چالاکیی ئێشکگریی ئازادی لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠١٢ەوە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بۆ بەدیهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و شکاندنی گۆشەگیری دەستیپێکردووە و چالاکییەکە ماوەی ٥٥٧ هەفتەیە بەڕێوەدەچێت. بۆ بەڕیوەچوونی چالاکیی ئەم هەفتەیە گروپێک لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمساوە ڕۆیشتوون بۆ ستراسبۆرگ و چالاکییەکە بەڕێوەدەبەن.
گروپە ئێشکگرەکەی ڤیەننا پێکهاتوون لە ئۆزان شێخان ئۆغڵو، یەکتان حیلوان و باوکی مەتین کۆبانێ.
وتەبێژی گروپەکە ئۆزان شێخان ئۆغڵو وتی، ئازادیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازادیی هەموو گەلانە و وتیشی، پێویستە هەموو گەلان پێکەوە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکەن. شێخان ئۆغڵو داوای لە یەکێتیی ئەوروپا و کۆمیتەی نەهێشتنی ئەشکەنجە کرد و وتی: "ماوەی ٢٤ ساڵە ڕێبەرایەتیمان گۆشەگیرکراوە، ماوەی دوو ساڵە هیچ هەواڵ و زانیارییەکەمان لەسەری نییە. ئێمە چەندین ساڵە لەبەردەم ئەنجومەنی ئەوروپاداین، بەڵام ئەوروپا لاڵە، نابینێت و دووڕووییە. ئێمە دەمانەوێت دەستبەجێ ئاگاداری و هەواڵمان لە ڕێبەرایەتیمان هەبێت".
شێخان ئۆغڵو بە بۆنەی ڕوودانی بوومەلەرزەکەوە سەرەخۆشی لە گەلی کورد و گەلانی دیکە کرد و داوای لە گەلی کورد کرد، کە پشتگیری لە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە بکەن.
لە کۆتاییشدا شێخان ئۆغڵو وتی: "لە هێڵی ڕێبەرایەتیدا بازنەیەک دروست دەکەین و لە ساڵی ٢٠٢٣دا ڕێبەرایەتیمان ئازاد دەکەین".
ژ.ت