دادگای دەوڵەتی تورک هێرشبەرە نەژادپەرەستەکانی ساکاریای سزا نەدا

دادگای دەوڵەتی تورک بڕیاری "بەدوادانەچوونی"ی بۆ هێرشبەرە نەژادپەرەستەکانی ساکاریا دەرکرد، کە لە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا لە ساکاریا هێرشیان کردبووە سەر کرێکارانی کورد.

دادگای دەوڵەتی تورک لەبارەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "تاوانی هاندانی گەل بۆ رق و کینە و دوژمنایەتی" بۆ ھێرشی نەژادپەرەستەکانی گوندێک و خاوەنکارەکانی باخێکی ساکاریا لە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٠دا بۆ سەر کرێکارانی کوردی خەڵکی شەمرەخی مێردین، بڕیاری بە دوادانەچوونی دەرکرد.

لەیلا کایا، کەمال ئەردەم، نوروڵا عومەر پارێزەرانی کۆمەڵەى پارێزەرانی مێردین و زەفەر کازان سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی پارێزەرانی ساکاریا تانە لەو بڕیارەی دادگا دەدەن.

زەفەر کازان سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەى پارێزەرانی ساکاریا لەگەڵ پارێزەران سەردانی داواکاری گشتیی کۆجالی-یان کرد و لە دوای سەردانەکەیان رایانگەیاند، "لە کاتی هێرشکردنە سەر کرێکارانی کورد دا وترابوو، 'ئێرە وەک مێردین نییە، ئێرە ساکاریایە'. ئەوە جیاکارییە. ئەگەر کرێکارانی دوزجەلی، ئۆردو، ترابزۆن لەوێ بوونایە پێیان دەوتن، 'ئێرە وەک ترابزۆن نییە'، کاتێک ئەوە بە ئاسانی و بە روونی بە کرێکارێکی مێردینی دەوترێت، ئەوە بە روونی یانی جیاکاری. سەرباری ئەو جیاکارییەش بڕیار بە دوادانەچوون بۆ دۆسیەکە دراوە. ئێمە تانە لەو بڕیارە دەدەین".

ژ.ت