٦٩ پارلمانتەری پەرلەمانی ئەوروپا هۆشداریان دایە تورکیا

٦٩ پارلمانتەری پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەکیان بۆ جۆزێف بۆریل نوێنەری تایبەتی سیاسەتەکانی ئەمنی و کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نارد و داوایان کرد کە دەبێت پشتگیری لە کردەوە نایاسایەکانی ئاکەپە نەکرێت.

لە پەرلەمانی ئەروپا فراکسیۆنی ئازادی سەوزەکان/ئەروپا، فراکسیۆنی سۆسیالیست و دیمۆکرات و چەپی سەوزی ئیسکەندەنافیا و بە گشتی ٦٩ پارلمانتەری چەندین فراکسیۆنی جیاواز، نامەیەکیان بۆ جۆزێف بۆریل نوێنەری تایبەتی سیاسەتەکانی ئەمنی و کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا نارد.

لە نامەکەدا هاتووە:

"سیستمی سەرۆکایەتی تورکیا، بووەتە رێگر لە بەردەم سەربەخۆیی دادگاکان. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی دیمۆکراسی و یەکسانین. هاوسەرۆکی شارەوانیەکانی هەدەپە بە شێوەیەکی نایەکسان لە ئەرکەکانیان دوور خرانەوە و لە پۆستەکانیان "پارێزگار و قەیوم" جێگیر کران. لە هەڵبژارتنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩وە تا ئێستا لە کۆی ٦٥ شارەوانی هەدەپە، دەست بەسەر ٤٦ شارەوانیدا گیراوە.

لە ئەنجامی هێرشەکاندا خەڵکی مەدەنی کوژرا

جگە لە هێرشە ئاسمانیەکانی سوپای دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال و کەمپی مەخمور، بە هۆی ئۆپڕاسیۆنی ١٤ی حوزەیران لە دژی باشوری کوردستان، گومانەکانمان زیادی کردووە. لە ٢٣ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ لە کۆبانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هێرشێکیان ئەنجامدا و چەندین کەسی مەدەنی کوژران و بریندار بوون.

تورکیا ئەندامی ناتۆ و کۆنسەی ئەوروپایە. هاوکات کاندیدی ئەندامبوونی یەکێتی ئەوروپایە. دەبێت ئەو کردەوانەی کە لە دژی نۆرمە دیمۆکراسی و یاسا نێودەوڵەتیەکان ئەنجامی دەدات، پشتیوانی لێنەکرێت. ئێمە بانگەوازی ئەوەتان لێدەکەین کە لە دژی رژێمی ئۆتۆکراسیی ئەردۆغان، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ.

هاوکات نابێت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە دژی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام دەدرێن، بێدەنگ بمێنین.

داواکارین لە کۆمیسیۆن کە جگە لەم هێرش و فشارانە، بۆ کۆتایی پێهێنانی هێرشی دژی یاساکان، هەنگاوی دروستکردنی فشاری ئابوری و هەنگاوی بەپەلە بنرێن."

ز.ش