دەوڵەتی ئەڵمانیا سیاسەتمەداری کورد عەبدوڵا ئۆجالانی زیندانیکرد
لە ئەڵمانیا بڕیاری زیندانیکردن بۆ سیاسەتمەداری کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرا، کە دوێنێ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و بڕیاری داواکاری فیدراڵی ئەڵمانیا لە شار هیلبۆرن دەستگیرکرابوو.
لە ئەڵمانیا بڕیاری زیندانیکردن بۆ سیاسەتمەداری کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرکرا، کە دوێنێ لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە و بڕیاری داواکاری فیدراڵی ئەڵمانیا لە شار هیلبۆرن دەستگیرکرابوو.
دوای سەردانی هەفتەى رابردووی مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەرلین و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی ئەڵمانیا، گوشارەکانی دەوڵەتی ئەڵمانیا بۆ سەر کوردان زیادیکرد. رۆژی هەینی پۆلیسی ئەڵمانیا لە نورنبێرگ هەڵیکوتایە سەر ماڵی گەلی مەدیا و مەقبوڵە کارتاڵ و دوای ئەو هەڵکوتانە، لە هیلبۆرن هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سەعید ئۆزتورک هاوسەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵگەى کورد (FCK-BW-BAYERN).
پۆلیسی ئەڵمانیا لە هەڵکوتانەکەیدا بۆ سەر ماڵی سەعید ئۆزتورک، سیاسەتمەداری کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان لەسەر سک راکێشا و دەستگیریان کردووە، کە ماوەی ٢ ساڵە لەلایەن داواکاری گشتیی فیدراڵ لە کارلسروه لێکۆڵینەوەى لەبارەوە دەکرێت. لەوبارەیەوە داواکاری گشتیی فیدراڵ راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا هاتووە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەسەر ئۆجالان کردووە و دوای ئەوەى ئەمڕۆ دەستگیرکراوە و براوەتە بەردەم دادگای ئێشکگر بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دەرکراوە.
لێکۆڵینەوە لەسەر سیاسەتمەداری کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەپێی مادەی ١٢٩ب بەڕێوەچووە و بانگەشەی ئەوە کراوە، کە ئۆجالان ئەندامی "رێکخستنی تیرۆریستی بیانییە" و ئۆجالان لە زۆرێک لە شارەکانی باشووری ئەڵمانیادا "بەرپرسی ناوچەیی" پەکەکەیە و بە ناوی پەکەکەوە کار دەکات.
عەبدوڵا ئۆجالان چەندین ساڵە لە دورخراوەیی و دوورە وڵاتیدا دەژی و دوای هەوڵی ژەهرخواردکردنی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە ساڵی ٢٠٠٧دا لە شاری ستراسبۆرگ یەکێک لەو چالاکوانانە بوو، کە دەستی بە مانگرتن کرد و لەگەڵ ١٨ سیاسەتمەداردا بۆ ماوەى ٣٩ رۆژ لە چالاکیی مانگرتندا بوو.
دوای رووداوەکەى ١١ی سپتەمبەری ٢٠٠١ "یاسای دژە تیرۆر" بە ناوی ماددەی "١٢٩ ب" لە ئەڵمانیا دەرکرا تاوەکو ئەندامانی قاعیدە لە ئەڵمانیا دەستگیر و دادگایی بکرێن، بەڵام لەبەر ئەوەى یاساکە "رێکخستنە تیرۆریستییە بیانییەکانیش لە خۆ دەگرێت" بە تێپەڕبوونی کات ئەو یاسایە لە دژی تێکۆشانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان، شۆڕشگێڕانی تورکیا، فەلەستینییەکان، تامیلییەکان و بزووتنەوە چەپ / سۆسیالیستەکان بەکارهێنرا.
دوای ئەوەى لە ساڵی ٢٠١٠دا بە فەرمانی وەزارەتی دادی ئەڵمانیا پەکەکە خرایە چوارچێوەی ماددەی "١٢٩ب" ئیدی لەو کاتەوە بە ئاسانی و بێ هیچ بەڵگەیەک لێکۆڵینەوە لە هاووڵاتییانی کورد دەکەن و هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانیان، شوێنی کارەکانیان، رێکخراوەکانیان و دەستگیریان دەکەن و یەک لەسەر یەک دۆسیە لە دژی کوردان دەکەنەوە. لەو چوارچێوەیەدا نزیکەى ٢٠ سیاسەتمدار و چالاکوانی کورد، کە داوای پەنا و حەوانەوەیان لە ئەڵمانیا کردبوو بە تۆمەتی "تیرۆریزم" دەستگیرکراون و سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.
نووسینگەى مافەکانی ئازادی بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی کوردان لە بواری لێکۆڵینەوە یاساییەکان لە ئەڵمانیا دامەزراوە و رایگەیاندوو، لە ئیستادا لە لێکۆڵینەوە سیاسی و دۆزەکاندا بە گشتی ١١ سیاسەتمەداری کورد سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنراوە. راشیگەیاندووە، دەستگیرکردنەکان و سەپاندنی سزاکان بە پێی کۆمەڵێک تۆمەت ئەنجام دەدەن، کە کۆپی کراون و بەو تۆمەتە کۆپیکراوانە سیاسەتمەدارانی کورد و چالاکوانان دەستگیر و زیندانی دەکەن.
ژ.ت