چالاکیی ئێشکگریی ئازادی بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و نەهێشتنی گۆشەگیری لەسەریان، لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە بە دەستپێشخەری ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا دەستیپێکرد و ماوەی ٥٦٠ هەفتەیە بەردەوامە.
ئێشکگرییەکە هەر هەفتەیەک لەلایەن دەستەیەک لە کوردەکانی ئەوروپا و دۆستەکانیانەوە بەڕێوەدەچێت. ئەم هەفتەیە دەستەیەک لە گەنجانی کورد لە شاری سۆلۆتورنی سویسراوە ڕۆیشتون بۆ ستراسبۆرگ و چالاکییەکە بەڕێوەدەبەن.
ئەندامانی دەستەی ئێشکگری ئەم هەفتەیە بریتین لە سەرجان کلیچ، سەرحەد چەلیک، یەتیش بیرینچی و باران دەمیر.
سەرجان کلیچ بە ناوی گەنجانی ئێشکگرەوە وتی: "ئێمە داوای ئازادی ڕێبەرایەتیمان دەکەین. بۆ ئەوەش ماوەی ١١ ساڵ لێرە چالاکیی ئێشکگری بەڕێوەدەچێت. ئێمە لە شاری سۆلۆتۆرنەوە هاتووین. ئەوانەی ڕێبەرایەتی ئازاد دەکەن، گەنجان. ئامانجمان ئازادکردنی ڕێبەرایەتی و گەلەکەمانە، کە ستەمیان لێ دەکرێت. هەتا ڕێبەرایەتیمان ئازاد نەبێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە چالاکیی ئێشکگریمان".
ژ.ت