بەرخودانی 'ژن، ژیان، ئازادی' لە رۆژی ١٥٦ەمیندا بەردەوامە

بەرخودانی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکردبوو، پێنج مانگی تێپەڕاندووە.

لە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢دا دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز کە لەلایەن پۆلیسی ئاکارییەوە دوای دەستگیرکردنی ژیانی لەدەستدابوو، بە پێشەنگایەتی ژنان لە تارانەوە تا رۆژهەڵاتی کوردستان هاوڵاتیان رژانە شەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ئەو خۆپیشاندانە کە بە ناوی سەرهەڵدانی ژن، ژیان ئازادی بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، پێنج مانگی پڕ کردەوە. سەرباری کوشتن، گرتن، ئەسکەنجە و لەسێدارەدان بەرخودانەکە بەردەوامە.

دوێنێ لە شارەكانی زاهیدان، خاش لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، سەرباری كەشێكی قورسی سەربازی و ئەمنی، بۆ بیستەم هەینی لەسەر یەك، ڕێپێوان و خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەچوون.

خۆپیشاندەران دژی دیكتاتۆریەت، سەركوت و لەسێدارەدان دروشمیان وتەوە و سەرجەم ئەو هەوڵانەشیان ڕەتكردەوە، كە بۆ گەڕاندنەوەی سیستمی پاشایەتی خراونەتەگەڕ.

هاوكات، خۆپیشاندەرانی بەلوچ داوای ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی و كۆتاییهێنان بە هەڵمەتەكانی گرتن و بانگهێشتكردنی چالاكوانانیان كرد.

بەر لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكە، مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زهی، پێشنوێژی مزگەوتی مەكی زاهیدان لە وتاری نوێژی هەینیدا جارێكیتر داوای كردەوە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمێكی ئازادانەوە، خەڵك بڕیار لە سیستمی سیاسی ئێران بدەن.

هەر دوێنێ لە شارەكانی سنە و سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش دژی گرتنی ئەو مامۆستا ئایینیانەی پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران كردووە، گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەچوو.

لە گوندی نەنەڵەی شاری سنەش، هاوشێوە سێ هەینی ڕابردوو گردبوونەوە لە بەردەم مزگەوتی گوندەكە بەڕێوەچوو، تێیدا خۆپیشاندەران وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان بەرامبەر بە سیاسەتی سەركوت و تۆقاندن، كە لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پەیڕەو دەكرێت، داوای دەستبەجێ ئازادكردنی مامۆستا ئیبراهیم كەریمی نەنەڵەیان كرد، كە ماوەی نزیكەی سێ هەفتەیە، بە تۆمەتی پشتیوانی لە خۆپیشاندانەكان، لەلایەن هێزەكانی دەسەڵاتەوە دەستگیركراوە.

هاوكات لە شاری سەردەشتیش، هاوڵاتیان لە دژی دەستگیركردنی مامۆستا فەتحوڵا ڕۆستەمی پێشنوێژی مزگەوتی گوندی مارەغان كۆبوونەوە و داوای ئازادكردنی ئەو مامۆستا ئایینیەیان كرد.

فەتحوڵا ڕۆستەمی، كە یەكێكە لەو مامۆستا ئایینیانەی پشتیوانی لە خۆپیشاندەران و داواكارییەكانیان كردبوو، لە رۆژی ١٤ی شوباتدا و لە كاتی گەیاندنی هاوكاری بە لێقەوماوانی بومەلەرزەكەی شاری خۆی، لەلایەن هێزەكانی دەسەڵاتەوە لە خاڵێکی پشکنین ورمێ دەستگیركرا.

هەر دوێنێ لە شاری گالیكشی سەر بە پاڕێزگای گوڵستان، هاوشێوەی هەینییەكانی ڕابردوو لە دژی دوورخستنەوەی مەولەوی محەمەد حسێن گورگیج، پێشنوێژی شاری ئازادشەهر گردبوونەوە بەڕێوەچوو، تێیدا خۆپیشاندەران پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندان و سەرهەڵدانی ژن، ژیان،ئازادیی دەربڕی.

لە دەرەوەی ئێرانیش پشتیوانییەكان لە سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی بەردەوامە و دوێنێ لە میانی كردنەوەی فستیڤاڵی فیلمی بەرلین، بەشێك لە ژنە ئەكتەرەكان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی-یان بەرز كردەوە.

هەر لە ئەڵمانیا، كە كۆبوونەوەی ئاسایشی میونشن بەڕێوەدەچێت، بڕیارە لە یەكێك لە دانیشتنەكانیدا لە ژێر ناونیشانی “ژن، ژیان، ئازادیی” تاوتوێی خۆپیشاندانەكانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان بكرێت.

هـ . ب