مافی پەنابەرێتیی سیاسی بۆ پەناخوازێک ڕاگیرابوو. هۆکارەکەشی بۆ ئەو تۆمەتانە دەگەڕایەوە، کە دەزگای هەواڵگری بۆ ئەو پەنابەرەیان هەڵبەستبوو. ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی کۆنکرێتی و ڕوونی نەبوو، لەبەر ئەوەش لە دەستەى دۆسیەی بیانییەکاندا سکاڵا لە دژی ئەو ڕاگرتنە تۆمار کرابوو.
دەستەى دۆسیەی بیانییەکان لە ئەنجامی پیاداچوونەوەکانیدا وتی: "پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، بەڵام کەسەکان بەرپرسیارێتییان لە تاوانەکانی جەنگ دا دەمێنێت".
ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، ناتوانرێت بە پاساوی ئەوەى کەسێک لە وڵاتێکدا، کە هاووڵاتییە و هاوکاریی دارایی پەکەکەی کردووە، پەنابەرێتیی سیاسیی هەڵبوەشێنرێتەوە.
لە بڕیاری دەستەکەدا هاتووە، "دەستەکە پشتبەستوو بە سەرچاوەکانی زانیاری لە شوێنەکەدا لەبارەی چۆنیەتی، دروستکردن، رێکخستنکردن و چالاکیی و شێوازەکانی پەکەکە، ئەوەی بۆ روونبووەتەوە، کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ هەموو چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە بکرێت، بە ڕوونی دیارە، کە نابێت وەک تیرۆریست پێناسە بکرێت".
دەستەی دۆسیەی بیانییەکان ڕاشیگەیاند، ئەوان بڕوایان بە بڕیارەکەى دادگای تێهەڵچوونەوەی برۆکسل لەسەر پەکەکە هەیە و وەک ئەو دادگایە بیر دەکەنەوە و پەکەکە بە تیرۆریست نازانن.
دادگای تێهەڵچوونەوە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ بڕیارەکەی دادگای پێداچوونەوەی پەسەند کرد، کە لە ٨ی ئازاری ٢٠١٩دا لەسەر پەکەکە دەریکردبوو. دەزگای دادی بەلجیکی ڕایگەیاندبوو، پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە و نابێت بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان دادگایی بکرێت.
دەستەکە بڕیاری دا، نابێت مافی پاراستنی نێونەتەوەیی ئەو کەسە رابگیرێت، کە سکاڵای لەلایان تۆمار کردووە.
ئەو پەنابەرە کوردە لە ساڵی ٢٠١٢ داوای پەنابەریی کردبوو و دوای ساڵێک داواکەى پەسندکرا، بەڵام کۆمیسیونی سیاسی، کە مافی پەنابەریی سیاسیی بەو پەنابەرە بەخشیبوو ڕایگەیاند، لەسەر ئەو زانیارییانەى دەزگای هەواڵگری پێی داون مافی پەنابەریی سیاسییان لەو پەنابەرە سەندووەتەوە.
سەلما بن خەلیفە پارێزەری ئەو پەنابەرەیە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ڕاگەیاند، ئەوە هێرشێکە بۆ سەر مافی پاراستنی سیاسی و دژی پەیماننامەکانی جنێڤە.
پارێزەر بن خەلیفە ڕاشیگەیاند، ڕەنگە میتی تورک ئەو بانگەشەیەی بە هەواڵگریی بەلجیکا دابێت و وتی: "هیچ بەڵگەیەک نییە، تەنها گومان هەیە. بۆ ئەوەى ئەو پەنابەرە بێزار بکەن لەسەر خواست و داوای تورکیا دەجوڵێنەوە".
بن خەلیفە ئەوەشی ڕاگەیاند، حکومەت و کۆمیساری گشتی دژی بڕیاری دادگان، چونکا دادگا ڕایگەیاندووە، پەکەکە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە.
بن خەلیفە لە کۆتایدا وتی، فەرمانگەی ئاسایشی دەوڵەت لەسەر موەکیلەکەى ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر بە پەکەکە نیشانداوە و وتیشی: "ئەمە سەرەکیترین شت و بابەتە لە دۆسیەکەدا و ئەمەش پڕکێشەترین بابەتە، چونکە ئەوەى هەڕەشەی لە پەیوەندییەکانی بەلجیکا و تورکیا دەکات، دەوڵەتی تورکە نەک پەکەکە".
ژ.ت