"هەڵمەتى ١ى حوزەیران وەڵامێکى گەورە بوو"

حەمرین دەرسیم ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەى، کە هەڵمەتى ١ى حوزەیرانی ٢٠٠٤ هەنگاوێکى سەربازی بوو، بەڵام لە رووی کۆمەڵایەتى و سیاسییەوە وەڵامێکى گەورە بوو بۆ دەوڵەتى تورکیا.

حەمرین دەرسیم ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە لەبارەى هەڵمەت و قۆناغی پاراستنى چالاکەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا و رایگەیاند، دوای ٦ ساڵ لە ئاگربەست، هەڵمەتی ١ى حوەزیرانی ٢٠٠٤ دەستیپێکرد.

حەمرین دەرسیم لەبارەی هەڵمەتى ١ی حوەزیرانەوە، کە بە ١٥ى ئابی دووەم دەناسرێت وتی "لە دژى هێرشی ناوخۆ و دەرەوە، لە دژى ئەو جموجوڵ و نزیکایەتییەی، کە دەیانخواست بە دەستى خیانەتى ناوخۆیى رێکخستنەکەمان پاکتاو بکەن، بزووتنەوەکەمان بە هەڵوێستی هاوڕێیانى شەهیدمان، وەڵامێکى گەورەى پێدانەوە".

حەمرین دەرسیم ئەوەشى وت، گەریلاکانى کوردستان لە دژى هەوڵە پاکتاوکارانەکان روویان لە چیاکانى باکوورى کوردستان کردەوە و دەستیان بە هەڵمەتى ١ى حوزەیران کرد.

تەنها هەنگاوێکى سەربازی نەبوو

دەرسیم رایگەیاند، هەڵمەتى ١ى حوزەران تەنها هەنگاوێکى سەربازی نەبوو. دەبێت لە هەموو رووەکانەوە وەک هەڵمەتێکى سیاسی و کۆمەڵایەتی ببینرێت و لەوبارەیەوە وتی "١٥ى ئاب بە پێشەنگایەتیى عەگید (مەعسوم کۆرکوماز) دەستیپێکرد. ١ى حوزەیرانیش لەلایەن دەلال ئامەدەوە پێشەنگایەتى کرا و لەو کاتەدا چووە دەرسیم. هەروەها فەرماندە شەڤگەر، فەرماندە ماهیر و سەدان قارمانی تر بە هەڵوێست و رۆحی فیدایانەوە وەڵامێکى گەورەیان بە قۆناغەکە دایەوە. بەو وەڵامە، ئەوەیان بۆ دوژمن سەلماند، کە ئێمە تێکناشکێین، ناڕوخێین و هەرگیز دەستبەرداری ئامانجەکانمان بۆ ئازادی نابین. ئەو رۆحە و ئەو ورەیە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. تێکۆشانی ئێمەش تاوەکو گەیشتن بە ئازادى لە هەموو ئاستەکان و لە هەموو گۆڕەپانەکادا بەردەوامییان دەبێت".

نابێت هەرگیز سەر بۆ فاشیزم دابنەوێنرێت

حەمرین دەرسیم ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە راشیگەیاند، هەڵمەتە مێژوییەکان هەموو گرفت و لەمپەرەکان تێکدەشکێنن و وتیشی "دوژمن دەیەوێت گەلی کورد پاکتاو بکات و بیسڕێتەوە. چارە ئەوە نییە مرۆڤ سەر بۆ ئەو سیاسەتی لەناوبردنەی فاشیزمانە دابنەوێنێت. هەر وەک ١٥ى ئاب و ١ى حوزەیران وەڵامدراوەتەوە، ئەمڕۆش دەبێت بەو رۆحە و گەل بە بێ دوو دڵی وەلام بداتەوە. شەڕی ئازادی شەڕێکى رەوا و مافدارانەیە. لە کوێ بێت، لە چ شارێک، لە چ گەڕەک و وڵاتێک بێت، دەبێت شەڕ و تێکۆشانى ئازادى بەڕێوەببریت. جۆش و خرۆشی ئێمە، ورە و بڕوامان بۆ سەرکەوتن، وایکردووە کە هەرگیز رۆح و ورەمان ماندوێتى نەناسێت".

ر.م