ئەنقەرە لەراپۆرتەكەی پەرلەمانی ئەوروپا تۆڕەیە

پەرلەمانی ئەوروپا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر توركیا بڵاوكردەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا راپۆرتی ساڵی ٢٠٢٢ی خۆی لەسەر توركیا بڵاوكردەوە. ئەم راپۆرتە رەخنەی توندی لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی توركیا گرتووە و دەوڵەتی توركیش بەزمانێكی توڕەوە ناوەڕۆكی راپۆرتەكە رەتدەكاتەوە.

لەراپۆرتی پەرلەمانی ئەوروپا ئاماژە بە پێشێلکردنی ئازادیە ئەساسی،  سەركۆتكردنی چالاكوانانی نێوخۆیی و هێرشە دەرسنورەكانی توركیا كردوە و رەخنەی توندی لێگرتووە و رایگەیاندوە؛ توركیا زۆر دوورە لەبەجێهێنانی پەرەنسیپەكانی یەكێتی ئەوروپا.

وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی توركیش لەراگەیەندراوێكی توڕەئامێزدا ناوەڕۆكی ئەو راپۆرتەی رەتكردۆتەوە و ئەو زانیاریانەی بەناراست پێناسە كردوە.

دەوڵەتی تورك لەئێستادا ناڕەحەتە لەبەر ئەوەی كە رەنگە بەهۆی كردەوەكانیەوە لەلایەن رۆژئاواوە گەماڕوی ئابوری بخرێتە سەر. یەكەمین كردەوە سنورداركردنی هەناردە و هاوردەیە بۆ توركیا، ئەوەش كاردانەوەی ناڕەزایەتی بەرهەمهێنەرانی ئاسنی لەتوركیا لێكەوتووەتەوە.

یەكێتی ئەوروپا رایگەیاندوە كە دەبێت رەوانەكردنی كەل و پەلی بەكارهاتووە بۆ ئەو وڵاتانەی پابەندی رێسا و یاساكانی ئۆكۆلۆژی ئەوروپا نین، ببڕدرێت.

ف.ق