گونای: ئاكه‌په‌ تاوانی شه‌ڕ ئه‌نجامده‌دات، پێویسته‌ هه‌موو كه‌س ده‌نگ هه‌ڵبڕن

وته‌بێژی هه‌ده‌په‌ ئه‌برو گونای سه‌رنجی راكێشا بۆ سه‌ر هێرشه‌ داگیركارییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌- مه‌هه‌په‌ و وتی، "مه‌ده‌نی ده‌كوژرێن". گونای داوای له‌ رای گشتیی كرد له‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی ئاكه‌په‌ بوه‌ستنه‌وه‌.

وته‌بێژی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) ئه‌برو گونای له‌ ناوه‌ندی گشتیی پارته‌كه‌ی كۆنفرانسی رۆژنامه‌نووسی هه‌فتانه‌ی سازكرد و په‌ره‌سه‌ندن و بابه‌ته‌ گه‌رمه‌كانی رۆژی هه‌ڵسه‌نگاند. گونای له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌ تایبه‌تی تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و هێرشانه‌ی توركیا له‌ دژی مه‌خمور، شه‌نگال و رۆژئاوای كوردستان ئه‌نجامیان ده‌دات و هه‌روه‌ها دۆخی زیندانیانی نه‌خۆش و مردنه‌كان له‌ گرتووخانه‌كان.

گونای هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ وته‌بێژی هه‌ده‌په‌ و كاربه‌ده‌ستانی ده‌سه‌ڵات له‌ ژێر ناوی "تیرۆر" ره‌وایه‌تی به‌ هێرشه‌كان ده‌ده‌ن و وتی، "به‌لام هه‌موو كه‌س ده‌زانێت كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌-مه‌هه‌په‌ شوێنی مه‌ده‌نی بۆردومان ده‌كه‌ن. له‌ شوێنه‌ مه‌ده‌نیه‌كان كه‌سانی مه‌ده‌نی كۆمه‌ڵكوژ ده‌كه‌ن. شه‌ڕ و تاوان له‌ دژی مرۆڤایه‌تی به‌رده‌وامه‌. هێرشه‌كان له‌ دژی كه‌سانی مه‌ده‌نی له‌ هیچ شوێنێكی جیهان هه‌رگیز ناتوانن به‌ هیچ پێوه‌رێكی ئه‌خلاقی، یاسایی و سیاسی ره‌وایه‌تی وه‌ربگرن. ئه‌و هێرشانه‌ مایه‌ی قبوڵكردن نین و كه‌س ناتوانێت ره‌وایه‌تیان پێبدات. كۆمه‌ڵكوژی مه‌ده‌نیه‌كان به‌ پێی یاساكان قبوڵكراو نین. ده‌سه‌ڵاتی ئاكه‌په‌ درێژه‌ به‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ ده‌دات".

گونای سه‌رنجی راكێشایه‌ سه‌ر دیداری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆككۆماری ئاكه‌په‌یی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ كۆشكی سه‌رۆككۆماری و به‌م جۆره‌ دووا: " كاتێك هه‌موو ئه‌و هێرشانه‌ ده‌كرێن، حكومه‌تی هه‌رێم بێده‌نگه‌. دوای هێرشه‌كان ده‌ستبه‌جێ نێچیرڤان بارزانی سه‌ردانی توركیای كرد. له‌ كۆشكه‌وه‌ وێنه‌یه‌ك بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌وه‌ وێنه‌ی په‌سه‌ندكردنی هێرشی سه‌ر كوردانه‌. وێنه‌ی قبوڵكردنی سیاسه‌تی شه‌ڕ، دوژمنایه‌تی له‌ به‌رامبه‌ر كوردانه‌. ئه‌وه‌ وێنه‌ی ئاكه‌په‌ و هه‌موو سیاسه‌ته‌كانی شه‌ڕ، له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ و كۆمه‌ڵكوژییه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنوور به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. ئه‌و وێنه‌یه‌ هێمایه‌كی ئاشكرای پشتیوانی شه‌ڕه‌ و هه‌رگیز په‌سه‌ند ناكرێت. لێره‌ روو ده‌كه‌مه‌ حكومه‌ت هه‌رێم، هه‌ڵوێستی خۆتان، هه‌ڵوێستی كوردستانی خۆتان نه‌ك له‌ پێناو سیاسه‌تی شه‌ڕی ئاكه‌په‌، نه‌ك له‌ پێناو دوژمنایه‌تی كوردان، به‌ڵكوو بۆ داهاتوو و ده‌ستكه‌وت و ئاشتی گه‌لی كورد نیشان بده‌ن".

گونای باسی له‌وه‌كرد، به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ هێرش و زۆرداری به‌رده‌وامه‌ و به‌م جۆره‌ دووا: "له‌ به‌رامبه‌ر زمانی كوردی، هه‌م به‌رامبه‌ر به‌ زیندانیانی نه‌خۆش، له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووریش هێرشی دژوار به‌رده‌وامن. له‌دوایین نمونه‌دا هێرشكرایه‌ سه‌ر شه‌نگال، مه‌خمور و دێرك. ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و هێرشانه‌، بۆردومانه‌كانی ئاكه‌په‌- مه‌هه‌په‌ ئه‌و كاره‌ی داعش ته‌واوی نه‌كردووه‌ ده‌یانه‌وێت كرده‌وه‌كان داعش ته‌واو بكه‌ن. ده‌یانه‌وێت تۆڵه‌ی داعش بستێننه‌وه‌. له‌ هیچ شوێنێكی جیهان هێرش بۆ سه‌ر ناوچه‌ی مه‌ده‌نی نشین قبوڵكراو نییه‌. هیچ ئه‌خلاق و سیاسه‌تێك ئه‌و هێرشانه‌ قبوڵ ناكات و هیچ كه‌س ناتوانێت ئه‌و هێرشانه‌ به‌ ره‌وا نیشان بدات. ئه‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتدا تاوانی شه‌ڕه‌. ئاكه‌په‌ تاوانی مرۆڤایه‌تی ئه‌نجام ده‌دات".

گونای ئاماژه‌ی به‌ دۆخی گرتوخانه‌كان و ئه‌و مردنانه‌ كرد كه‌ رووده‌ده‌ن و وتی، "دۆخی گرتووخانه‌كان رۆژ له‌ دوای رۆژ خراپتر ده‌بێت. ئاكه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ گرتووخانه‌كانیان كردووه‌ به‌ شوێنی كوشتن و ئه‌شكه‌نجه‌خانه‌. له‌ دوایین نمونه‌دا له‌ زیندانی بۆڵۆ زیندانی نه‌خۆش محه‌مه‌د حه‌نه‌فی بیلگین ژیانی له‌ده‌ستدا. دواتر تورگای ده‌نیز ژیانی له‌ده‌ستدا. هه‌ردووكیشیان زیندانی نه‌خۆش بوون. محه‌مه‌د حه‌نه‌فی بیلگین 29 ساڵ له‌ زینداندابوو، پێنج مانگی مابوو ئازاد بكرێت، به‌داخه‌وه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی رووداوه‌كانیش ده‌سه‌ڵات زیندانیه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ی به‌رنه‌دا، ته‌رمه‌كه‌ی دایه‌وه‌ به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی. ئێمه‌ ئه‌و كرده‌وه‌ و مامه‌ڵه‌كردنه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران قبوڵ ناكه‌ین. ئێستا له‌ وان و ئامه‌د بنه‌ماڵه‌ی زیندانیان له‌ ئێشكگری دادپه‌روه‌ریدان. داوا له‌ رای گشتیی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیار بن. پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئایسه‌ڵ توغڵوك و زیندانیانی نه‌خۆش ئازاد بكرێن".

هـ . ب