەرە سەختی لەوێ دەکرد. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە ئامەد پایتەختی کوردستانە. تایبەتمەندییەکی تری زیندانی ئامەد کە لەزیندانەکانی تری جیا دەکاتەوە لایەنی ڕێوشوێنی ئەمنییە. لەبەرئەوەی کە ڕێوشوێنی ئەمنی لە زیندانی ئامەد لە باڵاترین ئاستدایە، دوژمن زۆر وەسفی خۆی دەکات لەو بارەوە.

 بەوەش دەیانەوێت بڵێن کە 'هیچ زیندانییەک ناتوانێت لێرە هەڵبێت'. ئەو باوەڕبەخۆبوونە زۆرەی دوژمن بۆ ئێمە وەک ئیمتیازێک و جۆرێک لە باڵادەستى بوو. چونکە ئەو زۆر بڕوابەخۆوونە زیاد لە حەدەیان پووچەڵ کرایەوە. ئێمە ئاگاداری ئەو دۆخە بووین و بەپێى ئەوەش پلانی خۆمان ئامادە کرد و لە چوارچێوەی پلانەکەماندا دەبوو هەڵبهاتینایە. پلانەکەمان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بوو. نزیکەی ٦ مانگ بەردەوام بوو. لەماوەی ئەو ٦ مانگەدا لەلایەکەوە وەرزشمان دەکرد و لەلایەکی تریشەوە لایەنی فیکریی خۆمان ئامادە و بەهێز دەکرد. ئێمە هەمیشە گفتوگۆمان دەکرد. گفتوگۆکانمان دەربارەی ئەوەبوو کە چۆن بتوانین ئاستەنگی و بەربەستی بەردەممان لەناو بەرین.

پلانەکەمان بۆ ٦ هەڤاڵ بوو. هەر شەش هەڤاڵەکەش گەریلا بوون و لە هەرێمی جیاواز بەدیل گیرابوون. سەرەتا ئێمە ڕاوێژمان بەیەکتر دەکرد، باوەڕییمان بە یەکتر دەدا کە دەتوانین ئەم پلانە سەربخەین و بەم شێوەیە کەوتینە جموجوڵ. سەرەتا ڕێوشوێنە ئەمنیەکانی دوژمنمان لە زیندانی ئامەد ژمارد، بۆ نموونە قولەى چاودێری، ژمارەی کامێرای چاودێریی، تەلەکانى ئاگادارکردنەوە، کامێراکانی چاودێریى لەیزەریى هەستیار'مان ژمارد. پاشان گفتوگۆمان دەربارەی تێکشکاندنی ئاستەنگیی و لەمپەرەکانی بەردەممان کرد و بەدیلمان بۆ هەموو شتێک دۆزیەوە. لە ئاکامی هەوڵ و تێکۆشانی ٦ مانگەدا، شەوی ٦ی ئادار، ئێمە لە زیندانی ئامەد هەڵهاتین.

دلێر ئامەد دەستنیشانیشی کرد، کە پاش هەڵهاتنەکەیان خۆیان گەیاندە چیا، لەگەڵ هەڤاڵان لە ئامەد و وتیشی "ئێمە زۆر دڵخۆش بووین کە خۆمان گەیاندە لای هەڤاڵانمان. پاش ماوەیەکی کەم ئێمە خۆمان گەیاندە لای شەهید ئازاد سیسەر و هەڤاڵەکانی. ماوەیەک ئێمە پێکەوە ماینەوە".

ئامەد جەختیشی کردەوە، کە بەهۆی ئەوەی ئەوان پێشتر گەریلا بوون، هەندێک لە هەڤاڵانی ئەوان لە ئەیالەتی ئامەد، هەندێک لە هەڤاڵانی تریان لە ئەیالەتی ئەرزڕۆم دەناسی و وتیشی "ئێمە دەمانویست لەوێ بمێنینەوە، بەڵام هەڤاڵان دەیانویست کە ئێمە بێینە ئەم مەیدانە. بەم شێوەیە ئێمە هاتینە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا".

ر.م