هێزەکانی گەریلا: هەرێمی برادۆست بێ خاوەن نییە

گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل 'هەپەگە' و یەکینەکانی ژنانی ئازاد 'یەژاستار' دەستنیشانیان کرد، تا دوا هەناسە دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر باشووری کوردستان بەرخۆدان دەکەن و وتیان "هەرێمی برادۆست بێ خاوەن نییە".

بەرخۆدانی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بە ڕێباز و تاکتیکی نوێ لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان بەردەوامە. گەریلای یەژاستار ئارین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەى قۆناغی شۆرشگێڕیی شەهید ئاگری و شەهید پیرۆز چالاکی سەرکەوتوانە ئەنجام دراون. وتیشی، گەریلا ژنەکان بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە هەڵدەستن و بە گوێرەی رۆحی قۆناغەکە دەجوڵێنەوە.

گەریلا ئارین ئەوەشی وت "وەک هێزەکانی یەژاستار هەوڵ دەدەین پێشەنگی چالاکییەکان بین. لەم کاتەدا ئێمە چالاکی گرنگمان ئەنجام داوە. گورزی کوشندە لە هێزەکانی داگیرکەر وەشێنراوە، بە رۆحی فیدایانەوە هەموو هەڤاڵانمان چالاکی لە دواى چالاکی، چالاکیى باشتر و سەرکەوتوانەتریان ئەنجامداوە و ئەنجامیشى دەدەن. بۆ تۆڵەی شەهیدانی خواکوڕک، هەموو هەڤاڵانمان ڕووبەڕووی دوژمن دەبنەوە و گورزی بەهێزە لە هێزەکانى دوژمن دەدەن".

'ئەو جێگایانە دەکەینە دۆزەخ کە ئەوانی لێیە'

گەریلا ئارین دەستنیشانی کرد، بەهۆی چالاکییەکانی ئەمدواییەی هێزەکانی گەریلاوە، ئیدی هێزەکانی داگیرکەر ئەوەیان بینی کە هەرێمەکانی برادۆست و خواکوڕک بێ خاوەن نین و وتی "ئێمە بە ورە و بڕیارداریی مەزنەوە ڕووبەڕووی هێزەکانی دوژمن دەبینەوە. زۆر گرنگە هێزەکانی یەژاستار بە بیر و بڕوای خۆیان بۆ سەرکەوتن، بە شێوەیەکى کاریگەرانە لەناو چالاکییەکاندا رۆڵ دەگێڕن".

لە درێژەی قسەکانیدا، گەریلا ئارین وتیشی "هەموو کاتێک ئامادەین و لە چ ساتێکدا پێویستى کرد بە رۆحی سەرکەوتنەوە دەدەین بەسەر بەسەر دوژمندا. ساڵی ٢٠١٨ دەبێتە ساڵی ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ و سەرکەوتنی گەریلا. ئێمە بەم هۆشیارییەوە ئەو شوێنانەى  کە هێزەکانی داگیرکەر تیادایە، لێیان دەکەینە دۆزەخ".

'هەتا یەک سەرباز بمێنێت، چالاکیەکانمان بەردەوامییان دەبێت'

گەریلای هەپەگە چەکدار ئامەد باسی ئەوەیکرد، ئەوان لەبەرامبەر هێرشەکان بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشووری کوردستان بێدەنگ نابن. چەکدار ئامەد ئاماژەی بەوەش کرد، گەریلا بە ڕێباز و تاکتیکی نوێوە دوژمن دەتەزێنێت.

چەکدار ئامەد لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "من بەشداری چالاکیم کرد لە عەڤدل کۆڤی و چالاکییەکی سەرکەوتوو بوو. ئێمە چووینە ناو سەنگەرەکانی دوژمن. بێ ئەوەی کە هیچ شتێک لەدەست بدەین، گورزی سەختمان لێ وەشاندن. چالاکییەکە زۆر سەرکەوتوو بوو. ئێمە لە چالاکییەکەدا، لە سەنگەرەکانی دوژمندا دەستمان بەسەر چەک و ئامێرەکانیاندا گرت. چالاکییەکانمان بە باشی و بەهێزی زیاترەوە بەردەوامی پێدەدەین. هەتا سەربازێکی دوژمن بمێنێتەوە، چالاکییەکانی ئێمەش بەو ڕێبازانە بەردەوامییان دەبێت. با گەلەکەمان دڵنیابن لەوەی، کە ئێمە لەم کاتەدا ئەرک و کاری خۆمان بەجێدەهێنین".

ر.م