پەیامى کەجەکە بە بۆنەى کۆمەڵکوژیى مەرەشەوە: پێویستە هێزە دیموکراتیکەکان هاوپەیمان بن

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە بە بۆنەى ٤٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى مەرەشەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بۆ ئەوەى رێگری لە کۆمەڵکوژییەکان بکرێت، پێویستە هێزە دیموکراسیخوازەکان هاوپەیمان بن.

هاوسەرۆکایەتیى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند "لە ٤٠هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیى مەرەش، کە لە ٢٤ی کانوونی ١٩٧٨ / ٣ی بەفرانبار ئەنجامدرا، بەڕێزەوە یادی ئەو کەسانە بەرز رادەگرین کە لە کۆمەڵکوژیى مەرەشدا ژیانیان لە دەستدا. بەڵێنیش دەدەین یادیان بە بونیاتنانى تورکیایەکى دیموکراتیک و کوردستانێکى ئازاد بهێنینە دی".

لە راگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە:

"لە ساڵی ١٩٧٨دا مەهەپە، کە ئەمڕۆ هاوپەیمانى ئاکەپەیە، لەگەڵ میلیشیاکاندا دەستى بە کۆمەڵکوژکردنی ژنان، منداڵان، گەنجان، بە تەمەنەکان و سەدان کوردی عەلەویی کرد. کۆمەڵکوژیى مەرەش لە ساڵی ١٩٧٨ بووە هۆی جێبەجێکردنى پلانى 'چاکسازیى رۆژهەڵات' کە لە ساڵی ١٩٢٦ەوە لە تورکیا بۆ رۆژئاوای فورات پلانى بۆ دانرابوو. هەر دواى کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش، لە مەرەش، مەلەتی، سێواس و شار و شارۆچکەکانى تر سەدان هەزار کوردی عەلەوی ناچار بوون کۆچ بۆ گەورە شارەکانى تورکیا بکەن و لەوێشەوە رێگەى میتەوە دیسانەوە ناچار کران روو لە ئەوروپا بکەن. پێش کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش لە ساڵی ١٩٧٨دا لە رۆژئاواى فورات زۆرینەى دانیشتوان کوردانى عەلەوی بوون، بەڵام دواى کۆمەڵکوژییەکە کوردانى عەلەوی بوونە کەمینە. ئەو راستیانە سەلێمنەری هۆکار و پلانى پشت ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییەکەن، بۆ جێبەجێکردنى پلانی پاکتاوکاری و سڕینەوە.

کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش بۆ سڕینەوە بوو

پێش کۆمەڵکوژییەکە کوردانى عەلەوی نەک تەنها لە ناوچە و شار و شارۆچکە و گوندەکان و ناوەندی مەرەش زۆرینە بوون، بەڵکو لە مەرەش زۆربەى بازرگانیش لە دەستى کوردانى عەلەویدا بوو. هێزە فاشیستەکان هەم بۆ ئەوەى کوردانى عەلەوی بسڕنەوە و هەم بۆ ئەوەى کۆتایى بە کاریگەریى بازرگانیى عەلەوییەکانی مەرەش بهێنن، بە پشتیوانیى دەوڵەتى شاراوە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانى کوردان و کۆمەڵکوژییان ئەنجامدا. دەستیان بە تاڵانکردنى کارگەکانى کوردان کرد. پێشهاتەکانی پێش کۆمەڵکوژییەکە و دواى کۆمەڵکوژییەکە بە تەواوی ئەوە دەسەلمێنن، کە کۆمەڵکوژییەکە پلانى پاکتاوکاری و سڕینەوەى کوردان بووە.

کاتێک ئەو هێرشە بۆ سڕینەوە ئەنجامدرا لە کوردستان و تورکیا تێکۆشانی دیموکراسی و شۆڕشگێڕی لە گەشەسەندندا بوو. کوردانى عەلەوی، کە گوشار، نکۆڵیکردن و زوڵمیان لەسەر بوو، چوونە ناو ئەو تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسییەوە. عەلەوییەکان لەبەر ئەوەى کە دەیانزانی تاوەکو  تورکیا بە دیموکراسی نەکرێت و کوردستان ئازاد نەبێت، باوەڕییەکەى ئەوانیش ئازاد نابێت، بۆیە بەشدارییان کرد لە چالاکییەکانی لە ناو تێکۆشانی شۆڕشی دیموکراتیکدا. لە ئەگەری بە دیموکراسیکردنى تورکیادا سیاسەتى نکۆڵیکردن و سڕینەوە کە لە ساڵی ١٩٢٦ەوە کاری پێدەکرا کۆتایى پێدەهات، بەڵام عەلەوییەکان لەبەر ئەوەى بەشداریى تێکۆشانی کۆتایهاتنیان بەو سیستمە کرد، سزا دران.

عەلەوییەکان لەسەر خاکى خۆیان دەرکران

دواى کۆمەڵکوژییەکەى مەرەش، گۆڕینى دیموگرافیا و باری دانیشتوان لە رۆژئاواى فورات و ناوچەکانى کوردانى عەلەوی، بە شێوەیەکى ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو سڕینەوە و پاکتاوکردنى کوردانى عەلەوی بەڕێوەچوو. ئەو راستییانە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنن، کە دەبێت لە دژی کۆمەڵکوژیى مەرەش چ جۆرە تێکۆشانێک بەڕێوەبچێت. بۆ ئەوەش کوردانى عەلەوی، کە لە دواى کۆمەڵکوژیی مەرەش کۆچیانکردووە دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی خۆیان. دەبێت ئەوانەى لە مەرەش، مەلەتی، سێواس، سەمسوور، ئەرزینجان و دێرسیم کۆچیان بۆ گەورە شارەکانى تورکیا و ئەوروپا کردووە بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. هەر کات ئەوە ئەنجامدرا مرۆڤ دەتوانێت وەڵامى ئەو کۆمەڵکوژییە بداتەوە، کە لە مەرەش و لە دژی عەلەوییەکان ئەنجامدراوە.

ئەو کۆمەڵکوژییە تەنها لە دژی کوردانى عەلەوی نەبوو، بەڵکو هاوکات تورکمانە عەلەوییەکانیش کۆچبەر کران. لە سێواس، تۆکات، ئاماسیا، چۆروم و یۆزگار، تورکمانە عەلەوییەکان کۆچیان پێکرا بۆ گەورە شارەکانى تورکیا و تەنها بە تەمەن و بە ساڵاچووە عەلەوییەکانیان لەسەر خاکی خۆیان هێشتنەوە و هەموو پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگەى عەلەوییان لەسەر خاکی خۆیان دەرکرد.

دواى کۆمەڵکوژیى مەرەش لە زۆر ناوچە و شوێن دا لە دژی عەلەوییەکان هێرش ئەنجامدرا و پلان و کۆمەڵکوژیى تریان بەرامبەر ئەنجامدرا. دەبێت سوتاندنی عەلەوییەکان بە زیندوویى لە ساڵی ١٩٩٣ لە ئۆتێل مادیماک وەک بەردەوامیى سیاسەتى سڕینەوە لە دژی عەلەوییەکان سەیر بکرێت. ئەو راستییانە نیشانەى ئەوەن، کە دەبێت عەلەوییەکان لە دژی ئەو هێرشانە بە سیاسەت و سیستم تێبکۆشن.

عەلەوییەکان تەنها لەسەر خاکی خۆیان دەتوانن درێژە بە باوەڕکەیان و بوونی خۆیان بدەن. ئەوەش دەریدەخات، کە دەبێت عەلەوییەکان خاوەنی چۆن بڕیار، هەڵوێست و تێکۆشانێک بن. زۆر گرنگە عەلەوییەکان بەو هۆشمەندییەوە بجوڵێنەوە و تێبکۆشن، کە تەنها لەسەر خاکی خۆیان بە زۆرینەبوونیان دەتوانن درێژە بە عەلەوی بوونی خۆیان بدەن. بۆ ئەوەش دەبێت مرۆڤ نەبێتە خاوەنی ئەو هەڵوێستە هەڵەیە کە دەوترێت، 'خۆ ئیمە کۆچمان بۆ ئەم ناوچانە کردووە، ئیتر دەبێت لێرە و لە ئەوروپا و لە گەورە شارەکاندا ژیانى خۆمان بە رێکخستن بکەین'.

دەبێت هێزە دیموکراسیخوازەکان لە دژی کۆمەڵکوژیى نوێ یەکبگرن

بۆ ئەوەش گرنگە مرۆڤ ببێتە خاوەنی هەڵوێستێکى لەو جۆرە، کە ئامانجی هەموو کۆمەڵکوژییەکان پێچەوانە بکاتەوە. لایەنێکى ئەوەیە، کە مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ سەر خاکی خۆی و لایەنێکى تریش ئەوەیە، کە مرۆڤ چالاکانە بەشداری لە تێکۆشانى دیموکراسیدا بکات. چونکا تاوەکو تورکیا بە دیموکراسی نەکرێت ئەستەمە بتوانن بە ئازادی و بە باوەڕی خۆیان و بە بوون و ناسنامەى خۆیانەوە بژین و درێژە بە ژیانیان بدەن. لەبەر ئەوەش هەڵوێستێک کە گرنگیى تێکۆشانى دیموکراسى نەبینێت و بڵێت، ئێمە تەنها بە تقوسی خۆمانەوە بژین بەسە، هەڵەیە. ئەو عەقڵییەتە هەڵەیە و ماناى ئەوەیە، کە ملکەچی سڕینەوە و پاکتاوکاری بووە. لە دژی کۆمەڵکوژیی مەرەش و هەموو کۆمەڵکوژییەکان یەکگرتوانەترین هەڵوێست ئەوەیە، مرۆڤ چالاکانە بەشداری لە تێکۆشانی دیموکراسیدا بکات. بۆ ئەوەش پێویستە مرۆڤ لەگەڵ هەموو هێزە دیموکراسیخوازەکاندا لە پەیوەندیدا بێت و هاوپەیمانى دروست بکات.

ئاکەپە – مەهەپە هەوڵ دەدەن بە تەواوی عەلەوییەکان بسڕنەوە

ئێستا لە تورکیا و لەسەر بنەمای هاوپەیمانیى ئاکەپە – مەهەپە سیستمێکى فاشیستى دروستکراوە. ئەو سیستمە فاشیستییە درێژە بەو هێرشانە دەدات، کە دەیانخواست عەلەوییەکان بۆ هەمیشە بسڕنەوە. بۆ ئەوەش بەرپرسیاریى مێژوویى ئەوەیە، کە کۆمەڵگەی عەلەوی لە دژی ئەو دەسەڵاتە فاشیستە لەگەڵ هێزە دیموکراسیخوازەکان و دژە فاشیستەکاندا تێکۆشانی هاوبەش بەڕێوەببات. لەو چوارچێوەیەدا ئێمە داوا لە عەلەوییەکان دەکەین، بۆ ئازادیى باوەڕی عەلەوییەکان لە دژی فاشیزم تێبکۆشن. ئێمە لە بزووتنەوەى ئازادیى کوردەوە هەر وەک دوێنێ، ئەمڕۆش بەڵێن دەدەین، کە بۆ ئازادیى باوەڕی عەلەوییەکان تێبکۆشین. لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیى مەرەشدا یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە، کە لەسەر دەستى هێزە پاکتاوکارەکان کوژراون".

ر.م