کرماشان، تەقینەوەی گولـلەتۆپێک ٦ قوربانی لێکەوتەوە

بەهۆی تەقینەوەی گولـلەتۆپێکی پاشماوەی شەڕی٨ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە گوندی شێخ سێلەی سەلاسی باوەجانی سەر بە پارێزگای کرماشان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،٦ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەێک بوونە قوربانی.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، شەوی ڕابردوو کاتژمێڕ ١١:٠٠ لە گوندی شێخ سێلەی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی پارێزگای کرماشان، گولـلەتۆپێکی پاشماوەی شەڕی ئێران و عێراق تەقیوەتەوە.

لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا شەش ئەندامی بنەماڵەێک بوونەتە قوربانی، یەکێکیان دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە و ٥ دیکەش برینداربوون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، کە یەکێک لە ئەندامانی ئەو خێزانە گولـلەتۆپەکەی دۆزیوەتەوە و بردوویەتەوە بۆ ماڵەوە، پاشان گولـەتۆپەکە لە حەوشەی ماڵەکەدا تەقیوەتەوە.

جەلیل فەلاح، گەنجێکی تەمەن ٢٥ ساڵی ئەو بنەمالەیە کە گیانی لە دەستداوە و دایک و چوار منداڵی دیکەی خانەوادەکەش برینداربوون.

بریندارەکانی ئەو ڕووداوە، گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی جوانڕۆ.

شایانی باسە کە ڕۆژانە هاوولاتیانی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات وباشووری کوردستان بە هۆی پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق دەبنە قوربانی.

ک-ش