هاوپەیمانی ژنانی فێمینیستی ئینتەرناسیۆنالیست ڕۆژی چوارشەممە کاتژمێر ١٤:٠٠ لە بەرلین لە گۆڕەپانی فرانکفۆرتەر تۆر کۆدەبنەوە و بەرەو زیندانی ژنان لە لیچتنبێرگ ڕێپێوان ئەنجام دەدەن.
نورێ ئالکش لە پێکهاتەکانی هاوپەیمانییەکەوە و نوێنەری چەتری ئەنجوومەنەکانى ژنانى ئێزدی (سەمەژێ) بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕایگەیاند، بە خەمبارییەوە پێشوازی لە ٨ی ئازاری ئەمساڵ دەکەن و وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆ سەر هەموو ناوچەکانی شەنگال بەردەوامە. هەروەها بومەلەرزەکەی ٦ی شوباتیش ڕوویدا".
ئالکش ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو بۆ ژنان بە ئازار، بە تووڕەیی و بەرخۆدانەوە تێپەڕی و وتی: "بەرخۆدانێکی بێوێنە لە دژی داگیرکاری، هێرش، کۆچبەرکردن و پاکتاوکردن هەبوو. بە بەرخۆدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'ی بزووتنەوەی ژنانی کورد بە هەموو جیهاندا بڵاوبوویەوە".
ئالکش نوێنەری سەمژێ باسی لە گرنگیی چالاکییەکانی ٨ی مارسی ئەمساڵ کرد و ڕایگەیاند، پێش ٨ی ئازار بۆ بەهێزکردنی پشتیوانی و گرنگیی تێکۆشانی ئازادیی ژنان پانێڵ و سیمینار بەڕێوەچوون. ئالکش بۆ ٨ی مارسیش بانگەوازی ئەوە بوو: "دەبێت بەتایبەتی ژنانی کوردی ئێزدی بە جلوبەرگ، ڕەنگ، دەنگ و ئاڵای خۆیانەوە پێشەنگایەتی بۆ ئەم ڕێپێوانە بکەن. ئێمە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'مان هەیە و بە بەرزی دەیڵێینەوە".
ژ.ت