بەشتاش: پێداگیری لەسەر گۆشەگیری زۆرداریە

مەڕاڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پێداگیری لەسەر گۆشەگیری ئیمڕالی لە نایاساییبوون زیاتر، زۆرداریە.

مەڕاڵ دانش بەشتاش سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە راپۆرتی کۆمیتەی رێگریکردن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا (سی پی تی) و راپۆرتی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کرد و وتی، "دەوڵەتی تورک بڕیاری ئەو دەزگا و پەیمانە نێودەوڵەتیەکان رەت دەکاتەوە، بەپێی بڕیارەکان ناجووڵێتەوە و پێداگیری لەسەر نایاساییبوون و ناچارەسەری دەکاتەوە. بەشتاش وتی، "لە سیاسەتی دەرەوەدا، شەڕ و پێدادان و پەیوەندی خراپ بەدی دەکرێت و لە سیاسەتی ناوخۆشدا، گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد و رەتکردنەوەی ئاشتی و چارەسەری بەدی دەکرێت و پەیوەندیان پێکەوە هەیە."

بەشتاش باسی لە چالاکی مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکانی کوردستان و تورکیا بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد کە لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بەردەوامە و وتی، "لە هەر وڵاتێک چالاکی مانگرتن لە خواردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکان هەبێت، واتە ئەو وڵاتە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. لە زیندانەکاندا دۆخی مانگرتن لە خواردن نیشانەی رژێمی تۆتالیتەرە.

بەشتاش لە کۆتایی قسەکانیدا وتی، "ئێمە وەک هەدەپە گۆشەگیری و دۆخی زیندانەکان قبوڵ ناکەین و لەدژی ئەوە تێدەکۆشین. من ئەو مافە بە خۆم نادەم، شیکاری بۆ دۆخی مانگرتووان بکەم، بەڵام وادیارە زیندانیان دۆخی ئیمڕالی و گۆشەگیری قبوڵ ناکەن و دەستیان بە تێکۆشان و بەرخۆدان کردووە. ئەو شتانەی کە روودەدەن وەک دۆخێکی مەترسیدار دەبینن و بۆیەش دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە."

ف.ق