لە کاتی دەستگیرکردندا کوشتیان و تەرمەکەشیان پێ نەدانەوە

کەسوکاری بێسەرشوێنبووەکان و ئیهەدە چیرۆکی قەدری یڵماز-یان گێڕایەوە، کە هێزە ئەمنییەکانى دەوڵەتى تورک لە کاتی دەستگیرکردنیدا کوشتیان و تەرمەکەشیان بە بنەماڵەکەى نەدایەوە.

کەسوکاری بێسەروشوێنبووەکان لە کۆمسیۆنی بێسەروشوێنبووەکان لە لقی کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهەدە) لە ئامەد بۆ ئەوەى بێسەروشوێنبووەکان بدۆزرێنەوە و بکوژەکان دادگایی بکرێن، لەسەر دیجیتاڵ میدیا و لە ٥٩٦هەمین هەفتەى چالاکییەکانیاندا چیرۆکی کەسە بێسەروشوێنکراوەکانیان دەگێڕنەوە.

کەسوکاری بێسەرشوێنبووەکان و ئیهەدە ئەم هەفتەیە چیرۆک و چارەنووسی قەدری یڵمازیان گێڕایەوە، کە لە ساڵی ١٩٩٤ دا پۆلیسەکان ئەویان لە زەماوەندێکدا دەستگیرکرد و بێسەروشوێنیان کرد.

غوربەت یاوز بەڕێوەبەری لقی ئیهەدەی ئامەد رایگەیاند، قەدری یڵماز لە زەمانددا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا. قەدری یڵماز لە ئامەد دەژیا. لە نیسانی ساڵی ١٩٩٤دا چوو بۆ زەماوەندی خزمێکی خۆی. پۆلیسەکان هەڵیانکوتایە سەر زەماوەندەکە، لە لای رەزان بوو و قەدری یڵماز و براکەى قەدری و کەسێکى تر لە ناو زەماوەندەکەدا دەستگیر دەکەن. دواى ئەوە ئیدی هیچ زانیارییەک لەسەر قەدری دەست نەکەوت. بنەماڵەى قەدری یڵماز، کە لە بەرچاوی سەدان کەسەوە دەستگیرکرا و دەبوایە ئازاد بکرایە، سکاڵایان تۆمارکرد و سەردانی بەرپرسانیان کرد.

سەرەتا بەرپرسەکان بە بنەماڵەى قەدرییان راگەیاند، یەڵماز ئازاد دەکرێت. دواى ٨ رۆژ لەو رووداوە لە ناوچەى لیجە ٣ تەرم بران بۆ مزگەوت و دواتر لە چاڵی پشتى خوێندنگەی ئەو ناوچەیە بە ناوی لەیلی کران بە ژێر گڵەوە. دواى ئەوەى بنەماڵەى قەدری یڵماز دوای رووداوەکە کەوتن بۆیان دەرکەوت یەکێک لەو کەسانە، کە قەدری یڵمازە و لەو گۆڕەدا کراوە بە ژێر گڵەوە، بەڵام سەرباری ئەوەش تەرمەکەیان بە بنەماڵەکەى نەدایەوە. بنەماڵەکەیان تاوەکو ئێستاش لە دوی تەرمی رۆڵەکەیانن، بەڵام تەرمەکەیان پێنەدراوەتەوە".

ژ.ت