بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەری ئارگوس کە تایبەتە بە پرسەکانی پەیوەست بە بواری وزە، شەوی رابردوو عێراق بە فەرمی تورکیای ئاگادارکردووەتەوە لەبارەی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان کە بە بێ رەزامەندی دادگای فیدڕاڵی عێراق هەناردەی تورکیا دەکرا. دادگای دادوەری نێونەتەوەیی سەر بە ژووری بازرگانی نێونەتەوەیی بڕیاریداوە بە بێ رەزامەندی عێراق نەوت بە تورکیا نەفرۆشرێت.
ماڵپەڕەکە پشتی بەو زانیاریانە بەستووە کە لە سەرچاوەی تایبەتەوە وەریگرتوون و ئاماژەی بەوەکردووە کە بەهۆی ئەو بڕیارە گورزێک لە هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان دەدرێت.
هەروەها راگەیەندرا کە تورکیا ئاگادار کراوەتەوە کە ئیتر بە بێ رەزامەندی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق رێگە نادرێت نەوتی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جەیهان بکرێت.
بە بێ رەزامەندی عێراق دەستی بە فرۆشتنی نەوت کردبوو
جێگەی بیرهێنانەوەیە ساڵی ٢٠١٤ دوای تەوابوونی هێڵی گەواتنەوەی نەوتی نێوان هەرێمی کوردستان- تورکیا بە پشتیوانی ئەنقەرە و بە بێ رەزامەندی بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەم بە شێوەی سەربەخۆ نەوتی رەوانەی بەندەری جەیهان کرد. رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی ئەو هێڵەوە هەناردە دەکرا. ئەو هەنگاوە دوای رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان بارزانی و دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هەڵگیرا. ئەوەش بە واتای پێشێلکردنی رێککەوتننامەی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ بوو.
رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نێوان بارزانی و تورکیا بووە هۆی توڕەکردنی بەغدا. عێراق ئەو هەنگاوەی وەک دزی ناودێر کرد و تورکیای بە پێشێلکردنی سەروەری عێراق تۆمەتبارکرد.
ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیا گرێبەستەکانیان لە گەڵ هەرێم هەڵوەشاندەوە
بەهۆی بریاری دادگای فیدڕالی عێراقەوە لە دژی فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێ ژمارەیەکی زۆر کۆمپانیای نەوت گرێبەستەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە. لەو چوارچێوەدا کۆمپانیاکانی ئێکسۆن مۆبیلی ئەمریکی و بەیکر هوگس، کۆمپانیای شلومبێرگەری ئەمریکی و کۆمپانیای ترافیگۆر کشانەوەیان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاشکراکردبوو.
بە بری چەندین ترلیۆن دینار پارەیان لە فرۆشتنی نەوت بە دەستهێناوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئابووری سەربەخۆ لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ٢٠٢١ زیاتر لە یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە. هەر بەرمیلێک نەوت بە شێوەی مامناوەند بە ٥٤ دۆلار فرۆشرابوو. بە گشتی بەهای ئەو نەوتەی فرۆشتبوو زیاتر لە ٦٨ ترلیۆن دینار بووە.
٤٠٠ ملیار دینارەکە رەوانە ناکرێت: خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان نازاندرێت
بەر لە ماوەیەک وەزیری دارایی عێراق تەیف سامی سەبارەت بە نەناردنی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران کرد و پێیراگەیاندبوون، "بە هۆی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵ و نەبوونی داتا لەسەر خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان ناتوانم ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکەم".
دادگای فیدڕاڵی: دەبێت نەوت رادەستی عێراق بکرێت، بودجە لە پشکی گشتی دیاری دەکرێت
بە گویرەی بریارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ئیتر هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە بێ رەزامەندی بەغدا گاز و نەوت بفرۆشێت و دەبێت نەوت رادەستی بەغدا بکرێت. هەر بەگوێرەی بڕیارەکە دەبێت حکومەتی هەرێم هەموو گرێبەستەکان لە گەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بخاتە بەردەست وەزارەتی نەوتی عێراق. هەروەها هەر گرێبەست و رێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی عێراقدا نەبێت دەکرێت هەڵبوەشێندرێتەوە. دەبێت پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیدا دیاربکرێت، ئەوەش بە مەرجی ئەوەی ئەو بودجەیە بۆ فەرمانبەران و هەموو پارێزگاکان تەرخان بکرێت.
داهتی نەوتی ٢٠٢٢ی عێراق
بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا یەک ملیار و ٢٠٨ ملیۆن بەرمیل و ٥٣١ هەزار و ١١٩ بەرمیل نەوت فرۆشراوە. کە بەشێوەی مامناوەند رۆژانە ٣ ملیۆن و ٣١١ هەزار و ٤١٦ بەرمیل نەوت فرۆشراوە. بەو پێیەی یەک بەرمیل نەوت بە تێکڕا بە ٩٥ دۆلار و ٥٣ سەنت فرۆشراوە، کۆی داهاتەکە دەکاتە ١١٥ ملیار و ٤٦٦ ملیۆنو ٢٤٥ دۆلار.
داهاتی نەوتی ساڵی ٢٠٢٢ ی هەرێمی کوردستان
بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی روبین بۆ شەفافیەتی پرۆسەی نەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ١٠ کێڵگەی نەوتی و لە رێگەی ١١ کۆمپانیاوە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڕی ٣ ملیار و ١١٥ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت داهات هەبووە.
هەرێمی کوردستان لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ ١١ ملیۆن و ٨٢٥ هەزار بەرمیل نەوتی لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردە کردووە. هەر بەرمیلێکی بە ٧٠ دۆلار فرۆشتووە، بەم پێیەش داهاتەکەی دەکاتە ٨٣٢ ملیۆن و ٩٥٣ هەزار دۆلار. ٤٦٦ ملیۆن دۆلار تێچووی دەرهێنانە، ٣٦٦ ملیۆن دۆلاریش بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.
بۆ خوێندنەوە هەواڵی ماڵپەڕی ئارگوس لێرە کلیک بکەن.