گوندنشینانی بێدهێ دژ بە فاشیزمی ئەردۆغان ڕاپەڕین

گوندنشینانی بێدهێ کە دەکەوێتە ناوچەی کانی ماسی باشووری کوردستان و لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆمباران کرا، ناڕەزایەتییەکی گەورەیان نیشاندا.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان بەردەوامن. فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا بۆمبارانی گوندی بێدهێی هەرێمی کانی ماسیی باشووری کوردستانیان کرد. بەهۆی ئەو بۆمبارانەوە ئاشی مێژوویی گوندەکەش خاپوور بوو.

لە گوندنشینانی بێدهێ نەسرەدین بێدهێ ناڕازیبوونی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر بۆردومانەکان و دەستنیشانی کرد، بە ساڵان ئەوان لەو گوندەدا دەژین. هەموو ڕۆژێک بە دەنگی بۆمبا و هاوەن خەبەریان دەبێتەوە و وتیشی "دواین جار فڕۆکە جەنگییەکان باخەکانی ئێمەیان بۆمباران کرد. موسوڵمان شتی ئاوا ناکات. ئەگەر موسوڵمان بوونایە لە مانگی ڕەمەزاندا بۆمبارانی باخ و ماڵی فەقیر و هەژارانیان نەدەکرد. قەدەغەیە موسوڵمانان یەکدی بکوژن. بەڵام ئەردۆغان هەموو ڕۆژێک کوردان دەکوژێت. با هەموو کەسێک چیتر ڕووی ڕاستەقینەی ئەردۆغان ببینێت".

بێدەهێ وتیشی "ئاشی مێژوویی گوندەکەمان بەهۆی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیاوە خاپوور بووە. ئێمە بەرهەمی گەنمی خۆمان بەو ئاشە دەهاڕی و هەموو کەس لە گوندەکەدا سوودی لێدەبینی. ئێمە تەنها ئەم ئاشەمان بۆ هاڕینی بەرهەمی گەنم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو ئاشەکە لەڕووی مەعنەوییەوە نرخ و بەهایەکی زۆری لای ئێمە هەیە، کە لە پێشینانەوە بۆمان بەجێماوە. ئەگەرچی ئێمە هەمیشە دەڕۆینە شار، بەڵام بە بەردەوامیش دەگەڕێینەوە گوندەکەمان. ئێمە لەسەر ئەو بەهایانە دەژین کە پێشینانمان بۆیان بەجێهێشتووین. ئاشی گوندەکەمان بەهۆی بۆمبارانی فاشییەکان خاپوور کرا. ئەردۆغان فاشیستە. ئێمە ڕووی دەممان دەکەینە هەموو کەسێک کە بۆ مرۆڤایەتیی تێدەکۆشن و دەڵێین، ئێمە دادپەروەریمان دەوێت".

"بە ڕۆکێتێک مێژووی ئێمەیان لەناوبرد"

عەگید بێدهێی گوندنشینێکی تری گوندی بێدهێی-یە و جەختی لەوە کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ٢٤ کاتژمێر بەسەر سەریانەوە دەخولێنەوە و وتیشی "تەماشا بکەن، ئێوەش دەیبینن، ئەمە ماریفەتی دەوڵەتی تورکیایە کە لەبەر چاوانە. بەم کارە نامرۆڤانەیان ڕووی ڕاستی دەوڵەتی تورکیا ئاشکرا بووە".

عەگید بێدهێی ئاشکراشیکرد، دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر هاووڵاتییانی مەدەنی و بۆمبارانی جێگە و زێدی هاووڵاتییانی مەدەنیی دەکات و وتیشی "پاشانیش دەڵێن 'ئێمە لە گەریلامان داوە'، ئێرە جێگەی ئێمەیە. ئاشی ئێمە، مێژووی ئێمە لێرەیە. ئێستا هەموو شتێکیان لێ تێکداوین. بە ڕۆکێتێک هەموو مێژووی ئێمەیان لەناو برد. ئێمە ئەم بارودۆخە قەبوڵ ناکەین. بانگەوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین، کە دەست وەربدەنە ئەم دۆخە نالەبارە. با دژ بە فاشیزمی ئەردۆغان ڕاپەڕن".

ر.م