پاتریک ساکۆ هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی ئیدانە کرد

پاتریکى کلدانی لۆیس رافایل ساکۆ رایگەیاند، هێرشەکانى دەوڵەتى تورک بۆ سەر باشووری کوردستان گەلی کلدان و ئاشووری تیادا کراوەتە ئامانج و ئیدانەیان دەکەین.

سەرۆکی رۆحانی و ئایینی کلدانییەکان، کە بەرزترین ئاست و پلەی ناو کلدانییەکانە بە ناوی پاتریکی کلدانییەکانی بابیل، لۆیس رافایل ساکۆ هێرشەکانى دەوڵەتى تورکی بۆ سەر باشووری کوردستان ئیدانە کرد.

ساکۆ لەبارەی ئەو هێرشانەى دەوڵەتى تورکی بۆ ئاژانسى فەرمیی کڵێسەى کاسۆلی لە ڤاتیکان بە ناوی فیدێس لێدوانی داوە و رایگەیاندووە، دەبێت ئەو هێرشانە رابگیرێن. ئەو ناوچەیەى کە دەوڵەتى تورک بۆردومانی دەکات ناوچەیەکە، کە گەلی مەسیحی و کۆمەڵگەی کلدانی و ئاسوریشی تیادایە و لە هێرشەکانیشدا هاووڵاتییانى مەدەنی کراونەتە ئامانج.

سەرۆکی ئایینی کلدانییەکان باسی هێرشەکانى چەند رۆژی رابردووی کرد، کە ٥ هاووڵاتیی مەدەنیی تیایدا شەهید بوون و رایگەیاند، ئەوان نازانن ئامانجی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک لەو هێرشانە چیە و بێدەنگیی حکومەتى عێراقیشی بەرامبەر ئەو هێرشانە رەخنە کرد.

لۆیس رافایل ساکۆ لە شاری زاخۆ لە باشووری کوردستان لە دایکبووە و لە ساڵی ٢٠٠٣ تاوەکو ٢٠١٣ لە کەرکوک سەرۆکی کڵێسەى کاسۆلییەکان و کلدانییەکان بووە. ساکۆ لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بە ناوی پاتریکی بابیل بوە سەرۆکی رۆحانی و ئایینی، کە ئەوەش بەرزرترین ئاست و پلەى ناو کلدانیەکانە.

ژ.ت